ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ هەینی، لە پەسەندکردنی پڕۆژە بڕیارێک بۆ لێخۆشبون و درێژکردنەوەی ماوەی هەڵگرتنی سزاکان بەسەر ئێراندا شکستی هێنا، ئەمەش جیهانی خستووەتە بەردەم ئەگەری گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی سزاکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا و دابەشبوونێکی قوڵی لەنێوان زلهێزەکاندا ئاشکرا کرد.
لە دانیشتنەکەدا کە پڕ بوو لە گرژی و لێدوانی دژ بەیەک، پڕۆژە بڕیارەکە، کە لەلایەن روسیا و چینەوە پشتیوانی دەکرا، نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت. نۆ وڵات، لەنێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، دەنگیان دژی پڕۆژەکە دا. لە بەرامبەردا تەنها چوار وڵات (روسیا، چین، پاکستان و جەزائیر) دەنگیان بۆ دا، و دوو وڵاتیش دەنگیان نەدا (بێلایەن بوون).
شکستهێنانی ئەم پڕۆژە بڕیارە بەو مانایە دێت کە میکانیزمی ناسراو بە "سناپ باک" یان "میکانیزمی پەلەپیتکە" (Trigger Mechanism)، کە لەلایەن سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) لە 28ی ئابدا کارا کرابوو، بەردەوام دەبێت. بەپێی ئەم میکانیزمە، ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێکی پێچەوانە دەرنەکات، هەموو ئەو سزایانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، لە 28ی ئەیلول بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەگەڕێنەوە سەر ئێران و ئەمەش بە گورزێکی کوشندە لە ئابوری تاران دادەنرێت.
هەڵوێستی دژ بەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایش:
دانیشتنەکە گۆڕەپانێک بوو بۆ ئاڕاستەکردنی تۆمەتی توند لەنێوان لایەنەکاندا:
بەرەی ئەوروپی (بەریتانیا و فەرەنسا): نوێنەرانی ئەم دوو وڵاتە بەرگرییان لە هەنگاوەکەیان کرد. نوێنەری بەریتانیا دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی بە "بڕیارێکی دروست" وەسف کرد و وتی "هیچ پاساوێکی مەدەنی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە." لەلایەکی ترەوە، نوێنەری فەرەنسا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "هەموو پێشنیازێکی چارەسەری" رەتکردووەتەوە و داوای لێکرد هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو وڵات ئاماژەیان بەوەدا کە پێشنیازی درێژکردنەوەی ماوەی هەڵگرتنی سزاکان هێشتا "لەسەر مێزە" و دەرگای دیپلۆماسییان دانەخستووە.
بەرەی روسیا و چین: نوێنەری روسیا بە توندی هێرشی کردە سەر وڵاتانی ئەوروپا و تۆمەتباری کردن بە "پێشێلکردنی" رێککەوتنی ئەتۆمی و بەکارهێنانی ( فشار و هەڕەشە) بەرامبەر بە ئێران. ئەو جەختی کردەوە کە هەنگاوی ترۆیکای ئەوروپی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
هەڵوێستی ئەمریکا: نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند کە ئێران بەردەوام بووە لە "رەتکردنەوەی پلانی کاری هاوبەش" (رێککەوتنی ئەتۆمی). لە کاتێکدا وتی هیچ رێگرییەک لە چارەسەری دیپلۆماسی لەنێوان ئێران و ئەوروپادا ناکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە "پێویستە فشار بخرێتە سەر ئێران بۆ هەڵبژاردنی رێگای ئاشتی." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە گەڕانەوەی سزاکان بەو مانایە نییە کە بۆ هەمیشە دەمێننەوە.
کاردانەوەی توندی ئێران:
لە بەرامبەردا، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربڕی و رایگەیاند: "ئێمە بە تەواوەتی ئەو ئاگادارینامەیە رەتدەکەینەوە." ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە "شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان" و هەنگاوەکەیان بە "دەستدرێژیی راستەوخۆ بۆ سەر یاسای نێودەوڵەتی" وەسف کرد. نوێنەری ئێران هۆشداری دا کە "سێ وڵاتە ئەوروپییەکە بەرپرسیارێتی ئەو گرژی و قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن کە لێی دەکەوێتەوە."
پێشینە و هەنگاوەکانی داهاتوو:
پێشتر ئێران لە رێگەی وەزیری دەرەوە، عەباس عراقچی، پێشنیازێی "داهێنەرانە و دادپەروەرانە"ی پێشکەش بە لایەنی ئەوروپی کردبوو بۆ رێگریکردن لەم قەیرانە، بەڵام وەک نوێنەری فەرەنسا ئاماژەی پێدا، ئەم هەوڵانە بە ئەنجام نەگەیشتوون.
ئێستا تاران و زلهێزە ئەوروپییەکان کەمتر لە هەشت رۆژیان لەبەردەستە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ پێش وادەی 28ی ئەیلول. چاوەکان لەسەر هەفتەی داهاتووی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لەوانەیە ببێتە دەرفەتێکی کۆتایی بۆ دانوستان و خۆلادان لە گرژییەکی زیاتر.
ناکۆکیی توند لە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر سزاکانی ئێران و شکستهێنانی پڕۆژەبڕیارەکان
لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ناکۆکییەکی توند لەنێوان زلهێزەکاندا سەریهەڵدا سەبارەت بە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا هەڵگیرابوون.
هەڵوێستی روسیا:
نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی دژی هەنگاوەکانی وڵاتانی ئەوروپا وەستایەوە و رایگەیاند:
وڵاتانی ئیمزاکەری رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران مافی ئەوەیان نییە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە.
هەنگاوەکەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (ترۆیکای ئەوروپی) بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
ئەوروپییەکان دیپلۆماسییان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە رەتکردووەتەوە.
دووبارە سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا هیچ شەرعییەتێکی نییە.
هەڵوێستی بەریتانیا و فەرەنسا:
بەرەی ئەوروپی، بە پێچەوانەی روسیاوە، بەرگرییان لە هەڵوێستی خۆیان کرد:
نوێنەری بەریتانیا: جەختی کردەوە کە بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش رێگە بە دووبارە سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا دەدات. هەروەها وتی کە وڵاتانی ترۆیکای ئەوروپی بەپێی یاسا هەنگاویان ناوە بۆ سەپاندنەوەی سزاکان.
نوێنەری فەرەنسا: ئاماژەی بەوەدا کە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش رێگەخۆشکەرە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی2231بە شێوەیەکی گونجاو. ناوبراو نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی دەربڕی و وتی:
ئێران یۆرانیۆمی بە رێژەی 48 هێندەی ئاستی رێگەپێدراو پیتاندووە.
فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپی پابەندییەکانی خۆیان بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ کردووە.
سیستمی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە مەترسیدایە.
پێویستە ئێران رێگە بدات پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە مەیداندا کار بکەن.
ئاژانسی نێودەوڵەتی ناتوانێت چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمەی ئێران دیاری بکات کە بە رێژەی %60 پیتێنراوە.
سەڕەڕای ئەمەش، فەرەنسا پابەندە بە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ئەنجامی دەنگدانەکان:
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پڕۆژەبڕیارێک بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا.
هاوکات، ئەنجومەنی ئاسایش شکستی هێنا لە پەسەندکردنی پڕۆژەبڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران.
بڕیارێکی تایبەت بە فەڵەستین:
لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد کە rێگە بە سەرۆکی فەڵەستین دەدات لێدوانێکی تۆمارکراو لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەکەدا پێشکەش بکات.
کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەزامەندیی نیشاندا کە سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس، لە رێگەی ڤیدیۆوە وتارێک پێشکەش بکات لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمەش دوای بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ دێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڤیزاکەی.
145 وڵات دەنگیان بە "بەڵێ" دا، 5 وڵات دژی وەستانەوە (ئیسرائیل، ئەمریکا، پالاو، پاراگوای و ناورۆ)، و 6 وڵاتیش دەنگیان نەدا (بێلایەن بوون).
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاند کە پلانێکی "ژیرانە و کردەیی" بۆ رێگریکردن لە قەیرانێکی چاوەڕوانکراو پێشکەش بە هاوتا ئەوروپییەکانی کردووە، بەڵام رەخنەی توند لە وەڵامی ئەوان دەگرێت و بە "بیانوو هێنانەوە و خۆدزینەوە" وەسفی دەکات.
عراقچی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "دوێنێ لەبری کۆماری ئیسلامیی ئێران، پلانێکی ژیرانە و جێبەجێکردنی ئاسانم پێشکەش بە هاوتاکانم لە E3/EU (فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا) کرد، بۆ خۆلادان لە قەیرانێکی ناپێویست لە رۆژانی داهاتوودا."
ناوبراو رەخنەی لەوە گرتووە کە لەبری گفتوگۆکردن لەسەر ناوەڕۆکی پلانەکە، ئێران روبەروی "کۆمەڵێک بیانوو و خۆدزینەوەی ئاشکرا" بووەتەوە، لەوانەش "ئەو ئیدیعا پێکەنیناویەی کە گوایە وەزارەتی دەرەوە نوێنەرایەتی تەواوی دامەزراوە سیاسییەکە ناکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدا خۆشحاڵی خۆی بە دانپێدانانی سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، نیشانداوە کە پێشنیارەکەی بە "ژیرانە" زانیوە، جەختی کردەوە کە "پێویستە ئەو، و هەموو جیهان، بزانن کە من پشتگیریی تەواوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانم هەیە، بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەیشمەوە."
عراقچی هۆشداری دا کە "مەترسییەکان لە بەرزترین ئاستدان" و رەخنەی ئاڕاستەی دەزگای دیپلۆماسیی ئەوروپا کرد و وتی رەنگە ئەوان بن کە "لەکارکەوتوون". هەر بۆیە داوای کرد "کاتی ئەوە هاتووە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردان بکات و دیپلۆماسی لەبری روبەروبوونەوە هەڵبژێرێت."
لە کۆتاییدا، عراقچی ئاماژەی بە هەنگاوەکانی ئێران کرد و وتی:
١. ئیمزاکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) بۆ کردنەوەی "قۆناغێکی نوێی هاوکاری."
٢. پێشکەشکردنی "پێشنیارێکی داهێنەرانە، دادپەروەرانە و هاوسەنگ" کە دەتوانێت بە خێرایی قەیرانەکە چارەسەر بکات.
پەیامەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا کە بەرپرسیارێتییەکە تەنها لە ئەستۆی ئێراندا نییە و نووسی: "رێگایەک بۆ پێشەوە هەیە، بەڵام ئێران ناتوانێت تاکە ئەکتەری بەرپرسیار بێت."
سەرۆك شارەوانییەكی ئاكەپە لە ماڵەكەی خۆی دەستگیركرا و تائێستاش هۆكاری دەستگیركردنەكەی ئاشكرا نەكراوە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا بەیانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی داواكاری گشتی كریكاڵ، لە ئۆپراسیۆنێكدا ئەحمەد سونگور سەرۆكی شارەوانی قەزای یەحشیهان سەر بە ئاكەپە لە ماڵەكەی خۆی دەستبەسەركراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، تائێستا هۆكاری دەستگیركردنی ئاشكرانەكراوە، بەڵام باس لەوە دەكرێت لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا چەند بازرگانێكیش دەستبەسەركراون.
پێشتریش چەند سەرۆك شارەوانییەكی جەهەپە دەستگیركراون و لە كارەكانیان دورخراونەتەوە، هەفتەی رابردووش سەرۆكی شارەوانی بایرام پاشا سەر بە جەهەپە دەستگیركرا، دواتر بە بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە كارەكەی دورخرایەوە.
بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە کەرتی غەززە ژمارەیەک سەرباز کوژران و برینداربوون، رەوشی تەندروستی بریندارەکانیش ناجێگیرە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە کاتی هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنیندا لە ناوچەی رەفەح لە غەززە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە بە بلدۆزەرێک و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیدا چوار سەرباز کوژراون و سیانی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردوە، تەمەنی ئەو سەربازانەش لەنێوان 20 بۆ 24 ساڵدایە، هەروەها رەوشی تەندروستی بریندارەکانیش ناجێگیرە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سوپای ئیسرائیل، سەدان سەرباز بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراوەوە لە سەرەتایی جەنگی غەززەوە کوژراون.
لە 11هەمین کۆبوونەوەی ئەو لیژنەیەی کە تایبەت بە "پرۆسەی چارەسەری" نوێ پێکهێنراوە، شەڕ و ئاڵۆزی رویدا و پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.
ئەمڕۆ، لیژنەی "هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان، بۆ ئەنجامدانی 11هەمین کۆبوونەوەی خۆی کۆبووەوە.
بەڵام، لە میانی کۆبوونەوەکەدا گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، لە ئەنجامدا پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکە چوونە دەرەوە.
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری بەرپرسێکی هەواڵگرییەوە بڵاویکردەوە کە پڕۆسەی گەمارۆدان و داگیرکردنی تەواوەتی شاری غەززە و چۆڵکردنی دانیشتووانەکەی، تا رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری داهاتوو تەواو دەبێت.
هەمان بەرپرسی هەواڵگری ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی 7500 چەکدار لەناو شاری غەززەدا بوونیان هەیە.
هاوکات، سەرچاوە فەڵەستینییەکان رایانگەیاند کە سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی هێڵەکانی پەیوەندی لە شاری غەززە پچڕاندووە.
پەیامنێری کەناڵەکانی "العربیة" و "الحدث" رایگەیاند کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باکووری رۆژئاوای شاری غەززەوە لە پێشڕەویدان و سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باکووری کەرتەکەدا "رۆبۆتی بۆمبڕێژکراو" دەتەقێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە پزیشکییەکان ئاشکرایان کرد کە لەماوەی بیست و چوار کاتژمێری رابردوودا، 99 فەڵەستینی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە 77 کەسیان لە باکووری کەرتەکە بوون، ئەمەش بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "وەفا".
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی لە بزووتنەوەی حەماس کرد و بەڵێنی هێرشی گەورەتری لە غەززە دا ئەگەر بێت و حەماس پابەندی مەرجەکانی ئیسرائیل نەبێت.
کاتز رۆژی چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات و چەکەکانی دانەماڵێت، ئەوا غەززە وێران دەکرێت و دەبێتە مۆنۆمێنتێک بۆ یادەوەریی ئەو ئەندامانەی حەماس کە دەستدرێژی و کوشتاریان ئەنجامداوە."
سوپای ئیسرائیل دەستی بە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی کردووە، لە کاتێکدا هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کارەساتێکی مرۆیی نزیک لە کەرتەکەدا بەردەوامن.
لەم هەفتانەی دواییدا سوپا هۆشدارییەکانی بۆ دانیشتووانی شاری غەززە چڕکردووەتەوە و داوایان لێدەکات شارەکە جێبهێڵن و بەرەو "ناوچەی مرۆیی" لە باشووری کەرتەکە بڕۆن.
لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "بەشێکی نوێیە لە شەڕی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزیی سیستماتیک دژی خەڵکی غەززە."
هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زۆربەی شاری غەززەیان کردووەتە وێرانە و بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 64,964 کەس، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین.
بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەمریکا کە کاریان لەسەر دۆسیەی سوریا دەکرد لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن فشار دەکات بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق.
سەرچاوەکان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە گۆڕانکارییەکان لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی لەناکاو رویانداوە و کارمەندانی "پلاتفۆرمی هەرێمیی سوریا" (SRP)یان گرتووەتەوە، کە نوێنەرایەتی نافەرمی ئەمریکایە بۆ سوریا و بارەگاکەی لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئەستەنبوڵە.
ئەم دیپلۆماتکارانە لەژێر سەرپەرشتی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی نوێی ئەمریکا بۆ سوریا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، کاریان دەکرد. باراک، کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەستبەکاربووە، پێشەنگی گۆڕانکارییەکی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکادا دەکات کە پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە.
بەشێکی سەرەکی ئەم سیاسەتە نوێیە، فشارخستنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە بۆ ئەوەی بە خێرایی پابەندی رێککەوتننامەی مانگی ئازار بن لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانیان تێکەڵی سوپای نیشتمانیی سوریا بکەن.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی رۆژئاوایی ئاشکرایکردووە کە هۆکاری دوورخستنەوەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان بۆ "جیاوازیی بۆچوون"یان دەگەڕێتەوە لەگەڵ باراک لەسەر پرسی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەسەدە. لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئەمریکی رەتیکردەوە کە جیاوازیی سیاسی هۆکار بووبێت و رایگەیاند کە ئەمە بەشێکە لە "رێکخستنەوەی تیمەکە" و کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتیی ئەمریکا نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر گۆڕانکارییەکان بدات.
سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا، سەرکردەکانی هەسەدە ئامادەنین دەستبەرداری ئەو ئۆتۆنۆمییە بن کە لە ساڵانی شەڕدا بەدەستیان هێناوە. ئەوان کە شانبەشانی ئەمریکا دژی داعش جەنگاون، دەیانەوێت لە سوریای دوای ئەسەددا حکومەتێکی لامەرکەزی هەبێت کە تێیدا مافەکانیان پارێزراو بێت.
شایەنی باسە، لەدوای داخستنی باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە دیمەشق لە ساڵی2012، پلاتفۆرمی هەرێمیی سوریا لە ئەستەنبوڵ وەک نوێنەرایەتی سەرەکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا کاردەکات.
ئێران وەڵامی ئەمریكا دەداتەوە لەبارەی بە هەڕەشەدانانی بەرنامە موشەكییەكەی و داواش لە وڵاتانی ئیسلامی دەكات پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لێدوانەكانی ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی بەرنامە موشەكییەكەی ئێران و وەسفكردنی وەك هەڕەشەیەكی قبوڵنەكراو قسەی بێبنەمایە، وتیشی، ئەمریكا بۆی نییە قسە لەسەر توانا بەرگرییەكانی وڵاتێك بكات كە بڕیاریداوە بەهەر نرخێك بێت سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت.
لەبارەی ئیسرائیلیشەوە بەقائی دوپاتیكردەوە، داوا لە سەرجەم وڵاتان و بەتایبەتیش وڵاتانی ناوچەكە و ئیسلامی دەكەن پەیوەندییە بازرگانیی و دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ تەلئەبیب بپچڕێنن، چونكە ئیسرائیل بەردەوامە لە تاوانكارییەكانی و سیاسەتە دوژمنكارانەكانی.
شانشینی سعودیە و پاکستان رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژی بەرگریان ئیمزاکرد.
ئاژانسی هەواڵی سعودیە ناسراو بە واس رایگەیاند، محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین لە ریازی پایتەختی سعودیە پێشوازیکرد لە محەمەد شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە سەر ئاستی بەرگری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان ئیمزاکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، رێککەوتنەکە رەنگدانەوەی پابەندبوونی هاوبەشی هەردوو وڵاتە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی هەردوو وڵات و بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها ئامانجی لێی پەرەپێدانی هاریکاری بەرگری نێوان هەردوو وڵات و وەڵامدانەوەی هاوبەشە لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەریان.
راشیگەیاندووە، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە ، هەر هێرشێک بۆ سەر هەریەکێک لەو دووڵاتە بە هێرشکردنە سەر هەردوو وڵاتەکە هەژمار دەکرێت.
ئیسرائیل پارەیەكی زۆری لە شەڕی غەززەدا خەرجكردووە و لەگەڵ ئەمریكا شارەكە بۆ وەبەرهێنانی كەرتی خانووبەرە دابەش دەكات.
بیزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئەمریكا دەستیپێكردووە لەبارەی دابەشكردنی كەرتی غەززە بۆ وەبەرهێنانی خانووبەرە.
وتیشی، كەرتی غەززە بە سامانێكی گەورەی خانووبەرە دادەنرێت كە داهاتێكی زۆری دەبێت و دوای جەنگیش لەگەڵ ئەمریكا دابەشی دەكەن.
باسی لەوەشكردووە، دوای روخاندنی شارەكە كە ئێستا دەستپێكردووە، قۆناغی نوێكردنەوەی غەززە دەستپێدەكەن.
مانگی ئابی ساڵی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ پێشنیازێكی خستەڕوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە لە دوای جەنگ كە 10 ساڵ دەخایەنێت و شارەكە بەتەواوی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریكاوە.
دوابەدوای رەتکردنەوەی لیژنەی باڵای یاسایی لە سوەیدا بۆ نەخشە رێگای "سوریا-ئوردن" کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، هەڵەمەتێک بە ناونیشانی کەمپەینی "مافی چارەی خۆنووسین" لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە ئەنجامدرا سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین، جا چ سەربەخۆیی تەواو بێت لە دەوڵەتی سوریا، خۆبەڕێوەبردن یان لامەرکەزییەت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند ناوەندێکی پارێزگاکە و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆی بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنوسی پارێزگاکە بەڕێوەچو، داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتگیری لە ڕیفراندۆمێکی جەماوەری بۆ دانیشتوانی پارێزگاکە بکەن.
بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ داواکاری مافی چارەی خۆنووسین بەشداربوانی ئەو هەڵمەتە بە راستەوخۆ و بە ئۆنلاینیش لە ناوخۆ و لە دەرەوەی سوریاش دەنگیان داوە.
بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، لە هەڵمەتەکەدا 19 سەنتەر هەبوون و زیاتر لە دوو هەزار خۆبەخش بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە.
تا ئێستا دیمەشق هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەوە نەداوە کە لە سوەیدا رویداوە، بەڵام لای خۆیەوە تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەختی لە "گرنگی نەخشەڕێگاکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوەیدا" کردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە حكومەتی كاتیی سوریا دەیەوێت بەپشتیوانی ئەمەریكا و ئوردن چارەسەری قەیرانی پارێزگای سوەیداو كێشەی دروزەكانی وڵاتەكەی بكات .
دوای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی سزادانی ئیسرائیلی کرد، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکەی "وەڵامێکی گونجاو"ـی یەکێتی ئەوروپا دەداتەوە ئەگەر بەردەوام بن لە سزادانی ئیسرائیل.
ئەمڕۆ چوارشەممە، گیدۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکیدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس؛ هۆشداری داوەتە یەکێتی ئەوروپا لە ئەگەری بەردەوام بونیان بۆ سزادانی ئیسرائیل.
ناوبراو جەختی کردوەتەوە لەوەی هەر کارێک لە دژی ئیسرائیل زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا دەگەیەنێت، وتوشیەتی؛ "هەر کردەوەیەک دژی ئیسرائیل وەڵامێکی گونجاوی دەبێت و هیوادارن ناچار نەبن ئەو کارە بکەن".
ئەم لێدوانانەی وەزیرەکەی ئیسرائیل لە کاتێكدایە لە رۆژی دووشەممەوە ئیسرائیل بە چڕی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر غەززە دەستپێکردوە و کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئیدانەی هێرشەکانی کردوە و سەپاندنی سنووردارکردنی بازرگانی بەسەر تەلئەبیب و سەپاندنی سزای بەسەر دوو وەزیری ئەو وڵاتەدا وەک پێشنیاز خستبوە ڕوو.
ئۆجەلان رایگەیاند ئامادەیە لە زیندان بمێنێتەوە بەڵام بەرەو ئەوروپا كۆچ نەكات دەشڵێت ساڵانێكە سیاسەتی كۆچبەركردن دژی كورد بەكاردەهێنرێت.
وەفدی ئیمرالی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوایین چاوپێكەوتنی لەگەڵ وەفدەكەدا داوای كردوە گەنجانی كورد كە بەرەو ئەوروپا كۆچیان كردوە هەوڵی گەڕانەوە بدەن بۆ زێدی خۆیان بەشداربن لە پاراستنی كەلتور و زمانی وڵاتەكەیان.
ئۆجەلان بە وەفدەكەی وتوە، پێویستە كار بكرێت بۆ هاندان لە پێناوگەڕانەوەی گەنجان و كۆچبەرانی كورد بۆ نیشتمانەكەیان ئەوانەشی نیازی كۆچیان هەیە دەبێت بزانن كە هەوڵەكەیان لە زیانی وڵاتەكەیانە.
وەفدی ئیمرالی ئاماژەی بەوە كردوە، كە ئۆجەلان رەخنەی لە دانیشتوانەی شارەكانی ئاگری و روحا و ئەو شارانەی باكوری كوردستان گرتوە كە شوێنی نیشتەجێبونیان جێدەهێڵن و دەچنە شارەكانی توركیا یان بەرەو ئەوروپا كۆچ دەكەن.
لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا ئۆجەلان رایگەیاندوە، پێویستە لەم قۆناغەدا گەنجان و كۆچبەرانی كوردی ئەوروپا ئەركی خۆیان لە ناوخۆی وڵاتەكەیان بۆ پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بكەن، وتوشیەتی ئامادەیە لە زیندانی ئیمراڵی بمێنێتەوە بەڵام رو لە ئەوروپا نەكات.
ئیسرائیل پێشنیازی نوێی رادەستی سوریا كردوە و بڕیاریشە ئەمرۆ بە نێوەندگیریی ئەمریكا سێیەم خولی دانوستانەكانی لێپرسراوانی تەلئەبیب و دیمەشق لە لەندەن بەڕێوبچێت.
پێگەی ئەكسیۆس بڵاویكردوەتەوە، ئیسرائیل پێشنیازێكی وردی سەبارەت بە سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ سوریا رادەستی دەسەڵاتدارانی دیمەشق كردوە و بڕیاریشە ئەو پێشنیازە بە نێوەندگیریی تۆم باراك نوێنەری ئەمریكا لە نێوان لێپرسراوانی سوریا و ئیسرائیلدا تاوتوێ بكرێت.
بریارە ئەمرۆ رۆن دەیرمەر، وەزیری كاروباری ستراتیژی ئیسرائیل و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بە نێوەندگیری ئەمریكا لە لەندەن كۆببنەوە تاوتوێی پێشنیازە نوێیەكە بكەن كە سنورەكانی باشوری رۆژئاوای سوریا تا سنورە هاوبەشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەك بە ئەكسیۆسی راگەیاندوە پێشبینی ناكرێت ئەو دوو وڵاتە سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمریكا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.