دەستەی دەستپاکی: لێپرسراوێک لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا
محەمەد رزگار
١٣ی شوباتی ٢٠٢٦
دەستەی دەسپاکی عیراق لێپرسراوێکی تەندروستی سەڵاحەدینی بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرد.
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی رایگەیاند؛ تیمەکانیان توانیویانە لێپرسراوێکی تەندروستی سەڵاحەدین لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی داوای پارەی لە هاووڵاتییەک کردووە بەرانبەر راییکردنی کارەکانی.
بەپێی راگەیەنراوێکی دەستەکە، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەدین تیمێکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی سکاڵایەک، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو لێپرسراوێکی یەکەیەکی تەندروستی داوای بڕی یەک ملیۆن دیناری لە هاووڵاتییەک کردووە، بەرانبەر پێدانی نووسراوێک کە بسەلمێنێت هیچ قەرزێکی دارایی لەسەر نییە و رێگری بکات لە جووڵاندنی سکاڵای یاسایی لە دژی لە دادگای تکریت.
دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تیمەکانیان بۆسەیەکی وردیان بۆ تۆمەتبارەکە ناوەتەوە و لە کاتی وەرگرتنی پارەکە و رادەستکردنی نووسراوەکە لە نزیک فەرمانگەیەکی حکومی، بە سەرپێچییەکەوە دەستگیریان کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 307 لە یاسای سزادانی عیراقی یاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان.



