سەرۆک کۆماری عیراق: رۆژنامەی کوردستانی نوێ مینبەری گەیاندنی حەق و راستی بووە
سام
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرنووسەرو رۆژنامەنووسان و کارمەندانی رۆژنامەکە دەکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار
بەڕێزان سەرنووسەرو رۆژنامەنووسان و کارمەندانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ
بە بۆنەی (٣٥)هەمین ساڵیادی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەكەم و ئاواتەخوازم هەمیشە لە پێشكەوتندا بن و بەردەوام بن لە خزمەتكردنی رەوتی رۆژنامەگەری كوردی.
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، سەرەڕای ئاستەنگ و ئاڵەنگاریەکان، هەمیشە، رۆژنامەی كوردستانی نوێ وەك رۆژنامەیەكی رۆژانە بەردەوام بووە و شوێنی پێگەیاندنی دەیان و سەدان رۆژنامەنووسی بەتوانا بووەو مینبەری گەیاندنی حەق و راستی بووە.
لە (٣٥)هەمین ساڵیادی دەرچوونیدا، ئومێد دەكەم وەك هەمیشە كوردستانی نوێ رۆژنامەی هەمووان بێت و مینبەری دەنگی ئازادو بۆچوونە جیاوازەكان بێت، لەپاڵ پێشكەوتنە تەكنەلۆژییەكان و گەشەسەندنی میدیای دیجیتاڵی، هیواخوازم بەخۆگونجاندن لەگەڵ پێشكەوتنەكان بەپاراستنی ناسنامە رەسەنەكەی بەردەوام بێت و وەك هەمیشە دەنگی دلێری سەرجەم كوردستانیان بێت.
شاد و سەرکەوتو بن
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆماری عێراق
٢٠٢٦/١/١٢



