سوریا؛ بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی سوتەمەنی رۆژانە زیاتر لە حەوت ملیۆن لیتر بەنزین رەوانەی وێستگەکان دەکرێت
بڵند
٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
کۆمپانیای گشتیی نەوتی سوریا رایگەیاند، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی یەدەگی وێستگەکانی سووتەمەنی و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی پرۆسەی دابەشکردن، زیاتر لە حەوت ملیۆن لیتر بەنزینیان رەوانەی تەواوی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە کردووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی ب کردووە کە بە شێوەی 24 سەعاتی لە رێگەی سێ دەوامی یەکبەدوایەکەوە کار دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ لە هەردوو مادەی بەنزین و گاز..
کۆمپانیاکە رونیشیکردەوە، تەنیا لە یەک رۆژدا 305 تانکەری بەنزین لە هەردوو ناوەندی دابەشکردنی "بانیاس" و "حومس"ەوە بەڕێکەوتوون، کە بڕی هەر بارێکیان 24 هەزار لیتر بووە؛ بەمەش کۆی گشتیی سووتەمەنی نێردراو گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و 320 هەزار لیتر.
کۆمپانیاکە جەختیکردوەتەوە، پشتبەستن بە بەرهەمی پاڵاوگەکانی ناوخۆ و هاوردەکردنی دەرەکی، بەشێکن لە پلانە لۆجستییەکانیان بۆ جێگیرکردنی رەوشی دابینکردنی وزە و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دانیشتووان و کەرتە خزمەتگوزاریی و بەرهەمهێنەرەکان لە سوریادا.
ئەمە لە کاتێكدایە ماوەیەک لە تەواوی سوریا، کێشی کەمی سوتەمەنی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندینجار هاووڵاتیان گردبونەتەوە و نارەزایەتییان دەربڕیوە، کە جگە لە کەمی سوتەمەنی بەرزی نرخەکەشی بوەتە بارگرانییەکی تر بۆ ژیانی رۆژانەیان.


