سەرۆکایەتی کۆمار: چاپکردنی کتێبی بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی 39 ملیۆن دیناری تێچووە نەوەک 4 ملیار دینار
هەساو ئەمیر
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆکایەتی کۆمار راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوەدەکەن، تێچووی چاکردنی کتێبی بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی چوار ملیار دینار بووبێت.
سەرۆکایەتی کۆمار رایگەیاندووە، یەکێک لە دەزگاکانی راگەیاندنی ناوخۆیی هەواڵی ناڕاستی سەبارەت بە کتێبی "بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی" بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات، تێچووی چاپکردنەکەی چوار ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە و تێچووی چاپکردن لە چوارچێوەی ئەو تێچووە پەسەندکراوانەیە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار- بەشی گشتی کاروباری رۆشنبیرییەوە دەرچووە کە کتێبەکەی چاپکردووە".
دەشڵێت: چاپکردنی کتێبەکە بڕی 39 ملیۆن و 375 هەزار دیناری تێچووە، کە بە پسوڵەی رەسمی بەبەڵگە کراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار، رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر و داواش لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن، پشت بە سەرچاوە رەسمییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار ببەستن.
دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار:
یەکێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی هەواڵی ناڕاستی سەبارەت بە کتێبی "بەڵگەنامەکانی کۆشکی سەرۆکایەتی" بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە تێچووی چاپکردنەکەی ٤ ملیار دیناری تێپەڕاندووە.
لە کاتێکدا سەرۆکایەتی کۆمار تێچووی چاپکردنی کتێبەکە کە بەناراست خراوەتەروو ڕەتدەکاتەوە، دوپاتی دەکاتەوە کە تێچووی چاپکردن لەچوارچێوەی ئەو تێچووە پەسەندکراوانەی کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار- بەشی گشتی کاروباری ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە، کە کتێبەکەی چاپکردووە، کە بڕی …،٣٩،٣٧٥ دیناری تێچوە، کە بە پسوڵەی رەسمی بەبەڵگە کراوە.
هەروەها سەرۆکایەتی کۆمار ئەو پرۆپاگەندانەی ناوزڕاندن و ساختەکاریی ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن بەشێک لە میدیای کوردیی سەر بە سیاسییە شکستخواردووەکانەوە دەکرێت، بە ئامانجی چەواشەکردنی بیروڕای گشتی و پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان و بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتیان.
ئەو زانیاریانەی کە بڵاودەکرێنەوە پابەندبوونیان بە رێکار و پرەنسیپی میدیای پیشەیی نییە، چونکە لەسەر بنەمای متمانەپێکردن لە گەیاندنی ڕاستییەکاندا نییە.
لەم بارەیەوە سەرۆکایەتی کۆمار پابەندبوونی خۆی بە مافی یاسایی خۆی دوپات دەکاتەوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەو لایەنانەی کە مەرامی تێکدانی شکۆمەندی دەوڵەت و زیانگەیاندنە بە دامەزراوە رەسمیەکان.
سەرۆکایەتی کۆمار هەروەها پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و ڕۆڵی میدیا لە خستنەڕووی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان و پشت بەستن بە سەرچاوە رەسمیەکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕاپۆرتەکاندا دووپات دەکاتەوە.
سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پیشەیی دەکات پشت بە سەرچاوە رەسمیەکانی سەرۆکایەتی کۆمار ببەستن و ئامادەیی خۆی بۆ خستنەرووی زانیاری بە میدیاکان و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی پەیوەست بە کارەکانی دووپات دەکاتەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار
٢٧ی تەمموزی ٢٠٢٥