وەزارەتی پەروەردەی عیراق بەهۆی دۆخی ئێرانەوە، بڕیاریدا بە كارئاسانیكردن بۆ ئەو خوێندكارانەی دەگەڕێنەوە عیراق و رێگە دەدات لە نزیكترین قوتابخانە تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ ئەنجام بدەن.

بەپێی نوسراوێكی لیژنەی هەمیشەیی تاقیكردنەوەكان لە وەزارەتی پەروەردەی عیراق، كە ئیمزای حسێن سەبری اللامی، سەرۆکی لیژنەکەی لەسەرە، ئاماژە بەوەكراوە بەهۆی ئەو روداوانەی كۆماری ئیسلامی ئێران پێیدا تێدەپەڕێت، بڕیاردراوە تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ بۆ سەرجەم ئەو خوێندكارانە دەستەبەر بكرێت كە دەگەڕێنەوە عیراق.

بڕیارەكە ئەوەشی رونكردۆتەوە، تاقیكردنەوەكان لە نزیكترین قوتابخانە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندكارەكان ئەنجام دەدرێت.

لە نوسراوەكەدا ئەوەش هاتووە، لە ئەگەری ئەوەی خوێندكارەكان نەتوانن لە ئێستادا تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ ئەنجام بدەن، رێگەیان پێدەدرێت لەگەڵ خوێندكارانی دواكەوتوو لە هەفتەی دووەمی دەستپێكردنەوەی دەوامی رەسمی لە دوای پشووی بەهارە، تاقیكردنەوەكان ئەنجام بدەن.

نوسراوەكە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە لە سەرجەم پارێزگاكان كراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان.