لە عەمانی پایتەختی ئوردن کۆبوونەوەی سێ لایەنەی نێوان ئوردن – سوریا - ئەمریکا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە لە لایەن ئوردنەوە تایبەت بە رەوشی سوریا و رێگاکانی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریایە لەسەر بناغەیەک کە گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری وڵاتەکەی دەکات، لەگەڵ پاراستنی مافی هەموو پێکهاتە جیاوازەکان.
بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئوردنی، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و تۆماس باراک نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و نوێنەری دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەرسێ وڵاتەکە، بەڕێوەچووە.
کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری ئەو دانوستانانەیە کە عەممان لە 18ی تەمموزدا میوانداریی کردبوو بۆ تاوتوێکردنی چەسپاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سویدا لە باشوری سوریا و چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
لێپرسراوێكی سوپای پاسدارانی ئێران رەخنە لە مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران دەگرێت.
عەزیز غەزنەفەری جێگری یاریدەدەری كاروباری سیاسی لە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوایین لێدوانەكانی پزیشكیان هەڵەی زۆری تێدایە و زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندی سیاسی وڵاتەكە دەگەیەنێت.
وتیشی، گۆڕەپانی سیاسی دەرەوە شوێنێك نییە بۆ وتنی هەموو راستییەكان بە راشكاوی، هۆشداریشیدا لەوەی هەر هەڵەیەك لە لایەن لێپرسراوانی باڵاوە رەنگە بە هەڵە لێكدانەوەی بۆبكرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی زیان بە ئێران بگەیەنێت.
غەزنەفەری داواشی لە سەرۆك كۆماری ئێران و راوێژكارەكانی كرد، میكانیزمێك دابنێن كە ئەو هەڵانە دووبارە نەبنەوە و زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە كەمبكرێتەوە.
پزیشكیان لە لێدوانێكیدا وتبووی، دانوستان بە مانای شكست یاخود خۆ بەدەستەوەدان نایەت، ئەو قسەیەشی هاوكات بوو لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی خولێكی دیكەی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریكا.
میدیاکانی فەلەستین بڵاویانکردەوە، رێککەوتنی ئاگربەست نزیکە لەوانە راگرتنی لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە و هاتنە ناوەوەی سوپای میسر.
میدیا فەلەستینییەکان باس لەوەشدەکەن، رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بریتییە لە راگرتنی لەشکرکێشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە و هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سوپای میسر لەگەڵ کشانەوەی ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە.
ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی تایبەت بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە رادەگەیەنێت، کە بریتییە لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و هاتنە ناوەوەی سوپای عەرەبی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا و جیهان تادێت لە زیادبووندایە کە پلانی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی غەززە رەتدەکەنەوە و "بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوی دەبەن.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، هاوتا ئیسرائیلییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، لەبارەی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە، "لە حاڵەتی ئینکاریدایە"، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوەی وتی، ئوسترالیا بۆ یەکەمجار دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێت.
ئەلبانیزی وتیشی، "دوودڵی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ لە گوێگرتن لە هاوپەیمانەکانی، هۆکاربووە لە بڕیارەکەی ئوسترالیا بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی.
بڕیاری ئوسترالیا بۆ داننان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی دوای ئەو بەڵێنانەی کە لە دەسەڵاتی فەلەستین وەریگرتووە دێت، لەوانەش "حەماس هیچ رۆڵێکی لە دەوڵەتی داهاتووی فەلەستین دا نابێت".
دوای راگەیاندنی هەڵوێستی فەرەنسا، بەریتانیا و کەنەدا لەسەر رەوشی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی داهاتوودا وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا دەنێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل زیاد دەکات.
وەفدێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا گەیشتە دیمەشق.
سەرچاوەیەکی تایبەتی حکومەتی سوریا بە کەناڵی ئەلجەزیرەی راگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوەتە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆ دەستپێکردنەوەی گەرێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا، هەروەها گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنامەکەی 11ی مانگی ئاداری رابردوو، کە لەنێوان مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرح سەرۆکی سوریا ئەنجامدرا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پیشتر حکومەتی رایگەیاندبوو، دیمەشق بەشداری لەو کۆبونەوانە ناکات کە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بڕیاری لەبارەوە درابوون، بەهۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا لە شاری حەسەکەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کۆنفرانسێک لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ئەنجامدرا، ژمارەیکیش لە کەسایەتیە ئاینیەکان لە سوەیدا و ناوچەی کەناراویەکانی سوریا تێیدا بەشداربوون.
حکومەتی سوریا، کۆنفرانسی حەسەکەی بە لاوازکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ناوبردوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، لایەنە نێوەندگیرەکان داوایانکردوە سەرجەم کۆبونەوە و دانوستانەکان، لە دیمەشقی پایتەختی سوریا ئەنجامبدرێن، بەوپێیەی ناوەندێکی فەرمی و نیشتیمانی سوریایە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا، ئەردۆغان تیشکی خستە سەر پڕۆسەی "ئاشتی"، و بوومەلەرزەکەی بالکئەسیر و گرنگیی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
"پێویستە هەمووان بۆ گۆڕانکاریی شارستانی شان بخەنە ژێر بەرپرسیارێتی"
ئەردۆغان وتارەکەی بە باسی بوومەلەرزەکەی بالکئەسیر و بابەتی گۆڕانکاریی شارستانی دەستپێکرد و وتی: "هەوڵەکانی حکومەتەکەمان بۆ نوێکردنەوەی باڵەخانەکان، بەتایبەتی لەڕێی گۆڕانکاریی شارستانییەوە، ئاشکران. بەڵام ئەمە بارگرانییەکە کە تەنها ئیدارەی ناوەندی ناتوانێت بە تەنها هەڵیبگرێت. پێویستە دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆن، ئیدارە خۆجێیەکان و دانیشتووانی شارەکان پێکەوە ئەم خەباتە بە بەڕێوەببەین. دەبێت لەسەر ئەم بابەتە رێککەوتنێک دروست ببێت، بیروباوەڕی ئایدیۆلۆژی وەلا بنرێت و هەموو کەسێک دەبێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. ئێمە بۆ دڵنیابوون لەمە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکین."
پێشوازی لە لیژنەی پەرلەمان و جەختکردنەوە لەسەر یەکڕیزی
ئەردۆغان هەروەها باسی لەو لیژنەیەی پەرلەمان کرد کە بە بەشداریی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن پێکهێنراوە و بە "هەنگاوێکی مانادار" لەقەڵەمیدا و وتی:
"پێکهێنانی 'لیژنەی پشتیوانیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی' بە بەشداریی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن، زۆر بەنرخە بۆئەوەی پەرلەمان وەک نوێنەری ئیرادەی گەل، خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە بکات. ئێمە دڵخۆشین بەم خاوەندارێتییە. ئەوەی لە دوو کۆبوونەوەی یەکەمی لیژنەکەدا بڕیارەکان بە کۆی دەنگ دەرچوون، پێشهاتێکی دیکەی هیوابەخشە."
ئەردۆغان جەختی کردەوە: "لە پرسە نیشتمانییەکاندا، هەڵوێستی نیشتمانی ئەرکی دامەزراوەی سیاسییە بەرامبەر بە گەل. تورکیا نیشتمانی هاوبەشی هەموومانە. ئەم دەوڵەتە دەوڵەتی هەریەک لە 86 ملیۆن هاووڵاتییە، بە تورک، کورد، عەرەب، عەلەوی و سوننەوە. سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونی سیاسی، شێوازی ژیان و رەگەزەکانمان، هەموومان خاوەنی رەسەنی کۆماری تورکیاین و ئەندامی یەک ماڵین."
لە کۆتاییدا، ئەردۆغان هۆشداریدا و وتی: "دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم تورکیادا کراوەتەوە بۆ ڕزگاربوون لە شەڕ. باجی لەدەستدانی ئەم دەرفەتە قورس دەبێت. هیوادارم هیواکانی گەل نەکرێنە قوربانیی سیاسیی رۆژانە. من باوەڕم وایە لیژنەکە ئەرکی سەرشانی خۆی بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکات."
وەفێکی سیاسی بزوتنەوەی حەماس بۆدەستپێکردنەوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتنە میسر.
وەفدێك لە نوێنەرانی حەماس گەشتنە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆ بەردەوامبوون لە پەیوەندیەکان لەگەڵ میسر و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ناراستەوخۆکان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
وەفدەکەی حەماس بەسەرۆکایەتی خەلیل ئەلحەیە لێپرسراوی دیاری بزوتنەوەی حەماس بەیاوەری ژمارەیک لێپرسراوی باڵای بزوتنەوەکە، لەگەڵ نێوەندگیرە میسریەکان گفتوگۆدەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، قاهیرە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەوڵەکان لەبارەی لێکتێ گەیشتنەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، فشارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل زیاتربوون، بۆ راگرتنی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هەروەها ئاسانکاریکردن بۆ هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی دووشەممە رەخنەی توندی لە پلانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە گرت و بە "کارەساتێکی بێوێنە" و "هەنگاوێک بەرەو جەنگێکی بێکۆتا" وەسفی کرد.
هاوکات پێشنیازی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی کرد بە راسپاردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەقامگیرکردنی کەرتی غەززە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە نووسینگەی ماکرۆن بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە: "ئەو راگەیاندنەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە شاری غەززە و ناوچەکانی دیکە، هۆشدارییە لە کارەساتێکی راستەقینەی بێوێنە و هەنگاوێکە بەرەو جەنگێکی بێکۆتا." ماکرۆن جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە حکومەتی ئیسرائیل دەستبەجێ کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت و ئاگربەستێکی هەمیشەیی رابگەیەنێت.
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریشیدا کە بارمتە ئیسرائیلییەکان و دانیشتووانی غەززە یەکەم قوربانییەکانی ئەم ستراتیژییەتە دەبن.
ئەم لێدوانانەی ماکرۆن لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل هەفتەی رابردوو پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززەی پەسەند کرد، کە ئەمەش کاردانەوەی تووندی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە.
لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکەیان و رۆژی یەکشەممە رایگەیاند: "پلانی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە باشترین رێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ." نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجی پلانە نوێیەکانی هێرشکردنە سەر غەززە، لەناوبردنی حەماسە و وتیشی: "لە کاتێکدا حەماس ڕەتیدەکاتەوە چەک دابنێت، ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی تری نییە جگە لە تەواوکردنی ئەرکەکە و بەزاندنی."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشیکردەوە کە پلانەکەیان گواستنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی و دروستکردنی رێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان لەخۆدەگرێت. هەروەها پێنج بنەمای بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەززە خستەڕوو کە بریتین لە: چەککردنی حەماس، گەڕانەوەی بارمتەکان، داماڵینی غەززە لە چەک، کۆنترۆڵی ئەمنی تەواوی ئیسرائیل لە غەززە، و بوونی ئیدارەیەکی مەدەنی کە سەر بە حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستینی نەبێت.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەشداری راستەوخۆی ئەمریکا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بە کردەوە، هیچ بوارێکی بۆ متمانە نەهێشتەوە.
هاوکات مەجید تەخت رەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستانکار، ئاماژەی بە ئەگەری کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان کرد لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا.
دەشڵێت، "تاران دەتوانێت لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و قازانجی هاوبەشدا کاربکات، لەسەر کاتی دیاریکراو بۆ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئاشتیانەلە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان".
بەڵام رەوانچی ئاستی پیتاندنەکەی دیارینەکردووە کە ئێران دەتوانێت کەمیبکاتەوە وتیشی، داواکاری واشنتۆن بۆ راگرتنی تەواوەتی پیتاندن دەبێتە هۆی شکستی هەر رێککەوتنێک.
کەناڵەکانی پەیوەندیکردن کراوەن
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەدا، کەناڵەکانی پەیوەندیکردن لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە بە کراوەیی ماونەتەوە، بەڵام وادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی دیاری نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەقائی باسی لەوەشکردووە، “متمانەمان بە ئیدارەی ئەمریکا نییە تەنانەت لە کاتی دانوستانیش متمانەمان پێیان نییە".
وەزارەتی ناوخۆی سوریا رایگەیاند، ئیدانەی رووداوەكەی نەخۆشخانەی سوەیدا دەكەن و ئەوانەی تێوەگلاون سزا دەدرێن.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئیدانەی رووداوی كوشتنی كارمەندانی تەندروستی دەكەن كە لە نەخۆشخانەیەكی پارێزگای سوەیدا روویداوە و لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بەردەوامە و ئەوانەی تێوەگلاون بە سزای خۆیان دەگەن بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنگرییان بۆ هەر لایەنێك.
دەشڵێت، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروباری ئاسایش، سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكە دەكات بە ئامانجی دەستگیركردنی تاوانبارەكان لە زووترین كاتدا.
ئەوەش لەكاتێكدایە، روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ گرتە ڤیدیۆییەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا تەقە لە كارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەیەكی پارێزگای سوەیدا لە باشوری سوریا دەكرێت و تەرمی دەیان كارمەند لەسەر زەوی كەوتووە.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێت.
وتیشی، دانپێدانان بە مەرجی بەڵێنەکانی دەسەڵاتی فەلەستین دەبێت و ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە چارەنووسی گەلی فەلەستین و "هیچ ئایندەیەک بۆ حەماس لە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا نییە".
باسی لەوەشکرد، دۆخی غەززە خراپترین رەوشی مرۆیی لە جیهاندا تێپەڕاندووە و ئیسرائیل بەردەوامە لە سەرپێچیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەشڵێت چارەسەری دوو دەوڵەتی باشترین بژاردەیە.
رونی کردەوە، بە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی وتووە " رەوشەکە پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی هەیە نەک سەربازی".
هاوکات، کریستۆڤەر لوکسۆن سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند، حکومەتەکەی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی لە مانگی ئەیلولدا بڕیارێکی فەرمی دەدات و لە "هەفتەی سەرکردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا" ناوەڕۆکەکەی دەخاتە روو.
عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەردانی بەغداد دەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە میدیاكانی عیراقی راگەیاندوە، لە دوای دەستبەكاربونی وەك ئەمینداری ئەنحومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئەمرۆ لاریجانی یەكەم سەردانی رەسمی بۆ بەغداد ئەنجام دەدات و لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق كۆدەبێتەوە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان تاوتوێ دەكرێن.
لاریجانی رایگهیاندووه گرنگترین ئامانجی سهردانهکهی ئیمزاکردنی رێککهوتنی ئهمنی نێوان ئێران و عیراقه.
لە چەند رۆژی رابردوودا، مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران مەرسومێكی دەركرد كە لە رێیەوە عەلی لاریجانی وەك ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكە دیاریكرا.
ئەم دەستبەکاربوونەوەیەی لاریجانی بۆ ئەو پۆستە لەکاتێکدایە، پێشتر لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2007 بەڕێوەی بردووە.
لاریجانی 3 جار لە ئێران خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، دوایین جار لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی 2024دا بوو، کاتێک بەهۆی تێکشکاندنی فڕۆکەکەیەوە ئیبراهیم رەئیسی کۆچی دوایی کرد.
ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران رەزامەندی لەسەر پرۆژە یاسای لابردنی 4 سفر لەسەر دراوی نیشتمانی پەسەند كرد .
فاتمە مهاجرانی وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، حكومەت تاوتوێی پرۆژە یاسای لابردنی چوار سفری سەر دراوی نیشتمانی كردوە و بە كۆی دەنگ پرۆژە یاساكە پەسەند كراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژە یاساكەدا، بابەتەكە بە وردی بۆ گەلی ئێران روندەكرێتەوە تاکاتی جێبەجێکردنی پرۆژە یاساكەش دوو دراو بۆ ماوەیەك بەكاردەهێنرێت.
بە وتەی مهاجرانی، ئەو بابەتە لە ساڵی 2008وە دەستیپێكردوە و چەندین جار لەلایەن پەرلەمان و کابینە جیاوازەکانی حکومەتەوە تاوتوێكراوە، لە كۆبونەوەكانی داهاتووی حكومەتیشدا وردتر تاوتوێ دەكرێت .
بومەلەرزەیەك بە گوڕی 6.1 پلە بە پێوەری رێختەر رۆژئاوای توركیای هەژاند و بەهۆیەوە كەسێك گیانی لەدەستدا و 29ی تر بریندار بوون، هەروەها 16 باڵەخانە رووخاون.
دەزگای بەڕێوەبردنی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا 'ئافاد' رایگەیاندووە، بومەلەرزەكە بە نزیكەیی سەعات ٨ی شەوی رابردوو لە رۆژئاوای توركیا رویداوە و لە زۆرینەی شارەكانی ئەو ناوچەیە هەستی پێ كراوە.
لەو بارەیەوە عەلی یەرلی كایا وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی بومەلەرزەكەوە پاش ماوەیەكی كەم لە رزگاركردنی لەژێر داروپەردوودی ماڵەكەیدا، پیاوێكی تەمەن 81 ساڵ گیانی لەدەستداوە.
راشیگەیاندووە، 29 كەسی دیكە بریندارن، كە برینی كەسیان سەخت نییە و لەئێستادا چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
وەزیری ناوخۆی توركیا ئەوەشی خستووەتە روو، هەر بە هۆی بومەلەرزەكەوە 16 باڵەخانە رووخاون، كە چواریان شوێنی نیشتەجێبوون بووە و 12یان چۆڵ بوون و كەسی تێدا نەژیاوە.