ئیدارەی خۆسەر مەرجی خۆی بۆ گواستنەوەی هێزەکانی لە شێخ مەقسودەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات ئاشکراکرد
راهۆز
١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، پێشوازی لەو پێشنیازە دەکەن کە لەلایەن نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە کراوە بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسودەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات.
لە راگەیەندراوێکدا ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوەکردووە، پاراستنی مەدەنییەکان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ئەولەویەتی کارەکانیانە، بۆیە بە ئەرێنی وەڵامی دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکەیان داوەتەوە بۆ گواستنەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی ئارام.
سەبارەت بە مەرجەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە، ئیدارەی خۆسەر جەختیکردۆتەوە، دەبێت زەمانەتی مانەوەی هێزێکی پاراستنی کوردی ناوخۆیی و ئەنجومەنێکی خۆجێیی بۆ دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە بکرێت، ئەوەش وەک پابەندبوون بە "رێککەوتنی 1ی نیسان".



