دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشداری دەداتە ئەو "چەکدارانە"ی لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب ماونەتەوە، کە تاکە بژاردە لەبەردەمیاندا دانانی چەکەکانیانە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری سوریادا هاتووە، تاکە رێگە لەبەردەم چەکدارانی ئەو گەڕەکە ئەوەیە دەستبەجێ خۆیان و چەکەکانیان رادەستی نزیکترین خاڵی سەربازی بکەن، لە بەرامبەر ئەو کارەشدا سوپا زەمانەتی پاراستنی ژیان و سەلامەتییان دەکات.

سوپای سوریا لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزەکانیان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ سەپاندنی سەروەری نیشتمانی و بە "حەزمەوە" مامەڵە دەکەن، هەروەها هەر سەرچاوەیەکی تەقەکردن وێران دەکەن بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و دانیشتوانەکەی بگەڕێننەوە."

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری سوریا لە کاتێکدایە کە ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی بە تۆپی قورس ناوچەی دێر حافریان کردووەتە ئامانج و تۆپێک بەر ماڵی هاووڵاتییەک کەوتووە و بەهۆیەوە چەند هاووڵاتییەک شەهید بوون"