سیپان حەمۆ: هێرشەكانی سەر گەڕەكەكان بە بەرچاوی رای گشتییەوە ئەنجام دەدرێت
هادی
٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئەندامێكی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە دەڵێت، هێرشەكانی سەر گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە بەرچاوی رای گشتییەوە ئەنجام دەدرێت.
سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات"هەسەدە"پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە شەشی ئەم مانگەوە هێرشێكی دڕندانە دژی گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە بەرچاوی رای گشتییەوە ئەنجام دەدرێت و بێ دەنگیشی لێ دەكرێت.
وتیشی، وەك هەسەدە پابەندن بە رێككەوتنی یەكی نیسان، لەو گەڕەكانە كشاونەتەوە و ئەنجوومەنێكی مەدەنی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ئەركی بەڕێوەبردن و پاراستنیان گرتەدەست.
راشیگەیاند، هیچ كەس و لایەنێك ئەو مافەی نییە خەڵكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە ناوچەكە دووربخاتەوە و رەوانەی ناوچەكانی دیكەیان بكات، دانیشتوانەكە خاوەنداریی لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەكەن و پیلانەكانی دوژمن تێكدەدەن.



