داهاتە نانەوتیەكانی عیراق لە ساڵی 2025دا زیادیكردوە و لە 12% بودجەی گشتی عیراق پێك هێناوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، داهاتی نانەوتی لە عیراق لە ساڵی رابردوودا زیادبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە نزیكەی 12%ی كۆی بودجەی گشتی ساڵی 2025، ، لەكاتێكدا لە ساڵانی ڕابردوودا 7% بووە.
پێشتر دەستەی گشتی گومرگەكانی عیراق رایگەیاندبوو داهاتی ئەمساڵی خاڵە سنوریەكان و گومرگیەكان، دوو ترلیۆن و 530 ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت لە هەوڵدەدات، داهاتی نانەوتی بۆ 20%ی كۆی بودجەی گشتی بەرزبكاتەوە لەرێگەی هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
جەختلەوەشكردوە، كورتهێنانی بودجە كورتخایەنە و نابێتە رێگر لەبەردەم پرۆسەی گەشەپێدان. وتیشی: تا رادەیەكی زۆر ئەو كورتهێنانە پەیوەستە بە هەڵاوسانی نرخی نەوتەوە.
وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی هاوردەكردنی غازی ئێران لە ئایندەیەكی نزیكدا.
وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، لایەنی ئێرانی لە پەیامێكی لەبارەی هەناردەی غاز بۆ ناردوون و ئاماژەی بەوەكردووە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەكانی گەرما و زیادبونی پێویستی لەسەر غاز لە ناوخۆیی ئێران بە نیازنین دەست بە هەناردەی غاز بكەنەوە بۆ بەغداد.
عیراق لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو، هەناردەی غازی ئێران بۆ عیراق وەستاوە ئەمەش بووەتەهۆی لە كاركەوتنی چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا و كەمكردنەوەی.
دەشڵێت، بەهۆی راگیرانی هاوردەی غازی ئێرانەوە بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی نزیكەی چوار هەزار و 500 مێگاوات كەمبووەتەوە و غازی ئێران نزیكەی 40٪ی كارەبای عیراق دابین دەكات.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار پێشوازیکرد لە شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە سەرۆکی ئەنجومەنی رابوونی عیراق و جەختیان لە گرنگی یەکڕیزی ناوخۆیی و پتەوکردنی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە، سەرۆکی ئەنجومەنی رابوونی عیراق کرد.
لەمیانی دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی وڵات کرا و تێیدا جەختیان لەگرنگی یەکڕیزی ناوخۆیی و پتەوکردنی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی کردەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەت.
حکومەتێک، کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەل بکات و توانای ڕروبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عیراقی هەبێت لە داهاتوودا.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی تاوتوێكردنی داهاتە نانەوتییەكان كۆببێتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بكات.
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكەی ئەمرۆی ئەنجومەنی نوێنەران، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە تەرخانكراوە بۆ تەواوكردنی گفتوگۆ گشتییەكان دەربارەی سەرچاوەكانی داهاتی نانەوتی لە عیراق.
بەكارنامەی كۆبونەوەكە ، لە بارەی ئەو بابەتەوە سێ لێپرسراوی باڵای حكومەت بانگهێشت كراون كە بریتین لە سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان و بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی باجەكان و بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی گومرگ ئامادەی دانیشتنەكە دەبن.
چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق کاندیدکرد و سودانیش کشایەوە.
عەباس بەیاتی سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا بە كوردسات نیوزی راگەیاند: چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالیكی بە تاكە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق كاندید دەكات.
وتیشی، كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لە نێوان نوری مالكی و محەمەد شیاع سودانی و لایەنێكی سێیەمی نەناسراو ئەنجامدراوە.
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا محەمەد شیاع سودانی لە ركابەریكردن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق پاشەكشەی كردووە.
راشیگەیاند، بە زۆرینەی دەنگی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاردراوە نوری مالیكی ببێتە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عیراق.
هاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی هەفتانەی سەركردەكانی چوارچێوە لە نوسینگەی موحسین مەندەلاوی ئەنجامدراوە و لە كەشێكی ئەرێنیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەكان كراوە بە تایبەت پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران.
خانمی یەكەمی عیراق دەلێت، جیهان لە پرسی ئاشتیدا گیرۆدەی دووڕووییەكی نێودەوڵەتیە چونكە دژبەیەكیەكی قووڵ هەیە لەنێوان دروشمی بریقەداری ئازادی و ئەو واقیعە خوێناویەی لە جیهان هەیە، بەتایبەتیش لە حەلەب.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، لە وتارێكی نوێیدا كە پێگەی سی ئێن ئێن عەرەبی بڵاویكردووەتەوە و وەك داكۆكیكاری مافەكانی مرۆڤ ناویبردووە، رایگەیاندووە، جیهان گیرۆدەی راستییەكی تاڵە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەویش ئەوەیە "ئاشتی" بووەتە كاڵایەكی سیاسی و قوربانیی یەكەمی ئەو گەمەیەش، تەنها خەڵكی مەدەنین.
خانمی یەكەم لە وتارەكەیدا باس لەوە دەكات، لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ قوبرس، لە چركەساتێكی پڕ هەست و سۆزدا و لەكاتی چڕینی سرودی ئازادیدا، فرمێسك لە چاوەكانی قەتیس بوون، چونكە سرودەكە باس یەكڕیزی و هیوا دەكات بۆ دوورگەی قوبرس كە نیو سەدەیە بەدەست دابەشكارییەوە دەناڵێنێت، هەروەها لە كاتێكدا لە شوێنێك پیرۆزبایی ئاشتی دەكرێت، لە شوێنێكی تری وەك حەلەب لە سوریا، خەڵكی كوردی مەدەنی و كەمینەكان لەژێر بۆردومان و گەمارۆدا بەربەرەكانێ لەگەڵ مەرگ دەكەن.
هەر لەو وتارەدا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بە راشكاوی رەخنەی لە سەردانەكەی ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ دیمەشق گرت و پرسی، چۆن دەكرێت بەڵێنی ئاوەدانكردنەوە بدرێت، بەبێ ئەوەی یەك وشە دەربارەی ئەو خەڵكە مەدەنیانە بوترێت كە رۆژانە لە حەلەب دەكوژرێن؟ ئاماژەی بەوەشكرد، ناتوانرێت باس لە بنیاتنانەوەی كۆمەڵگە بكرێت لە كاتێكدا پیشەسازیی سەربازیی جیهانی خەریكی پەرەپێدانی ئامێرەكانی لەناوبردن و وێرانكارییە.
خانمی یەكەم لە بەشێكی تری وتارەكەیدا تیشكی خستە سەر جیاكاریی لە گرنگیدان بە قەیرانەكان و وتی، لە كاتێكدا هەموو چاوەكان لەسەر ئۆكراین و غەززەن، كارەساتەكانی سودان و یەمەن، كە تیایدا ملیۆنان كەس بوونەتە قوربانی، فەرامۆش كراون، ئەوەش دووڕووییە لە پێوانەكان، ئەو دەوڵەتانەش كە ئاڵای ئاشتییان هەڵگرتووە، هەر خۆیان چەك دەفرۆشن و لە شەڕە بەوەكالەتەكاندا قازانج دەكەن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختیشیكردەوە، بە گۆڕینی دەسەڵات لە سوریا كۆتایی بە شەڕ نەهاتووە و رۆژانە راپۆرتەكان باس لە پێشێلكاریی بەردەوام بەرانبەر كەمینەكان دەكەن و هێشتا خوێنی بێتاوانەكان دەڕژێت. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئاشتی تەنها وەهمێكە، چونكە كردار و لێپرسینەوەی جدی لەگەڵدا نییە.
لە كۆتایی وتارەكەیدا خانمی یەكەمی عیراق بانگەوازیكرد، ئاشتی نابێت تەنها دروشمێكی جوان یان دەقێكی ناو سرودەكان بێت، تا ئەو كاتەش قسە نەبێتە كردار، هیواكان بە بەدینەهاتوویی دەمێننەوە و خەڵكی بێتاوان باجی ساردوسڕی و بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد لەگەڵ عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا باسیان لە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە کرد و هەڵوێستی عیراقیان لەبارەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دووپاتکردەوە.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی رەوشی سیاسی و چۆنیەتی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن لەنێوان هێزەکانی نیشتمانیدا کرا، کە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردن و جێبەجێکردنی شایستە دەستوورییەکان لەماوە دیاریکراوەکاندا، لەگەڵ تاوتوێیکردنی رەوشی ئابوریدا، جەختیان لە گرنگی چارەسەرێکی لۆژیکی کردەوە کە دەبێتە هۆکاری چەسپاندنی سەقامگیری و گەشەپێدان.
هەر لە دیدارەکەدا باسیان لە پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە کرد و هەڵوێستی عیراقیان لەبارەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە دووپاتکردەوە، وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان و پەرەپێدانی ئاسایشی ناوچەکە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆببێتەوە و تەواوی دانیشتنەکە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەیەک تەرخان دەکات، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابوری وڵاتە بە داهاتی نەوت.
بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەنها لە یەک بڕگە پێکهاتووە، ئەویش گفتوگۆکردنە لەبارەی داهاتە نانەوتییەکانی عیراق و چۆنێتی زیادکردن و رێکخستنەوەیان.
عەلی کینانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، کردنەوەی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان لەم کاتەدا "پێویستییەکی نیشتمانییە" و گرنگیدان بەم سێکتەرە رۆڵی سەرەکی دەبێت لەوەی عیراق رزگاری ببێت لە ئابورییەک کە تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە بەغداد، پێشوازیکرد لە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراق.
لە دیدارەکەدا باس لە کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات و پێگەی عیراق لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەهێز بکات، ئاماژەی بەوەش کرد، کە گرنگە ئاسۆکانی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییە جیاوازەکان فراوانتر بکرێت بۆ روبەڕوبوونەوەی تەحەدییەکانی ئێستا و بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لە هەموو ئاستەکاندا.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوە پابەندبوونی وەزارەتەکەی بە بەردەوامبوون لە کارە دیپلۆماسییەکان و پشتگیریکردنی هەڵوێستەکانی عیراق لە ناوەندە جیاجیاکاندا دوپاتکردەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی.
سەرۆک کۆماری عیراق، پیرۆزبایی 104 ساڵەی دامەزراندنی پۆلسی عیراق دەکات و دەڵێت؛ ئەو دامەزراوە قەڵغانی بەهێزی عیراق بووە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئەوان مێژووی قوربانیدان و قارەمانێتییان بە خوێنی خۆیان نوسیوە.
ئەمڕۆ هەینی، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق بەبۆنەی 104 ساڵە دامەزراندنی پۆلیسی عیراقەوە پەامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی پاڵەوانەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەفسەران و کارمەندان دەکەن، بەبۆنەی 104هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پۆلیسی عیراقەوە.
د.لەتیف رەشید وتوشیەتی؛ ئەم یادە مێژویەکی پڕ لە قوربانیدان و قارەمانێتی بەرجەستە دەکات، کە بە خوێنی پاکی ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیسی عیراق نووسراوە ، کە رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە و پیلانەکانی تێکدانی ئاسایشی وڵات پووچەڵ دەکەنەوە.
سەرۆک کۆمار جەختیشیکردوەتەوە کە پۆلیسی وڵاتەکەمان ئەو چاوە وریایانەن، کە هەرگیز ناخەون و دەستە متمانەپێکراوەکانن کە سەروەری یاسا دەپارێزن و سەقامگیری بۆ هەر بستێکی خاکی عیراق مسۆگەر دەکەن.
لە کۆتایدا سەرۆک کۆمار پشتیوانی تەواوی بۆ وەزارەتی ناوخۆ دووپاتکردوەتەوە لە بەردەوامبوون لە بنیاتنانی تواناکانی و پەرەپێدانی دامەزراوە ئەمنییەکانی و پەرەپێدانی پیشەیی و دیسیپلین و چەسپاندنی سەروەری یاسا بە شێوەیەک کە ویستی گەلی عیراق بەدیبهێنێت.
لەبارەی گرژی و پێکدادانەکانی حەلەب، شاناز ئیبراهیم، ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەوە و رایگەیاند بەردەوام بەکارهێنانی چەکی قورس و بۆردوومانی هەڕەمەکی و درۆنەکان و تاکتیکەکانی ئابڵوقە خستنە سەر خەلکی سڤیل و دانیشتوانی هەر ناوچەیەک، دەستدرێژییەکی گەورە و ئاشکرایە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی سادەترین بنەما مرۆییەکانە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رودەدات کارەساتێکی مرۆییە و هاووڵاتیانی مەدەنی، لە نێویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوان بۆردومان دەکرێن و غەمباری قوڵی خۆی دەردەبڕێت بەرانبەر بەوەی رودەدات لە گەرەکە کوردنشینەکانی حەلەب.
دەقی راگەیەندراوەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق
نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق نیگەرانی و غەمباری قوڵی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو هێرش و گەمارۆ بەردەوامانەی دەخرێنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لەشاری حەلەب لە سوریا.
ئەوەی ڕوودەدا کارەساتێکی مرۆییە. هاوڵاتیانی مەدەنی، لە نێویاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوان و ئەو خێزانانەی بە هۆی کێشمەکێش و زەبرو زۆری چەندین ساڵەوە ئاوارەبوون جارێکی تر وا سزا دەدرێن و بۆردوومان دەکرێن. ماڵ و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان وێران دەکرێن و بە دەستی ئەنقەست بێبەش ئەکرێن لە ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و چاودێری تەندروستی و خوێندن.
بەردەوام بەکارهێنانی چەکی قورس و بۆردوومانی هەڕەمەکی و درۆنەکان و تاکتیکەکانی ئابڵوقە خستنە سەر خەلکی سڤیل و دانیشتوانی هەر ناوچەییەک، دەستدرێژییەکی گەورە و ئاشکرایە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی سادەترین بنەما مرۆییەکانە.
دەست نەپاراستن لەهاوڵاتیان و رێگری کردن لەگەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، دەبێتە هۆی ئازاری زیاتری منداڵانی بریندار و ژنانی دووگیان و هەموو ئەوانەی پێویستیان بەچاودێریی تەندروستیە.
نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق داوای بەپەلە ڕاگرتنی ئەم توندوتیژییانە و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و بژاردەی ئاشتی دەکات لەگەڵ هەڵگرتنی ئابڵوقە و زامنی گەیاندنی بێ ئاستەنگی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەموو کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان.
هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە نابێت هاوڵاتیان وەک کارتی فشار بەکار بهێنرێن و باجی ئابلوقە بدەن.
کۆمەڵی نێودەوڵەتیی بەرپرسیارێتییەکی مۆڕاڵی و یاسایی لەئەستۆیە تا کۆمەکی مرۆیی بەپەلە بگەیەنێ و هاوڵاتیان بپارێزێ و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسیارانی ئەم دەستدرێژییانە بکات..
سەرۆک کۆماری عیراق دەڵێت: بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری گرژی و توندوتیژییەکانی سوریا دەکەن، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری ئەو گرژی و توندوتیژیانەی شاری حەلەبی سوریای دراوسێی دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان بکەن و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن و کار بۆ وەستاندنی ئەو پێکدادانانە بکەن کە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە.
د. لەتیف رەشید، راشیگەیاند، پشتیوانی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ چارەسەری ئاشتییانە کە بنەماکانی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکتر پتەوتر بکات و جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا تەواوکەری یەکترن، هەروەها دەبێت ئاشتی و دیالۆگ تاکە بژاردە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەم رەوشە قەیرانەدا کە تێیدا هاووڵاتی مەدەنی و ژن و منداڵ دەبنە قوربانی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پشتگیری هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەییە لە ناوچەکە.
وەزارەتی تەندروستی عیراق رایدەگەیەنێت: لە ساڵی 2025دا 50 هەزار حاڵەتی گەستنی سەگ تۆمارکراوە و 19 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندورستی عیراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو 50 هەزار حاڵەتی گەستنی سەگ تۆمارکراوە، هەروەها بەهۆی بەهۆی دواکەوتنی ئەو کەسانەی گەستراون لە سەردانیکردنی بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان 19 کەس گیانیان لەدەستداوە.
وتیشی، ئەگەر ئەو کەسانەی لەلایەن سەگەوە دەگەستنرێن، ئەگەر چارەسەری پشتگوێ بخرێت مەترسییەکی گەورە دروست دەکات لەسەر تەندروستی.
وتەبێژی تەندروستی عیراق ئاشکرایکرد، یارمەتی سەرەتایی دروست مەترسی تەندروستی و گیانلەستدان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، بۆیە لەگەڵ رودانەی هەر حاڵەتێکی لەو جۆرە پێویستە بە زووترین کات سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکرێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ چوارشەممە، لەنیقۆسیا بەشداری رێوڕەسمی ئاهەنگی کردنەوەی سەرۆکایەتی قوبرس بۆ ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، لەسەر بانگهێشتی هاوتا قوبرسییەکەی کرد.
سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم لە لایەن سەرۆکی قوبرس نیکۆس خریستۆ دۆلیدیس و خاتو فلیپا کارسێرا دولیدیس پێشواییان لێکرا.
لەڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەبوون.
بەشداری عیراق دووپات کردنەوەی پابەندبوونی بە پاڵپشتیکردنی هاریکاریی هەرێمی و نێودەوڵەتی و تیشک خستنە سەر ئامادەبوون وپێگەی لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکاتەوە.
سەرۆك كۆمار و خانمی یەكەمی عیراق لە قوبرس بەشداری دەكەن لە رێوڕەسمی کردنەوەی سەرۆکایەتی قوبرس له ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا و لەلایەن سرۆکی ئەو وڵاتەوە پێشوازیان لێکرا.
د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، لەسەر بانگهێشتی رەسمی نیكۆس كریستۆدۆلیدس سەرۆكی قوبرس، بە سەردانێك گەیشتنە نیقۆسیای پایتەختی قوبرس و لە لەلایەن سەرۆكی ئەو وڵاتە و ژمارەیەك سەرۆكی وڵاتانی ئەوروپا و عەرەبی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشوازییان لێكرا.
سەرۆك كۆمار و خانمی یەكەمی عیراق لە نیقۆسیا بەشداریانكرد لە رێوڕەسمی وەرگرتنی سەرۆكایەتی قوبرس لە ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپا.
بڕیاریشە، لە پەراوێزی سەردانەكەیان بۆ قوبرس، سەرۆك كۆمار و خانمی یەكەمی عیراق چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا ئەنجام بدەن.