محەمەد شیاع سودانی، لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەرپرسانی گومرگ و باج، بڕیارێکی نوێی بۆ پاڵپشتی بازرگانان دەرکرد، هەروەها فەرمانیشیداوە بە توندکردنەوەی چاودێری لەو خاڵانەی پشکنین، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیانە، بە مەبەستی یەکخستنی باج و رەسمی گومرگی لە تەواوی دەروازەکانی عیراقدا.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق، بڵاویکردوەتەوە ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ دەستەی باج و بازرگانان کۆبوەتەوە و بریاریداوە بە  ئاسانکاری بۆ ئازادکردنی کاڵاکانی سەر بە بازرگانان و هاوردەکاران لە بەندەرەکانەوە.

بە گوێرە راگەیەندراوەکە، سودانی  فەرمانی کردوە بە "سفرکردنەوەی" پشکی حکومەت لە کرێی کۆگاکردنی کاڵاکان لە ناوەندە بازرگانییەکاندا وەک ئاسانکارییەک بۆ خێراکردنی پڕۆسەی هێنانەدەرەوەی ئەو کاڵایانەی کە لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە بەهۆی دواکەوتنی رێکارەکانەوە ماونەتەوە.

سەرۆک وەزیران جەختی لە چەسپاندنی سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا" و یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان کردوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، کە ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە ریفۆرمی ئابوری بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و دروستکردنی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە لە بازاڕدا.

بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانی کردوە بە توندکردنەوەی چاودێری لەو خاڵە سنورییانەی، کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیانە بە مەبەستی یەکخستنی باج و رەسمی گومرگی لە تەواوی دەروازەکانی عیراقدا.