تۆم باراک: بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی روداوەکانی گەڕەکەکانی ئەشرافییە و شێخ مەقسود دەکەین
بڵند
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
تۆم باراک رایگەیاند، ئەمریکا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی روداوەکانی گەڕەکەکانی ئەشرافییە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەکات، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات دانبەخۆیاندابگرن و نەرمی بنوێنن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و موڵک و ماڵیان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و جەختیشدەکاتەوە بە زوویی کۆتایی بە ناکۆکی و شەڕ بهێنرێت.
نێردەی ترەمپ بۆ سوریا، پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ لە ماوەی سێزدە مانگی رابردوودا، سوریا هەنگاوی مێژوویی ناوە بەرەو سەقامگیری، ئاشتەوایی نیشتمانی، و ئاوەدانکردنەوە، ئەوەش دوای چەند دەیەیەک لە ململانێی وێرانکەر.
تۆم باراک نوسیویەتی؛ گفتوگۆ سەرنجڕاکێشەکان، کە ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل ئەنجامدران، هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو ئاشتییەکی فراوانتری ناوچەیی، ئەمەش جەخت لە پابەندبوونی بەردەوامی سوریایە بە شکاندنی بازنەی توندوتیژی، ئازار، و تاوانکاری کە زیاتر لە نیو سەدەیە تووشی نەتەوەکەی بووە.
نێردەی ترەمپ داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی سەرکردایەتی حکومەتی سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF)، دەسەڵاتە خۆجێییەکان لە ناوچە کوردییەکان و هەموو لایەنە چەکدارەکان دەکات، کە دەستبەجێ دەست لە دوژمنایەتی هەڵبگرن، گرژییەکان کەم بکەنەوە و پابەند بن بە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، داهاتووی حەلەب و سوریای بە گشتی، هی خەڵکەکەیەتی و دەبێت لە رێگەی هێمنانەوە، نەک توندوتیژی، دابڕێژرێت ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانانیان و بەرپرسەکانی ناوچەکە، ئامادەن بۆ ئاسانکاریکردن لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتێکی نوێ بە سوریا و خەڵکەکەی بدەن بۆ هەڵبژاردنی رێگەی گفتوگۆ لە جیاتی ناکۆکی.



