وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختدەکاتەوە، ناکرێت گەروی هورمز ببێتە گۆڕەپانی نمایشکردنی هێزی سەربازی لەلایەن ئەو هێزانەی کە سەر بەم ناوچەیە نین.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی رایگەیاند: "وڵاتەکەی هۆشداری دەدات لە هەر جووڵەیەکی سەربازی لە ناوچەکەدا کە ببێتە هۆی زیاترکردنی گرژییەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەوڵەتانەی کە دەکەونە سەر کەناراوەکانی گەروی هورمز، خۆیان بەرپرسیارێتیی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەگرنە ئەستۆ، هاوكات دووپاتی کردەوە کە "هەر لایەنێک هەوڵی نانەوەی قەیران بدات، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە دەرئەنجامی سەرکێشییەکانی."

ئەم لێدوانانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدا دێن، کە گرژییە ناوچەیییەکانی پەیوەست بە هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمزدا بەردەوامییان هەیە، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ستراتیژییەکانی جیهان بۆ هەناردەکردنی نەوت.