وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەكە بە روی گەشتە ئاسمانییەكاندا كراوەیە و گەشتەكانیش لەگەڵ ئێران بەردەوامە.
مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاندووە، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن كە ئاسمانی عیراق بەروی گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران داخرابن، دورن لە راستیەوە و جەختیكردوەتەوە لەوەی كە گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ ئێران و سەرجەم وڵاتانی تریش بەردەوامن، رونیشیكردوەتەوە گەشتەكان لەگەڵ ئێران لەلایەن كۆمپانیا و عیراقی و ئێرانیەكانیشەوە بە چالاكیی بەرێوەدەچن.
ئەوە لەكاتێكدایە لە چەند میدیایەكی عیراقییەوە بڵاوكرابوەوە كە بەهۆی خۆپیشاندان و ئالۆزییەكانی ئێران و هەرەشەكانی ئەمریكاوە، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان عیراق و ئێران راگیراوە.
وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند ، لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەماهەنگی باڵایان هەیە بۆ بەرێوەبردنی یەدەگی ئاوی نیشتمانیی.
ویسام خەلەف بەرێوەبەری گشتی بەنداوەكان لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاندووە ، هەماهەنگییەكی بەردەوامیان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری هەرێمی كوردستان هەیە، بەو پێیەی یەدەگی ئاوی بەنداوەكانی هەرێم بەتایبەت بەنداوی دەربەندیخان و دوكان بەشێكی گرنگی یەدەگی ئاوی نیشتمانین.
ئاماژەی بەوەشكردوە، كۆبوونەوەی بەردەوام لە نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمدا هەیە بۆ ئامادەكردنی پلانی كارپێكردنی بەنداوەكان، جگە لەوەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی ڕۆژانە بۆ هەماهەنگیكردن لەبارەی بەردانەوەی ئاو و چارەسەركردنی هەر ئاستەنگێكی تەكنیكی هەیە ، بەو پێیەی بەنداوەكانی هەرێم بەشێكن لە سیستمێكی یەكگرتووی پڕۆژەكانی كۆگاكردنی ئاو لە عێراقدا.
ئەمانەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، وردەکاریی قۆناغەکانی نۆژەنکردنەوەی پرۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریەی راگەیاند، کە بڕیارە هۆتێلێک و چەند باڵەخانەیەک لەخۆبگرێت و ساڵانە توانای پێشوازیکردنی لە 750 هەزار گەشتیار هەبێت.
حەیدەر مەجید، وتەبێژی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە، رێژەی تەواوکردنی کارەکان لە پرۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریە گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، پرۆژەکە بە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەکان دادەنرێت کە دەبێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی ئابووری و خزمەتگوزاری لە پارێزگای زیقار و بەهێزکردنی پێگەی پارێزگاکە لەسەر نەخشەی گواستنەوەی ئاسمانی.
سەبارەت بە پێکهاتەی پرۆژەکە، وتەبێژەکە روونیکردەوە کە فڕۆکەخانەکە باڵەخانەی تایبەت بە گەشتیاران لەخۆدەگرێت کە توانای وەرگرتنی 750 هەزار گەشتیاری هەیە لە ساڵێکدا و پلان هەیە لە داهاتوودا فراوانتر بکرێت، جگە لەوەش هۆڵێکی تایبەت بە گەورە بەرپرسان و تاوەری چاودێری بە نوێترین ئامێری دەریاوانی و هۆتێلێکی چوار نهۆمی و بەشی کارگۆ و خزمەتگوزارییە زەمینی و ئاسمانییەکانی تێدایە.

سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیرانی پێشوو کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی کردەوە، بۆ ئەوەی حکومەتێک پێکبهێنرێت کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی هەبێت.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەغداد پێشوازی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق کرد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دواین پێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەییەکان کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پتەوکردنی لێکتێگەیشتنە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەرکردنی "پابەندبوونە دەستوورییەکان" و خۆشکردنی زەمینە بۆ قۆناغی داهاتوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لەتیف رەشید و حەیدەر عەبادی جەختیان کردەوە کە دەبێت حکومەتێک پێکبهێنرێت توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستای هەبێت و کار بۆ بەدیهێنانی داواکاری و خواستەکانی هاووڵاتیان بکات.
سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لەبەغداد، چاوی کەوت بە سەرۆکی موحسین مەندەلاوی سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عیراقی.
لە میانی دیدارەکەدا باس لەسەرجەم پێشهات و گفتوگۆکانی گۆڕەپانی ناوخۆییان کرد، بۆ یەکلاییکردنەوەی پابەندبوونە دەستورییەکان لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا، سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی یەکخستنی دیدگەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا کردەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتن بەکۆدەنگی نیشتمانی و تەواوکردنی شایستە دەستورەییەکان و پاڵپشتی سەقامگیری سیاسی لەوڵاتدا.
لەلای خۆیەوە موحسین مەندەلاوی، ستایشی رۆڵی سەرۆک کۆمار و پابەندبوونیانی بە پشتیوانیکردنی ئاراستەی سەقامگیری سیاسی و چەسپاندنی لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزەکانی نیشتمانییدا کرد و پەرۆشی و هەوڵەکانی هاوپەیمانی ئەساسی دووپاتکردەوە بۆ گەیشتن بەو ئەنجامانەی کە ببنە هۆی جێبەجێکردنی ئەو شایستە دەستورییانەی کە ماونەتەوە لەسەر بنەمای کۆدەنگی و هاوبەشی نیشتمانی.
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق دەڵێت، نرخی سەوزە لە بازاڕەكانی ناوخۆ جێگیرە و بەرز نەبووەتەوە و هاوردەكردنی مریشكی بەستووش قەدەغە دەكرێت.
زیاد تارق بەڕێوەبەری بەشی چاودێری نرخەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، نرخی سەوزەكان لە بازاڕەكانی ناوخۆ جێگیرە و هیچ بەرزبوونەوەیەكی بەخۆوە نەبینیوە، بەتایبەتیش سەوزە سەرەكییەكان، بەردەوامیش چاودێری بازاڕ دەكەن بۆ گرەنتیكردنی بەردەوامیی سەقامگیری نرخ و لە ئێستاشدا لە گفتوگۆدان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە ناردنی بەرهەمی تەماتە لە هەرێمەوە بۆ ناوچەكانی تری عیراق، چونكە بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی تەماتە لە هەردوو پارێزگای بەسرە و كەربەلا، گەیشتوونەتە خود بژێوی و پێویستیان بە بەرهەمی تەماتەی هەرێم نییە.
لەبارەی هاوردەكردنی مریشكیش دەڵێت، ئەنجومەنی وزاری ئابوری داواكارییەكی داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ رێگیركردن لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو لە دەرەوە، بڕیاریشە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی داواكارییەكە بكات و لە ئەگەری پەسەندكردنیشیدا دەبێتە بڕیار و رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت، هۆكاری ئەو هەنگاوەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە بەرهەمهێنانی ناوخۆ لە مریشك پێداویستی بازار پڕ دەكاتەوە.
حزبوڵای عیراق هەڕەشە دەكات و دەڵێت وەڵامی هەر هێرشێك دەداتەوە كە ئەمریكا بۆ سەر ئێران ئەنجامی بدات.
ئەبو حسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتی حزبوڵای عیراقی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە ئێستادا ململانێیەكی نوێ لە نێوان هەردوو بەرەی رەوا و ناڕەوا هەیە و بەرەی رەوا پرەنسیپەكانی روونە و بەرەی ناڕەواش هەموو جیهان دەیناسێت و ئەو تاوانانە دەزانێت كە بەرامبەر گەلانی ئازاد ئەنجامی دەدات.
دەشڵێت، لە ئێستادا بەرەی ناڕەوا چەندین ئامادەكاری دەكات بۆئەوەی ئێران بكاتە ئامانج و بە ئەركی ئەخلاقیی خۆیانی دەزانن لە پشت گەلی ئێرانەوە بوەستن و بەرگری لێ بكەن، دوپاتیشیكردووەتەوە، وەڵامیان بۆ هەر هێرشێك دەبێت كە ئەمریكا دژی ئێران ئەنجامی بدات.
سەرۆك كۆمار و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كۆبونەوە و جەختیان لە گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی كردەوە.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی.
لە دیدارەكەدا باس لە دواین پێشهاتەكان كرا و جەخت لە گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە وڵات كرایەوە.
سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستیی پاڵپشتیكردنی دامەزراوە نیشتمانییەكان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوانیان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی ئێستا، بەجۆرێك كە ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاسایش و بەدیهێنانی خواستی عیراقییەكان بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان.
هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵانە دوپاتكردەوە كە ئامانجیان پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتمانییە. لەبەرامبەردا فالح فەیاز ستایشی هەڵوێست و پشتیوانیی سەرۆك كۆماری كرد بۆ دامەزراوە ئەمنییەكان.
سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغداد كۆبونەوە و تاوتوێی رەوشی ئەمنی و سیاسیی وڵاتیان كرد.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە.
لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی عیراق كرا و هەوڵی هێزە نیشتمانییەكان بۆ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری خرایەڕوو، ئەوەش لەپێناو بەردەوامیدان بە پرۆسەی بونیاتنان و گەشەپێدان لە سەرجەم پارێزگاكان.
هەروەها جەختكرایەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان و پەلەكردن لە تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستورییەكان، بەمەبەستی بەهێزكردنی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی سیاسی و دەستەبەركردنی داهاتوویەكی ئارام و گەشەسەندوو بۆ وڵات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرنووسەرو رۆژنامەنووسان و کارمەندانی رۆژنامەکە دەکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار
بەڕێزان سەرنووسەرو رۆژنامەنووسان و کارمەندانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ
بە بۆنەی (٣٥)هەمین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەم و ئاواتەخوازم هەمیشە لە پێشكەوتندا بن و بەردەوام بن لە خزمەتكردنی رەوتی رۆژنامەگەری كوردی.
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، سەرەڕای ئاستەنگ و ئاڵەنگاریەکان، هەمیشە، رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەك رۆژنامەیەكی رۆژانە بەردەوام بووە و شوێنی پێگەیاندنی دەیان و سەدان رۆژنامەنووسی بەتوانا بووەو مینبەری گەیاندنی حەق و راستی بووە.
لە (٣٥)هەمین ساڵیادی دەرچوونیدا، ئومێد دەكەم وەك هەمیشە كوردستانی نوێ رۆژنامەی هەمووان بێت و مینبەری دەنگی ئازادو بۆچوونە جیاوازەكان بێت، لەپاڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان و گەشەسەندنی میدیای دیجیتاڵی، هیواخوازم بەخۆگونجاندن لەگەڵ پێشكەوتنەكان بەپاراستنی ناسنامە رەسەنەكەی بەردەوام بێت و وەك هەمیشە دەنگی دلێری سەرجەم كوردستانیان بێت.
شاد و سەرکەوتو بن
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆماری عێراق
٢٠٢٦/١/١٢
وەزارەتی پەروەردەی عیراق بەهۆی دۆخی ئێرانەوە، بڕیاریدا بە كارئاسانیكردن بۆ ئەو خوێندكارانەی دەگەڕێنەوە عیراق و رێگە دەدات لە نزیكترین قوتابخانە تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ ئەنجام بدەن.
بەپێی نوسراوێكی لیژنەی هەمیشەیی تاقیكردنەوەكان لە وەزارەتی پەروەردەی عیراق، كە ئیمزای حسێن سەبری اللامی، سەرۆکی لیژنەکەی لەسەرە، ئاماژە بەوەكراوە بەهۆی ئەو روداوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران پێیدا تێدەپەڕێت، بڕیاردراوە تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ بۆ سەرجەم ئەو خوێندكارانە دەستەبەر بكرێت كە دەگەڕێنەوە عیراق.
بڕیارەكە ئەوەشی رونكردۆتەوە، تاقیكردنەوەكان لە نزیكترین قوتابخانە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندكارەكان ئەنجام دەدرێت.
لە نوسراوەكەدا ئەوەش هاتووە، لە ئەگەری ئەوەی خوێندكارەكان نەتوانن لە ئێستادا تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ ئەنجام بدەن، رێگەیان پێدەدرێت لەگەڵ خوێندكارانی دواكەوتوو لە هەفتەی دووەمی دەستپێكردنەوەی دەوامی رەسمی لە دوای پشووی بەهارە، تاقیكردنەوەكان ئەنجام بدەن.
نوسراوەكە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە لە سەرجەم پارێزگاكان كراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان.
وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، قەیرانی غازی ماڵان كاتییە و بەمنزیكانە هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن.
رافد سادق بەڕێوەبەری راگەیاندنی دابەشكردنی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی یەكێك لە بۆریەكانی گەیاندنی غازی ماڵان پێویستی بە چارەسەكردنی خێرا هەبووە، ناچاربوون پەنا ببەنەبەر ئەو غازە یەدەگەی كۆگاكراوە، بەڵام بەو رێگایەش نەتوانرەوە وەك پێویست غاز بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.
وتیشی، لە ئێستادا تا رادەیەك ئەو كێشەیە چارەسەركراوە و لە چەند رۆژی داهاتووشەوە دابینكردنی غازی ماڵان بە تەواوی ئاسایی دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر بەكارهێنانی غاز زۆر زیادیكردووە و رۆژانە تەنها لە بەغداد پێویستیان بە 120 بۆ 180 هەزار بتڵی غاز هەیە بۆئەوەی پێداویستی رۆژانەی هاووڵاتیان پڕ بكەنەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، چەند رێكارێكی گرتووەتەبەر بۆ رێكخستنی هاوردەكردنی بەروبومی كشتوكاڵی و پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی.
مەهدی جبوری بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، وەزارەت چەند رێكارێكی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و لەو چوارچێوەیەشدا رۆژژمێری كشتوكاڵی داناوە و جێبەجێی دەكات كە لەو رێگەیەوە رێگە بە هاوردەكردن یاخود قەدەغەكردنی بەروبومی كشتوكاڵی دەدرێت
دەشڵێت، وەزارەت چاودێری نرخی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانە دەكات و بڕیار لەسەر پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی و هەناردەكردنی زیادەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانە دەدرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوون، دۆخی گشتیی عیراق و ناوچەکە خرایەبەر باس.
هەردوولا جەختیان لە خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق و داڕشتنی پرۆژەیەکی نیشتمانی بۆ کارنامەی حکومەت کردەوە کە بنەماکەی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان بێت.
مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق رەتیدەكاتەوە دەستوەردان بكات لە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە.
محەمەد رەزا كوڕی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق رایگەیاند، باوكی بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان ناكات لە دیاریكردنی كاندیدی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی داهاتوو و پەیوەندییان بەو بابەتەوە نییە و دەیانەوێت سەركردەكانی چوارچێوە سەربەخۆ كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، شەوی رابردوو راگەیەنراوێك بڵاوكرایەوە و باس لەوەكراوبوو راوێژ بە مەرجەعی باڵا كراوە و نوری مالیكی كاندیدی سەرۆك وەزیران بێت.
عەباس بەیاتی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆپۆستی سەرۆك وەزیران رێككەتوون.