وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە فرۆشتنی بینای باڵیۆزخانەی عیراق لە سیئۆلی پایتەختی کۆریا دەکەن بە کەسایەتییەکی هونەریی ئەو وڵاتە.

وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە وردی بەدواداچوونیان بۆ ئەو هەواڵانە کردووە کە لە هەندێک لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە دەربارەی فرۆشتنی بینای باڵیۆزخانە. وەزارەت جەختی کردەوە کە: "کۆماری عیراق هیچ بینایەکی باڵیۆزخانە یان خانووی نیشتەجێبوونی لە کۆریادا نییە."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، باڵیۆزخانەی عیراق لە سیئۆل لە رێگەی گرێبەستی کرێی رەسمییەوە شوێنەکەی دابین کردووە، هاوشێوەی ژمارەیەکی زۆر لە نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی دیکە و بەپێی ئەو رێکارە ئیداری و رێکخراوەییانەی لە کاری دیپلۆماسیدا پەیڕەو دەکرێن.

وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی بینایەکی موڵکی دەوڵەتی عیراق دەکەن، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە. هاوکات داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا ورد بن و تەنیا پشت بە سەرچاوە رەسمییەکان ببەستن، تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست دەربارەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت.