عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئێران هێشتا بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستادا دەکەن کە دۆخی شەڕە.

ناوبراو جەختی لەسەر بەردەوامبوونی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی سەربازی و بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری کردەوە، سەرەڕای بەڕێوەچوونی ئاگربەست.

ئەکرەمی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێران لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە رایگەیاندووە کە متمانە بە دوژمن ناکات، هۆشداریشی دا و وتی: ئێستاش ئێمە خۆمان لە دۆخی شەڕدا دەبینین و کاتمان بەفیڕۆ نەداوە، بەڵکو کارمان کردووە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریمان.

پێشتریش وتەبێژی سوپای ئێران لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا رایگەیاندبوو کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە دۆخی ئامادەباشیدان، وە ئاگربەست لە رووی ئامادەباشی سەربازییەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دۆخی شەڕدا نییە.

دووپاتیشی کردەوە کە تەواوی یەکە سەربازییەکان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی بەرنامە بەرگرییەکانیان و خۆئامادەکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی مەیدانی.