موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، تورکیا بە ناحەق و بە بێ پاساو بۆردومانی خاکی عێراق دەکات.
دەشڵێت، ئەگەر تورکیا پێی وایە لە خاکی عێراقەوە مەترسی بۆ دروستدەکرێت، پێویستە لەگەڵ حکومەتی عێراق ھەماھەنگی بکات بۆ کۆتاییھێنان بەو مەترسییە، چونکە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکەیان ھەیە.
سەدر دەشڵێت، لە دووبارەبوونەوەی ھێرشەکانی تورکیا بێدەنگ نابن، چونکە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و دەستدرێژی و دروستکردنی ناسەقامگیری لەسەر خاکەکەی قبوڵ ناکات، ھەروەک چۆن قبوڵی ناکات ھیچ لایەنێک لە عێراقەوە دەستدرێژی بکاتە سەر دراوسێکان و عێراق لەگەڵ بەھێزکردنی پەیوەندییە ھاوسەنگ و ھاوبەشەکاندایە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ئۆپراسیۆنەی تورکیا لە باکووری وڵات دەستیپێکردووە، بە دەستدرێژیکردنە سەر خاکی عێراقی دەزانن و پێچەوانەی بنەمای دۆستایەتی و دراوسێیەتییە، کە دەبێت ھەر پڕۆسەیەک بە ھەماھەنگی ئەمنیی بێت کە خزمەت بە ھەردوولا بکات.
وتیشی، ئەم ھێرشەکان پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و پێچەوانەی پەیماننامە و یاسا نێوەدەوڵەتییەکانە و ڕێگە نادەن خاکی عێراق ببێتە شوێن و ڕێڕەوی زیانگەیاندن بە دراوسێکانی عێراق و ڕەتیشی دەکەنەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی لایەنە دەرەکییەکان.
عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە"، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ھێرشە سەربازییەکەیان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق، بە ئاگاداری و ڕەزامەندی حکومەتی عێراق بووە.
وتیشی، تورکیا بەپێی ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی خۆیەتی پارێزگاری لە خۆی بکات.
ئەو لێدوانەی وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان لە کاتێکدایە، لە ڕۆژی دووشەممەوە تورکیا لەشکرکێشیی سەربازیی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و باسیان و مەتینا دەستپێکردووە و ھێرشەکە لەسەر ئاستی عێراق کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە.
مستەفا کازمی، لە ڕێوڕەسمی ٤١ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوی بەدر، کە لە بەغداد بەڕێوەچوو وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە قەیرانی سیاسیدا دەژین و پێویستە دانی پێدا بنێین، بەڵام ھەوڵی گەیشتن بە چارەسەریش دەدەن.
وتیشی، ھاووڵاتیان لە چەقبەستوویی سیاسی نیگەرانن و پێویستە متمانە بۆ نێوان لایەنەکان بگەڕێتەوە و پێویستە لایەنە سیاسیەکان، کۆتایی بە ناپاکیکردن لە یەکتری بھێنن و عێراق لە قەیرانی سیاسی دەرباز بکرێت و ھەموو کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە متمانە چارەسەر بکرێن.
ھەروەھا، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، پێویستە کار بۆ تەواوکردنی مافە دەستوورییەکان بکرێت و عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بە ڕووی دراوسێکانیدا بکرێتەوە.
وتیشی، ئەنجومەنی نوێنەران سوورە لەسەر پەسەندکردن و تێپەڕاندنی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاریی لە ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان.
موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم، لە تویتێکدا رایگەیاند، ئیدانەی لەشکرکێشیە سەربازییەکەی تورکیا دەکەن، کە سەروەریی عێراقی پێشێلکردووە و پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و یاسا و پەیماننامەی نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاو ناگرێت .
وتیشی، رەتیدەکەینەوە خاکی عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان و ھەمان کاتیشدا رەتیدەکەنەوە کە عێراق بکرێتە ناوەند یان رێڕەوێک بۆ بە ئامانگرتنی دراوسێکانی عێراق.
شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن و تا ئێستا سێ چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ وتیشی "نزیکەی سەعاتێکە شەڕ بەردەوامە و تا ئێستا سێ شەھید و نۆ بریندار ھەیە لەنێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی."
شەماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ ڕاشیگەیاند، بۆمبێکی چیندراو تەقیوەتەوە بە ئۆتۆبێلێکی چەکدارانی حەشدی شەعبی، بەڵام زیانی ئەو تەقینەوەیە تا ئێستا نەزانراوە.
مەحمود سەلامی ئەندامی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، خاڵی ناکۆکی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئەوەیە کە سەدر داوای پرۆژەی زۆرینەی نیشتمانی دەکات، بەڵام ئەو پرۆژەیە سودی بۆ عێراق نابێت، چونکە پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای تەوافوق و ھاوبەشی بنیادنراوە و دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵیش ئەو بابەتەی رونکردۆتەوە .
ئەندامەکەی دەوڵەتی یاسا راشیگەیاندووە، سەرباری ناکۆکییەکان، بەڵام گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکانی چوارچێوە و رەوتی سەدر ھەیە بۆئەوەی بگەنە رێککەوتن و پێکەوە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی پێکبھێنن بە ئامانجی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی کە قسەی بۆ میدیا عێراقییەکان کردووە، چەکدارانی داعش لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا بۆ دووەم جار ھێرشی چەکداریان لە پارێزگای دیالە ئەنجامداو مەزارگەی "سەید شەعبان"ـیان تەقاندەوە.
مەزارگەی "سەید شەعبان" کەوتوەتە سنوری ناحیەی ئەلعبارە کە ١٩ کیلۆمەتر لە باکوری قەزای بەعقوبەوە دورە.
چەند سەعاتێک پێش ھێرشەکەی سەر مەزارگەی "سەید شەعبان"، تیرۆرستانی داعش لەسنوری گوندی "بوستاملی" ی خورماتوو بە چەکی قەناس و ھاوەن پەلاماری سوپای عێراقیان دا و سەربازێک بریندار بوو.
گوندی بوستاملی دە کە وێتە باشووری قەزای خورماتوو، گوندیکی تورکمان نشینی سونە مەزھەبە.
لەدوای ڕزگارکردنی گوندی "بوستاملی" لە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، تاوەکو ئێستا دانیشتوانەکەی نەگەڕاونەتەوە، تەنیا ھێزی ئەمنی لە سنووری گوندەکە جێگیرکراوە.
"جەمال حەسەن" سەرکردە لە رەوتی حیکمە رایگەیاندووە، بەشێک لەلایەنەکان پێیان وایە دووبارە کردنەوەی ھەڵبژاردن رێگەچارەیەک دەبێت بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی عێراق، بەڵام دوو رێگرن ھەن، لایەنە براوەکان دووبارەکردنەوەی پڕۆسەکە قبوڵ ناکەن و ترسیان ھەیە دەنگی پێویست بەدەست نەھێننەوە، رێگری دووەمیش بریتییە لەوەی پێشبینی دەکرێت ئاستی بەشداری ھاووڵاتیان ١٠% تێنەپەڕێنێت.
"جەمال حەسەن" راشیگەیاندووە، عێراق بە قۆناغێکی زۆر قورسی سیاسیدا تێدەپەڕێت و ھێشتنەوەی رەوشەکەش بەو شێوەیە ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە، پێویستە لەسەر ھەموو لایەنەکانیش دانوستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکلاکردنەوەی پێکھێنانی حکومەت.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق (ئەمڕۆ دوشەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٢) لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە ئیرج مەسجدی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکانی.
ئیرەج مەسجدی ڕایگەیاند ئێران پشتیوانی لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق دەکات و جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ھەردو وڵات و گەلی دراوسێ کردەوە کە پێکەوە کۆیان دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند، د. بەرھەم ساڵح باسی لە گرنگی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان ھەردو وڵات و گەلی دۆست کرد و دوپاتکرایەوە لە پێویستی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر لە سەرجەم بوارەکاندا، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەردولا بکات.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا "سەرۆک بەرھەم ستایشی ھەوڵەکانی باڵیۆزی ئێرانی کرد لە ماوەی کارکردنی لە عێراق لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردو وڵات و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکەکانی داھاتویدا."
نزیکەی ٦ مانگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڵنەبژێردراون.
پێشتر ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەندە بە بڕیاری لایەن و پێکھاتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و "شێوەکەی ھەرچۆنێک بێت" کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لێدەکات، بەڵام پێشنیازی ئەوە دەکات حکومەت لە ڕێگەی سازان پێکبھێنرێت و حکومەتی زۆرینە نەبێت.
محەمەد سەیھود پەرلەمانتار و سەرکردە لە ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، سووربوونی ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە لەسەر پرۆژەکەی، پرۆسەی سیاسی گەیاندووەتە قۆناغی چەقبەستوویی سیاسی و دروستبوونی ئاڵۆزی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان، ڕێگری دەکات لە پێکھێنانی حکومەتی نوێ، پێشی وایە ھاوپەیمانێتییەکە ئەوەندەی بیر لە بەرژەوەندی تایبەت و کەسی دەکاتەوە، ئەوەندە بیر لە بەرژەوەندیی گەل ناکاتەوە.
باسی لەوەشکردووە، ئۆباڵی بەشێکی زۆری بەردەوامبوونی کێشە و قەیرانەکان و پیلانە ھەرێمایەتییەکان لە دژی عێراق، دەکەوێتە ئەستۆی ھاوپەیمانی سێ لایەنەکە.
عەلی فارس، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە رایگەیاند، دەستپێشخەرییەکەی رەوتی حیکمە لەم کاتەدا گرنگە و پێویستە چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر، یەکبگرن بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و سازش لە ھەندێک لە داخوازییەکانیان بکەن بۆ پێکھێنانی حکوومەت، پێشبینیشیکرد بە رێککەوانی لایەنەکان لە کۆتایی مانگی رەمەزان حکوومەتی نوێ پێکبھێندرێت.
ھەر لەو چوارچێوەدا عەبدولئەمیر میاحی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، دوای جەژنی رەمەزان بەرەو پێشچوونی سیاسی روودەدات و دانوستاندنە سیاسیەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو چەند دەستپێشخەرییەکەی کە چوارچێوەکە رایگەیاندووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی کازمی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی ، گفتوگۆ کراوە لەسەر ڕەوتی ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکان و چاودێری شانە تیرۆریستییەکان و پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش ولەناوبردنیان.
لە کۆبوونەوەکەدا کازمی جەتیکردووەتەوە، پێویستە دەزگا ئەمنییەکان لە جارن چاوکراوەتر بن و بە ھۆشیارییەوە مامەڵە بکەن و ئاستی ئامادەیاشی و وەڵامدانەوەی ھێزەکانیان بەرزتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگری بکەن لە ھەر بۆشاییەکی ئەمنی کە بێتە ئاراوە.
کازمی لایەنە پەیوەندارەکانی ڕاسپارد، بە چڕکردنەوەی ھەوڵی ھەواڵگری و بەردەوامبوون لەسەر پەیڕەوکردنی ئەو ھەوڵانەی، کە ژمارەیەک لە سەرکردەی گروپە تیرۆریستییەکانی پێ دەستگیر کراوە و گورزی پێشوەختە وەشێندراوە لێیان، بەر لەوەی ئامانجەکانیان بەدی بھێنن.
"محەمەد سەھیود" ئەندامی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، تاکە چارەسەر بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستوویەی عێراقی تێکەوتووە پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی شیعەیە، وتیشی، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ھەوڵی جدی دەدات بۆرێککەوتن لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و پێکھێنانی حکومەت بەبێ پەراوێزخستنی ھیچ لایەنێک.
ھاوکات "بەھا نوری" ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکدا وتوویەتی، ئەگەر سوربن لەسەر دوورخستنەوەیان، ئەوا بوون بە ئۆپۆزسیۆن یاخود بایکۆت کردنی پڕۆسەی سیاسی ھەڵدەبژێرن، وتیشی شیعە لە ناو ھاوپەیمانی سێ قۆڵی بوونەتە کەمینە و ئەگەر ئێران دەستوەردانی بکردایە نزیک بوونەوە لە نێوان چوارچێوەو رەوتی سەدر رویدەدا.
فەلاح خەفاجی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانی نەسر کاندید بکەن بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران و لەوبارەیەشەوە لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە ، ھەروەھا رایگەیاندووە ، ھاوپەیمانێتیەکەیان لە نێوان مستەفا کازمی و جەعفەر سەدردا ، پشتگیری لە جەعفەر سەدر دەکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران ، چونکە پێیان وایە کازمی بەرپرسیارە لەو رەوشەی عێراق پێیدا تێدەپەرێت و لە حکومەتەکەیدا ھیچ دەستکەوتێک نیە جێگەی باسکردن بێت .
ئەندامەکەی ھاوپەیمانی نەسر ئاشکراشیکردوە ، بەپێی زانیارییەکانیان پێش ھاتنی جەژنی رەمەزان قەیرانی سیاسی عێراق لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ چارەسەر دەکرێت .