ڕەئیسی ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانێت ھاوکاریی پەرلەمانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و ئێران پەرە پێبدات، ھەروەک پشتیوانییەکان بۆ پەلەکردن لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دووپاتکردووەتەوە.
لە دیدارەکەدا حەلبوسی ڕایگەیاندووە، وەفدەکەی ھاوڕێی نوێنەرانی ھەموو پێکھاتەکانی لە نێودایە و ئەوەش دەرخەری خواستی عێراقییەکانە بۆ پتەو کردنی پێوەندییەکان لەگەڵ ئێران.
ھەر لە سەردانەکەیدا محەمەد حەلبوسی پێشتر لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە.
بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق لەگەڵ جەواد ئۆجی وەزیری نەوتی ئێران لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە و لە بارەی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری وزەدا گفتوگۆیان کردووە و خستنەکاری وێستگەکانی کارەبا کە بە گاز کار دەکەن لە ھاوینی ئەمساڵیان دەخرێنەکار.
لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەممەوە بە بەشداری ھەموو ھێزەکانی دژە تیرۆر و سوپا و ھێزە ئاسمانییەکان، قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین لە پارێزگای ئەنبار و بیابانەکانی ئەو پارێزگایە دەستیپێکردووە.
وتیشی، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە کۆتاییھێنانە بە شانە نوستووەکانی داعش و ئۆپراسیۆنەکە تا بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە بەردەوام بێت.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، کاری سیاسی بە بنەمای نەگۆڕ و ڕەوشت بەڕێوەدەبرێت و نابێت لە ژێر ھیچ فشار و مانۆڕێکی سیاسی، ئاسایشی ھاووڵاتیان پشتگوێ بخرێت و پشێوی لە ناو خەڵکدا بڵاو بکرێتەوە.
وتیشی، ھەڵوێستی جدی و یەکلایەنە وەردەگرن، لە ھەموو بەشداریکردنێک لە پڕۆسەی سیاسی، بە لەبەرچاوگرتنی ھەژموونی چەکدارە نایاساییەکان و دەستگرتنیان بەسەر ئاسایشی وڵات و ھەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ لاوازکردنی یاسا.
ڕاشیگەیاند، زوو یان درەنگ ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر مافی ھاووڵاتیان کردبێت و سامانیان تاڵانکردبن سزا دەدرێن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی عێراقی ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە گوندی جەربوعەی سەر بە ناحیەی باشیک لە باکووری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای نەینەوا، کەوتووەتە بەر ھێرشی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا.
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند، بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی برینداربوون و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیش تێکشکاون.
سەرەتای ھەفتەی ڕابردووش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا، بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناحیەی زوومار بۆردوومان کرد و بەھۆیەوە چەند چەکدارێک کوژران و برینداربوون، بەڵام شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەنگۆکانی لەو بارەیەوە ڕەتکردەوە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، ئامارەکانی تووشبوون بە پەتای خوێن بەربوون لە پارێزگاکانی عێراق لە زیادبووندایە و ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە ١٨ کەس کە زۆرینەیان لە پارێزگای زیقارن، تا ئێستاش ٤ تووشبوو گیانیان لە دەستداوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی ھۆشداریشی داوە لە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوون و داوایکردووە ھاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان بپارێزن.
پەتای خوێن بەربوون یەکێکە لەو پەتایانەی لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و زیاتر ئەو کەسانە تووشی دەبن کە شوانکارن یاخود لە کێڵگەکانی بەخێوکردن و سەربڕینی ئاژەڵان کار دەکەن، ئەو پەتایە تا ئێستا ڤاکسینی نیە و لە ئەگەری پشتگوێخستیندا بە ڕێژەی ١٠٪ بۆ ٤٠٪ مەترسی گیان لە دەستدان لەسەر کەسی تووشبوو دروست دەکات.
رەعد عەباسی وتەبێژی پارێزگای نەینەوا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ فەرمانێکی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی گەیشتووەتە دیوانی پارێزگا کە نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوای راسپاردووە، کاروباری کارگێڕی قەزای شنگال بەڕێوە ببات، بەڵام سەعاتێک دوای بڕیارەکە، بە بڕیارێکی تر ھەڵوەشێنراوەتەوە، ئەو وتەبێژە لە بارەی ھۆکاری دەکردنی بڕیاری دووەمەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەبەر رۆشنایی زۆری ئەرکەکان بوە کە پارێزگاری نەینەوا لە یەک کاتدا ناتوانێت لە دوو فەرمانگەی جیاوازدا دەوام بکات و ئەرکی کارگێڕی رابپەڕێنێت.
حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ھێرشکردنە سەر محەمەد نوری، سەرۆکی کوتلەی ئیمتیداد و پاسەوانەکانی لەلایەن قائیمقامی قەزای شافعیە لە دیوانییە پێکھێناوە. زاملی دەڵێت، محەمەد نوری لە کاتی بەدواداچوون بۆ کێشەی ھاوڵاتیان ھێرشی کراوەتە سەر و داواشی لە دادگا کرد بە ئەرکی خۆی ھەستێت و رێکاری یاسایی دژی ھێرشەبەران بگرێتە بەر تاکو شکۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران پارێزراو بێت.
جاسم موسەوی پەرلەمانتاری ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ھەندێک لایەنی سیاسی ناو ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە، ئۆباڵی پەکخستنی سیاسی دەخنە ئەستۆی چوارچێوەی ھەماھەنگی، بەڵام شێوازی خۆ کەنارگرتن و پەکخستنی گفتوگۆکان لەگەڵ ھێزەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، ھەوڵێکن بۆ پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.
باسی لەوەشکردووە، پەنابردن بۆ پەکخستنی پرۆسەی سیاسی، یەکێک لە خواستەکانی ھاوپەیمانی سێ لایەنەکەیە و خواستێکە بۆ تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا.
موسەوی ڕاشیگەیاندووە، لە خولەکانی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، ھیچ لایەنێک خواستی ئەوەی نەبووە، پاڵ بە لایەنی دیکەوە بنێت بۆ ئەوەی بێت بە ئۆپۆزسیۆن یان دوور لە خواستنی خۆی بەشداری سیاسی پێ بکرێت.
ئەو پسپۆڕانە باس لەوەش دەکەن، زیادکردنی سەبەتەی خۆراک و پشتیوانی زیاتر لە بابەتەکانی ناو فۆڕمی خۆراک و ھەمواری ڕیزبەندی موچەی ھەندێک چینی فەرمانبەران، بە تەنھا بەس نین بۆ کەمکردنەوەی نرخی کەلوپەلەکان و سوککردنی ئەو قورسایەی کەوتووتە سەر گوزەرانی ھاوڵاتیان.
باسیان لەوەشکردووە، حکومەت پەنا بۆ ھەموو ڕێوشوێنێک دەبات، تەنھا بۆ دڵنیاییدان لەوەی کە بەھای دۆلار نەیەتە خوارەوە، چونکە ئەو ڕەوشە لە بەرژەوەندی زۆربەی ھەرە زۆری چینی سیاسییەکانە و پارەکانیان لە پرۆژە ئابورییەکاندا دەخەنە گەڕ.
ئەو پسپۆڕە ئابورییە عێراقیان جەختیش دەکەنەوە، ھاوکاریکردنی چەند توێژێک بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، لە ١٠%ی فەرمانبەران ناگرێتەوە، لە کاتێکدا زۆرینەی گەلی عێراق بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکانەوە گوزەرانیان بەرەو نالەباری چووە.
بە پێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبونەوەکە بەسەرپەرشتی حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەسەر داوای سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر ئەنجام دەدرێت.
بە پێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی حاکم زاملی لە کۆبونەوەکەدا ھەریەک لە فوئاد حسێن و نزار خەیروڵا بریکاری پێشکەوتوی وەزارەتی دەرەوە بەشداری دەکەن و تێیدا تاوتوێی ھێرشەکانی تورکیا و ئێران دەکرێت بۆ سەر خاکی عێراق .
خەمیس خەنجەر ئاشکراشیکردوە کە رێککەوتنیان ھەیە لەسەر ئەوەی حکومەتەکەی کازمی رۆڵی ھەبێت لە یەکلاکردنەوەی دۆسێی دەستگیرکراوانی سەرکردە سوننەکان.
ھاوکات مەشعان جبوری سەرکردە لە ھاوپەیمانی سەروەری رایگەیاندووە، گرنگترین مەرجیان لەگەڵ ھاوپەیمانی سەدر ئەوە بووە کە حکومەتەکەی کازمی دۆسێیەی سیاسییە سوننە داواکراوەکان یەکلابکاتەوە
لەلایەکی تریشەوە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رەتیکردۆتەوە ھیچ پەیوەندییەکی بە بریاری لێخۆشبون بۆ ژمارەیەک لە سەرکردە سوننەکان ھەبێت و ئەحمەد روبەیعی ئەندامی چوارچێوەکە رایگەیاندووە ، ئەو بریارە بریاری دادگایە و ھیچ پەیوەندییەکی بە سەرکردەکانی چوارچێوەکەوە نییە .
ھانی عوقابی، وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، بۆ گەرەنتیکردنی کەرتی تەندروستی و پاراستنی ھاووڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشی تەندروستی، وەک قۆناغی یەکەم لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە سیستمی بیمەی تەندروستی بە شێوەی ئەزموونی لە سێ پارێزگا جێبەجێدەکەن و دەستەی کارگێڕی بۆ بیمەی تەندروستی لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق پێکھێندراوە و راھێنان بە کارمەندان دەکرێت و ئەگەر سەرکەوتووبێت لە ھەموو پارێزگاکان جێبەجێدەکرێت.
وتیشی، جێبەجێکردنی بە چەند قۆناغێکە و بەستراوە بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی ئەمساڵی عێراق و ئەگەر پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند نەکرێت، جێبەجێکردنی سیستمەکە سەخت دەبێت.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین لە پارێزگای ئەنبار، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دوو داواکراویان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرد، راشیگەیاند، چەند حەشارگەیەکی داعشیان ئاشکرا کرد، کە کەلوپەلی جۆراوجۆر و ماددەی تەقەمەنیان تێدا بووە و لەناوبراون.
رۆژی شەممە قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش لە خۆرئاوای عێراق دەستیپێکرد، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش سەردانی پارێزگای ئەنباری کرد و رایگەیاند، پاشماوەکانی داعش جگەلە مەرگ ھیچ بژاردەیەکی تریان نییە.
حەسەن عەزاری، سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی سەدر، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان پێکەوە بڕیاریانداوە، پڕۆژە یاسایەک پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن، بۆ بە تاوانناساندنی ھەرجۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل یان ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.
وتیشی، پڕۆژە یاساکە ١٠ بڕگە لەخۆدەگرێت و لە یەکەم کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران دەیخەنەڕوو.
وەزیری دارایی عێراق ئاشکراکردوە ، بەمنزیکانە لە بەغداد لەگەڵ سندوقی دراو و بانکی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە و پێشتریش کۆبونەوەکانیان لە واشنتۆن زۆر باش بوە و گەیشتونەتە چەند رێککەوتنێک بۆ پشتگیریکردنی پرۆژەی چاکسازی ، لە کۆبونەوەکانی بەغدادیشدا کار دەکەن بۆ ئەوەی ھاوکارییەکان تەکنیکی بن و راوێژ بکەن بۆ بەھێزکردنی تواناکانی حکومەتی عێراق لە پرۆژەی چاکسازیدا.
وەزیری دارایی ئاشکراشیکردوە ، رێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ ئەمریکا ھەیە بەتایبەت لە بواری ئابوریدا و ھەردوولا ئامادەییان تێدایە لەسەر ھەموو ئاستەکان ھاوکاری و ھەماھەنگییان ھەبێت .