بنیامین ناتانیاهۆ: دانیشتوانی غەززە دەتوانن بڕیار لەسەر مانەوە یان جێهێشتنی خاکەکەیان بدەن
بڵند
٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی و چەکداماڵین لەو ناوچەیە سەرناگرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دانیشتوانی غەززە دەتوانن بڕیار لەسەر مانەوە یان جێهێشتنی خاکەکەیان بدەن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە نابێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشە ئەمنییەکان لە غەززەوە کەمبوونەتەوە و دروستکردنی ناوچەی پاراستن یارمەتیدەر بووە بۆ سەقامگیرکردنی ئەم رەوشەی ئێستا.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ئەوەشیخستوەتەڕوو، بەهۆی باشبونی رەوشی ئەمنییەوە خواست لەسەر خانووبەرە لە ناوچەکانی نزیک لە غەززە زیادی کردووە و دوپاتیکردەوە، ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە پەیوەستە بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی و داماڵینی چەک لەو ناوچەیە.
لەبارەی لوبنانیشەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت؛ سوپای وڵاتەکەی شەرعیەتی هەیە کە بە درێژایی "هێڵی زەرد" لە باشووری لوبنان ئامادە بێت و ئاشکراشی کرد، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل نەکردووە خۆی بەدور بگرێت لە هەنگاونان بەرانبەر هێرشەکانی حزبوڵا و لەناو بردنی پێگە و تونێلەکانی.



