ئەمڕۆ چوارشەممە، میدیا عیراقییەکان بڵاویان کردەوە، دادگای فیدڕاڵی عیراق سکاڵای تایبەت بە بڕیاری پێناسی نوێی گـومـرگـی رەتکـردەوە و رایگەیاندوە، ئەو بڕیارە لە بەرژەوەندی گشتیدا نییە.

محەممەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندوە، دادگای باڵای فیدراڵی کۆتا بڕیاریدا و  ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە، کە لەسەر بڕیاری ژمارە 957 تایبەت بە زیادکردنی باجی گومرگی تۆمارکرابوو.

 محەممەد خەفاجی، کە لە پۆستێکی فەیسبوکدا زانیارییەکەی بڵاویکردوەتەوە و میدیا عیراقییەکانیش دایان ناوە، رایگەیاندوە؛ رەتکردنەوەی بڕیارەکە، بەهۆی نەبونی بەرژەوندی گشتییەوە بووە.

ئەمە لە کاتیكدایە وەزیری بازرگانی عیراقی رایگەیاند بوو، لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، دڵنیایی دەدەیەن هاووڵاتییان، کە حکومەت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزبوونەوەی نرخەکان نادات و وەک هێزێکی هاوسەنگ لە بەرانبەر قۆرخکاریی بازاڕدا دەوەستێتەوە.

راگەیاندنی بڕیاری گومرگی نوێ، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دروستکرد، لە بەغدادی پایتەخت و چەند پارێزگایەکی تر،  ژمارەیەکی زۆر دوکاندار بە داخستنی دوکانەکانیان و هاتنە سەر شەقام دژی بڕیارەکە وەستانەوە.