هێزەکانی ئەمریکا کۆتاییان بە پڕۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق هێنا.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان ئەرکی گواستنەوەی پێنج هەزار و 700 چەکداری دەستگیرکراوی داعـ.ـشیان لە سوریاوە بۆ عیراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ئەمنی و هەماهەنگیی نێوان واشنتۆن و بەغدادە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی دەستگیرکراوە بیانییەکان و ئەو چەکدارانەی رەگەزنامەی عیراقییان هەیە، کە لە کاتی شەڕی دژ بە داعش دەستبەسەر کرابوون.

ئاماژە بەوەش کردووە، گواستنەوەی ئەم دەستگیرکراوانە بە مەبەستی رادەستکردنیانە بە دەسەڵاتە دادوەرییەکانی عیراق بۆ ئەوەی بەپێی یاسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە دادگایی بکرێن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئەو زیندانانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە (هەسەدە) بەڕێوەدەبرێن.

چاودێران پێیان وایە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ داخستنی دۆسیەی کەمپ و زیندانەکانی سوریا و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی هەڵاتن یان دووبارە رێکخستنەوەی شانە نوستووەکانی رێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا.