سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیرانی پێشوو کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی یەکڕیزیی نیشتمانی کردەوە، بۆ ئەوەی حکومەتێک پێکبهێنرێت کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی هەبێت.

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە، لە بەغداد پێشوازی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق کرد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دواین پێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەییەکان کرا.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پتەوکردنی لێکتێگەیشتنە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەرکردنی "پابەندبوونە دەستوورییەکان" و خۆشکردنی زەمینە بۆ قۆناغی داهاتوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، لەتیف رەشید و حەیدەر عەبادی جەختیان کردەوە کە دەبێت حکومەتێک پێکبهێنرێت توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستای هەبێت و کار بۆ بەدیهێنانی داواکاری و خواستەکانی هاووڵاتیان بکات.