سودانی فەرمانی بە دامەزراوەکانی حکومەت کرد خەرجییەکانیان کەم بکەنەوە
راهۆز
١٦ی شوباتی ٢٠٢٦
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، جەختی لەسەر هەموو دامەزراوە حکومییەکان کردەوە کە بڕیارەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان جێبەجێ بکەن و کار بۆ کاراکردنی ئەدای دامەزراوەکانیان بکەن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەک هەنگاوێکی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، نوسینگەی سودانی دەستی کردووە بە تێکەڵکردن و رێکخستنەوەی چەند بەشێکی ناو نوسینگەکە. ئەم هەنگاوە کۆتاییهێنان بە گرێبەستی ژمارەیەک راوێژکار و پسپۆڕیشی گرتوەتەوە کە پێشتر ئەرکی بەدواداچونیان بۆ چەندین دۆسیەی گرنگ لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا پێ سپێردرابوو.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، رێژەی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت گەیشتوەتە 88%، هەربۆیە نوسینگەی سەرۆک وەزیران چەندین هەنگاوی تری بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ناو بودجەی بەکارخستن گرتوەتەبەر. سودانی داوای لە هەموو دامەزراوەکان کردووە سوود لە تواناکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی زۆرترین دەستکەوت بە کەمترین خەرجی بەدی بهێنن.



