سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغداد كۆبونەوە و تاوتوێی رەوشی ئەمنی و سیاسیی وڵاتیان كرد.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆمار لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە.

لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی عیراق كرا و هەوڵی هێزە نیشتمانییەكان بۆ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری خرایەڕوو، ئەوەش لەپێناو بەردەوامیدان بە پرۆسەی بونیاتنان و گەشەپێدان لە سەرجەم پارێزگاكان.

هەروەها جەختكرایەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەكان و پەلەكردن لە تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستورییەكان، بەمەبەستی بەهێزكردنی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی سیاسی و دەستەبەركردنی داهاتوویەكی ئارام و گەشەسەندوو بۆ وڵات.