ئەمانەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، وردەکاریی قۆناغەکانی نۆژەنکردنەوەی پرۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریەی راگەیاند، کە بڕیارە هۆتێلێک و چەند باڵەخانەیەک لەخۆبگرێت و ساڵانە توانای پێشوازیکردنی لە 750 هەزار گەشتیار هەبێت.

حەیدەر مەجید، وتەبێژی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی راگەیاندووە، رێژەی تەواوکردنی کارەکان لە پرۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسریە گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، پرۆژەکە بە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەکان دادەنرێت کە دەبێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی ئابووری و خزمەتگوزاری لە پارێزگای زیقار و بەهێزکردنی پێگەی پارێزگاکە لەسەر نەخشەی گواستنەوەی ئاسمانی.

سەبارەت بە پێکهاتەی پرۆژەکە، وتەبێژەکە روونیکردەوە کە فڕۆکەخانەکە باڵەخانەی تایبەت بە گەشتیاران لەخۆدەگرێت کە توانای وەرگرتنی 750 هەزار گەشتیاری هەیە لە ساڵێکدا و پلان هەیە لە داهاتوودا فراوانتر بکرێت، جگە لەوەش هۆڵێکی تایبەت بە گەورە بەرپرسان و تاوەری چاودێری بە نوێترین ئامێری دەریاوانی و هۆتێلێکی چوار نهۆمی و بەشی کارگۆ و خزمەتگوزارییە زەمینی و ئاسمانییەکانی تێدایە.