سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بەرەسمی ئەنجامدانی هێرشێکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی "العدیری" و شوێنی حەوانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتی کوێت راگەیاند. 

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردووە، دوژمن دەبێت باجی پەیمانشکێنییەکانی ببات و ئەمجارە رێگە نادەن ئەمریکا لەڕێگەی ئاگربەستی هەڵخەڵەتێنەرەوە دەرفەتی کۆکردنەوە و پڕکردنەوەی کۆگاکانی نەوت و تەقەمەنییەکانی دەستبکەوێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی.

لە راگەیەندراوەکەدا،  جەختکراوەتەوە ئەمریکا دوای شکستی لە مەیدانی جەنگدا، دووبارە دەیەوێت بە فێڵ و تەڵەکە دەرفەتێک بۆ هەناسەدان و نوێکردنەوەی تواناکانی دروستبکات، بەجۆرێک لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا بە بەردەوامی باسی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەکات.

سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، سوپای ئەمریکا لە هێرشەکانی دوێنێیدا فڕۆکەی بۆمبڕێژی بەکارهێناوە، کە لە بنکەی "فێرفۆرد" لە بەریتانیاوە هەستاوە و هۆشداریی توندی داوە، کە هەر بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر خاکی ئێران بەکاربهێنرێت، بە ئامانجێکی رەوای هێزەکانیان دەزانن.