سبەینێ لە موسەلای ئیمام خومەینی نوێژ لەسەر تەرمی خامنەیی دەكرێت
هادی
٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی رابەری باڵای پێشووی ئێران لە تاران دەستپێكرد، سبەینێش لە موسەلای ئیمام خومەینی نوێژ لەسەر تەرمەكەی دەكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە بەشداری هەزاران كەس لە شاری تاران رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای پێشوی ئێران دەستپێكرد، 14 هەزار رۆژنامەنوسی ناوخۆیی و 900 رۆژنامەنوسی بیانی روماڵی رێوڕەسمەكە دەكەن، بڕیارە سبەینێش لە موسەلای ئیمام خومەینی نوێژی لەسەر بكرێت.
رەحیم سەفەوی راوێژكاری باڵای فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئێرانیش رایگەیاندووە، ئامادەبوونی خەڵك بەو ژمارە زۆرە، پەیامی خۆڕاگری و بەرگرییە و هۆشداریدانە بە ئەمریكا كە چاوەڕوانی دەكرد بگەن بە ئامانجەكانیان.
بڕیارە چوارشەممەی داهاتووش لە كەربەلا، بە بەشداری لێپرسراوانی باڵای عیراق رێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ عەلی خامنەیی رێكبخرێت و رۆژی پێنجشەممەش لە شاری مەشهەد لە ئێران بەخاك دەسپێردرێت.
بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ئێرانیش رایگەیاندووە، رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر و هیچ هەوڵێكی تێكدەرانەش لە شوێنی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكە رووینەداوە.
سوپای پاسدارانیش، هۆشداریی توندی بە ئەمریكا و ئیسرائیل داوە و رایگەیاندووە، پێویستە خۆیان لە هەر جۆرە كارێكی تێكدەرانە بەدوور بگرن، چونكە بە توندی وەڵامیان دەدرێتەوە.



