روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تەنها لە دوێنێ 11ی ئازاردا، 138 هاووڵاتی مەدەنی لە چەند ناوچە کەناراوییەکانی سوریا، بە تەقەی راستەوخۆ کوژراون، کە چواریان منداڵن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تەنها لە دوێنێدا 139 هاووڵاتی مەدەنی بە تەقەی راستەوخۆی وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆی سوریا و چەکداران کوژراون، کە چواریان منداڵن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە حەممای رۆژهەڵات پیاوێک ئەو مینانەی پێدا تەقیوەتەوە کە لە گرژییەکانی ئەم دوواییانەی سوریادا چێنراون و لە دۆما منداڵێک تەقەمەنی پێدا تەقیوەتەوە.
ئەو ئامارەی روانگەی سوری بڵاویکردووەتەوە بەم جۆرەیە:
-پارێزگای تەرتوس: 62 کەس لە بانیاس، نۆ کەس لە حەریسون، یەک کەس لە تەواحین.
-پارێزگای لازقیە: 44 کەس لە براشبوو کە سێ ژن و منداڵیکیان تێدایە، 15 کەس لە چەند شوێنێکی جیاوازی لازقیە، یەک کەس لە جەبلە.
-حەسەکە: منداڵێک بەهۆی تەقەی هەڕەمەکی ئاهەنگ گێڕان بۆ رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سوریا گیانی لەدەستدا.
-حەمما و ئیدلب: دوومنداڵ بەهۆی تەقەی هەڕەمەکی ئاهەنگ گێڕان بۆ رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سوریا گیانیان لەدەستدا.
-دێرەزوور: پیاوێک بەهۆی تەقەی هەڕەمەکی ئاهەنگ گێڕان بۆ رێککەوتنی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سوریا گیانی لەدەستدا.
-حەلەب: دوو کەس بەهۆی تەقەی راستەوخۆی دوو چەکدارەوە لەبەردەم مزگەوتێکدا کوژران.
حوسییەكان رایانگەیاند، هێرشەكانیان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێدەكەنەوە، راگرتنی هێرشەكانیان لە ماوەی رابردوودا، بۆ گەیاندنی هاوكاریی بووە بە فەلەستین.
یەحیا سەریع وتەبێژی چەكدارانی حوسی لە یەمەن رایگەیاند، مۆڵەتی چوار رۆژیی هێزەكانیان بۆ راگرتنی هێرشەكانیان دژی ئیسرائیل كۆتایی هاتووە و هێرشەكانیان دەست پێدەكەنەوە.
بە وتەی سەریع راگرتنی هێرشەكانیان دژی ئیسرائیل و كەشتییەكانی ئەو وڵاتە بۆ ئاگربەست لە غەززە و گەیاندنی هاوكاریی بۆ فەلەستنییەكان بووە، بۆیە دوای ئەو وادە دەستنیشانكراوە هێرشی حوسییەكان لە دەریای سور و دەریای عەرەب و بابولمەندەب و كەنداوی عەدەن دەست پێدەكەنەوە.
سەرۆك كۆماری ئێران رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا رەت دەكاتەوە و كۆشكی سپیش جەخت لەوە دەكاتەوە تەنها بژاردەی، رێككەوتن یان هێرشی سەربازیی لەبەردەم ئێراندایە.
دوای ئەوەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند لە ژێر هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ئامادەنابن دانوستان و رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن بكەن، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كۆشكی سپی جەختی لەو بژاردانە كردەوە كە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكان رایگەیاندبو.
كۆشكی سپی جەختی لەوە كردەوەتەوە كە تەنها بژاردەكانی دانوستان و جەنگ لەبەردەم ئێراندایە و ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی.
پێشتر پزشكیان وتبوی چونكە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی كردوە، ئامادە نییە دانوستانی لەگەڵ بكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە نامەیەكدا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران داوای دانوستانی لەگەڵ وڵاتەكە كردبو و جەختیشی لەوە كردبوەوە كە ئەو وڵاتە دوو بژاردەی رێككەوتن و جەنگی لەبەردەمدایە و خامنەییش رەتی كردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، سبەینێ رەشنووسی دەستووری سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر پێشكەشی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا دەكرێت تاكو پەسەندی بكات.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئەو لیژنەیەی راسپێردرابوون بە داڕشتنەوەی دەستوور بۆ قۆناغی راگوزەری سوریا، كارەكانیان تەواوكردووە و سبەینێ رەشنووسی دەستوورەكە پێشكەشی "ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا" دەكەن، تاكو پەسەندی بكات.
رۆژی 25ـی مانگی شوباتی رابردوو، كۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا بە سەرپەرشتی ئەحمەد شەرع لە دیمەشق بەڕێوەچوو، تیایدا چەند راسپاردەیەك دەركران، لەنێویاندا داڕشتنەوەی دەستوور بە جۆرێك لەگەڵ قۆناغی راگوزەری سوریا بگونجێت.
دواتر لە رۆژی 3ـی ئەم مانگە سەرۆكی سوریا، مەرسومێكی كۆماری دەركرد، بۆ دیاریكردنی لیژنەیەك تاكو هەڵسن بە ئەركی داڕشتنەوەی دەستووری سوریا، لیژنەكە لە حەوت ئەندام پێكهاتووە و ژنیش لەناو ئەندامەكاندا هەیە.
سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت، رێككەوتنی نێوان مەزڵوم كۆبانێ و ئەحمەد شەرع خزمەت بە ئاشتی ناوچەكە دەكات و براوە تێیدا گەلی سوریا دەبێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، بە گرنگییەوە لە یەكپارچەیی خاكی سوریا و پاراستنی پێكهاتەكانی و بەهێزكردنی یەكگرتوویی و یەكڕیزی دەڕوانن، هاوكات دەیانەوێت هاووڵاتییان لە سەرتاسەری ناوچەكە بەبێ جیاكاری ئایینی و تائیفی و نەتەوەیی، لە ئارامی و خۆشگوزەرانیدا بژین.
ئەوەشی خستەڕو، جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی سوریا و هەسەدە و یەكخستنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا، خزمەت بە ئاشتی ناوچەكە دەكات و براوە تێیدا گەلی سوریا دەبێت.
هەروەها، لێپرسراوێكی باڵای توركیا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرایكردووە، ئەنقەرە بە وریاییەوە گەشبینە بەو رێككەوتنە، بەڵام پێداگرە لەسەر داماڵینی چەك لە كوردانی سوریا، هاوكات، رێككەوتنەكە هیچ گۆڕانكارییەكی لە ئیرادەی ئەنقەرەدا نەكردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا رێککەوتنێکی لەگەڵ دروزییەکان و کەسایەتییەکانی پارێزگای سویدە ئەنجامدا و ئامانج لێی تێکەڵکردنی ئەو پارێزگایە بە تەواوی لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا.
بەپێی سەرچاوەکانی سکای نیوز، رێککەوتنەکە چەند مەرجێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، دیارترینیان پەیوەستبوونی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی سویدەیە بە وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە.
هەروەها لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە کارمەندانی پۆلیسی ناوخۆیی لە سویدە خەڵکی پارێزگاکە دەبن.
لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەدا، لە رێککەوتنەکەدا مەرجی ئەوەشی بۆ دانراوە کە حکومەتی سوریا پارێزگار و سەرۆکی پۆلیس لە سویدە دیاری دەکات و خەڵکی پارێزگاکە دەبن.
ئەم رێککەوتنە دوای رۆژێک دێت لە ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەک بۆ یەکخستنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە خۆبەڕێوەبەریی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا.
لیژنەی لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی سوریا رایگەیاند، كار لەسەر سەرجەم بەڵگەكان دەكەن و لیژنەیەك رەوانەی شوێنی روداوەكان دەكەن.
یاسر فەرحان وتەبێژی ئەو لیژنەیە رایگەیاند، كەسانی پسپۆڕ دادەمەزرێنن بۆ لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی كەناراوەكانی سوریا و كارەكانی لیژنەكەش بە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا دەستیپێكردووە.
وتیشی، كار دەكەن بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەكان و دیاریكردنی شایەتحاڵەكان و ئەو پێگە و شوێنانەی كە پێویستە سەردانیان بكەن، هەروەها لێكۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆییانە دەكەن كە لەسەر روداوەكانی ئەم دواییەی سوریا بڵاوكراونەتەوە.
جەختیشی كردەوە لەوەی، رێگەنادەن تاوانباران لە سزا دەربچن و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیش پێشكەشی سەرۆكی سوریا و دادگا دەكەن.
بەپێی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، لە شەشی ئەم مانگەوە زیاتر لە هەزار و 400 كەس لە ئەنجامی توندوتیژییەكان و پێكدادانەكانی هێزەكانی حكومەت و گروپە چەكدارەكان لە كەناراوەكانی سوریا كوژراون، بە تایبەت لە شارەكانی تەرتوس و لازقیە.
هاوسهرۆكی گشتی دهبهپه دهڵێت، بۆ ئهوهی بانگهوازهكهی ئۆجهلان جێبهجێ بكرێت، دهبێت ههمواركردنی یاسایی و دادوهری ئهنجام بدرێت.
چیدهم كلیچگون ئوچار هاوسهرۆكی گشتی پارتى ههرێمه دیموكراتییهكان"دهبهپه"رایگهیاند، له بانگهوازهكهى ئۆجهلان بۆ پرۆسهى ئاشتى، لهبری چهك تیشك دهخرێته سهر دیموكراسی، لهبری نهژادپهرستی تیشك دهخرێتهسهر كۆمهڵگهی دیموكراتیك، لهبری سیاسهتی نكۆڵی دهوڵهت تیشك دهخرێتهسهر سیاسهتی دیموكراتى.
وتیشى، بۆ ئهوهی بانگهوازهكهی ئۆجهلان جێبهجێ بكرێت، پێویسته دهوڵهت و دهسهڵات ههنگاوبنێن، بۆ چارهسهری پرسی كورد و دهست له سیاسهتی نكۆڵی ههڵبگرن، دهبێت ههمواری یاسایی و دادوهری بكهن.
رۆژى دووشهممهش ئوزگور ئۆزهل، سهرۆكی جهههپه له كۆنفرانسێكى رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، زۆبهی پارته ئۆپۆزسیۆنهكانی توركیا پشتیوانیی له چارهسهری ئاشتیانه دهكهن، پێویسته بۆ چارهسهری پرسی ئاشتیانهی كوردیش گۆڕانكاریی یاسایی له دهستوری وڵاتدا بكرێت.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا ،پەنجەی تاوانباری روداوەکانی کەناراوەکانی سوریای ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە بە "دڵسۆز بۆ ئەسەد و وڵاتێکی بیانین" و وتی "ئەوانە لەپشت هێرشەکانی سەر هێزە ئەمنییەکانەوەن کە توندوتیژییەکانیان لێکەوتەوە".
ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، تا دەتوانین دۆخەکە دەگەڕێنینەوە، رەتیشیکردەوە، ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە دەستیان لە کوشتنەکاندا هەیە، بە وتەی ئەو "بۆتە دەرفەتێک بۆ تۆڵەسەندنەوە" بۆ ناڕەزایەتییە کۆنەکان.
جگە لەوەش شەرع تۆمەتەکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە، کە دەسەڵاتەکەی مەترسی دروست دەکات و ئەوەی دەیڵێت بە "قسەی بەتاڵ" وەسف کرد.
سەرۆکی سوریا لە چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن رایگەیاند: تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا نییە، بەڵام “دەرگای سوریا کراوەیە بۆ پەیوەندیکردن ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە ناتوانین ئاسایش لە وڵاتەکەدا کۆنتڕۆڵ بکەین لەکاتێکدا سزاکانی (ئەمریکی) دژی ئێمەن.
پێوەند بە تاوتووێ کردنی پرسی ئاشتی و درێژەدان بە گفتوگۆکانەوە، توڵای هاتیمۆغوللاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەمپارتی) سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) یان کرد و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە، و توڵای هاتیمۆغوللاری لە کۆنگرەیەکدا رایگەیاند: کۆبونەوەیەکی بەرهەمدارمان کرد و بەردەوامدەبین لەمکۆبونەوانە.
لە کۆنگرەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، جەختیان لە ئامادەکردنی پاکێجێک کردووەتەوە بۆ گۆرانکاری لە هەندێک خاڵی دەستووری تورکیا و ئامادەکردنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ پرسی کورد لە تورکیا.
لای خۆیەوە ئۆزگور ئۆزەل بەرپرسی جەهەپە رایگەیاند، ئەم گفتوگۆیانە هەوڵێکن بۆ ئەوەی چیتر دایکانی کورد و تورک بۆ رۆڵە شەهیدەکانیان نەگرین و کاردەکەین بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ پرۆسەی ئاشتی.
گفتوگۆکان لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلییەوە دەستی پێکرد، کە داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات، دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات و دواتر،
وەفدی ئیمراڵی لە 28ی 12ی 2024 لە زیندانی ئیمڕاڵی سەردانی ئۆجەلانیان كرد، و پەیامی ئۆجەلانیان گەیاندە حزبە سیاسییەكانی توركیا، و هەرێمی کوردستان و لە ئێستاشدا لەپاش پەیامی ئۆجەلان بۆ پەکەکە کە تیایدا هاتبوو" چەک دابنێن و کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە سازبدەن" وەفدەکە بەردەوامە لە سەردانەکانی بۆ لای لایەنەکان.
وەزارەتی بەرگری سوریا کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی لە کەناراوەکانی سوریا راگەیاند و دەڵێت: ئەو ئامانجانەی بۆ ئەم قۆناغە دامان نابوون بەدەستمان هێنان.
عەقید حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا، رایگەیاند: " توانیمان سەرکەوتوبین لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەمان دابوو بۆ قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنەکان و سەرکەوتنی پیاوەکانمان رادەگەیەنین.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا وتیشی، " توانیمان هێرشی گروپە چەکدارەکان تێکبشکێنین و لە ناوەندە گرنگەکان دووریان بخەینەوە و زۆربەی ئەو ڕێگا گشتییانە بگرینەوە، کە چەکدارەکانی سەر بە ئەسەد لێیانەوە خەڵکی مەدەنی و بێتاوانیان لێکردە ئامانج".
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، "ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی کە بۆ ئەو ئامانجانەی پێشتر باسمان کرد دەستیپێکردبوو کۆتایی هات، دوای ئەوە دامەزراوە گشتییەکان دەتوانن دەستبکەنەوە بە کارەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەخەڵکی وڵاتەکەمان".
حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا جەختیشی کردەوە کە، ئێمە دەرفەتی تەواو دەدەین بەو لیژنانەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکان راسپێردراون و کاردەکەین بۆهێنانەدی دادپەروەری بۆ ستەملێکراوان.
دوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی، وەفدی ئیمراڵی سەردانی لایەنەكانی توركیا دەكاتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ جەهەپە و حزبی زەحمەتكێشان و دەڤا كۆدەبێتەوە.
پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندوە، دوای بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی "پەكەكە" بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی جارێكی تر سەردانی لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەكاتەوە، تولای حاتیمئۆغلاری و تونجەر باقرخان هاوسەرۆكانی دەم پارتی لەگەڵ حزبی زەحمەتكێشان و پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە"و پارتی دەڤا كۆدەبنەوە.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكان، رۆژی چوارشەممەش وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ پارتی كرێكارانی توركیا و سەعادەت و پارتی ئایندە كۆدەبێتەوە، رۆژی 17ی مانگیش لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپە كۆدەبێتەوە.
پێشتریش وەفدی ئیمراڵی لە 28ی 12ی 2024، كە پێكهاتبوون لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوونەوە، دواتر وەفدەكە لە 2ی 1ی 2025، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانی توركیا دەستپێكرد.
سەرۆكی مەهەپە دەڵێت، دەرفەتێكی زێڕین لەبەردەستدایە و نابێت پشتگوێ بخرێت و پێویستە بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ چەكدانان یەپەگەش بگرێتەوە.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو شەڕ و وێرانكارییە مەترسیدارانەی كە حكومەت نزیكەی نیو سەدەیە بەڕێوەی دەبات، تیرۆر و جیاكارییە، بە هاوكاری و بە دەرفەتەكانی عەقڵیەتی جەماوەری و بە كردەوەی ڕاستگۆیانە، ڕاستەقینە، ئارامگرتن، وەفادارنە و دڵنیاكەرەوە هەموو ئەوانە دەڕوێننەوە.
دەشڵێت، بۆ رێگرتن لە هەر روداوێك و لێكدانەوەی هەڵە و رێگری لە هەر پێشهاتێكی نەرێنی و هەستیارانە، رێبازێكی بەرپرسیارانە و وریایی پێویستە، لەبەرئەوەی دەرفەتێكی زێڕینیان لەبەردەستدایە كە نابێت پشتگوێ بخرێت و پێشێل بكرێت.
جەختیشیكردوەتەوە، پەكەكە و گروپە سەربەخۆكانی دەبێت دەستبەجێ و بێمەرج چەك دابنێن، راگەیاندنی ئاگربەستی پەكەكە هاوسەنگ و شیاو نییە، بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ چەك دانان پێویستە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش بگرێتەوە.
سەبارەت بە دەم پارتیش رایگەیاندوە، ئەگەر دەم پارتی بە پەیامەكانی، بە بەرپرسیارێتی و پەیامی درێژە بە هەنگاوە ئاشتیخوازەكانی بدات، دەتوانێت ببێتە حزبێكی سەرەكی توركیا.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون، بۆ نزیکەی 49 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە راگەیاندراوێکدا دوایین ئاماری لەباری ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوەکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 وە تا ئێستا لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، بۆ 47 ھەزار و 458 کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە، 111 ھەزار و 897 کەس.
راشیگەیاند، لە 24 سەعاتی رابردوودا تەرمی پێنج فەلەستینی دیکە لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و تەرمەکانیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرھێندراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تەرمی ئەو پێنج کەسە لەگەڵ چەند بریندارێکی دیکە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە.
ئاژانسی هەواڵیی رەسمی سوریا رایگەیاند، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە پارێزگای ئیدلب-ەوە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دەستگیرکردنی چەکدارەکانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد رەوانەی پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس کراون.
ئاژانسی ھەواڵی رەسمی سوریا "سانا" بڵاویکردەوە، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە پارێزگای ئیدلب-ەوە رەوانەی پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس کراون، کە ماوەی چەند رۆژێکە رووبەڕووی گرژیی و ئاڵوزیی بوونەتەوە، ئەوەش بەھۆی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی نوێی سوریا و پاشماوەكانی رژێمی رووخاوی بەشار ئەسەد.
رۆژی ھەینی رابروو، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سوریا و پاشماوەكانی رژێمی بەشار ئەسەد لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس، 50 کەس لە ھەردوولا کوژراون.