قائانی: یەکگرتوویی بەرخۆدان هێزی نەتەوەی ئیسلامە
بڵند
٢٠ی ئازاری ٢٠٢٦
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، ستایشی هێزەکانی "بەرەی مقاوەمە" کرد و رایگەیاند، کە هێزە چەکدارەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە بڕیاری خۆیان هاتوونەتە ناو جەنگی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران.
دوای ماوەیەکی زۆر بێدەنگی، ئیسماعیل قائانی بێ دەنگی شکاندوە و پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە، کە یەکگرتویی بەرخۆدان هێزی نەتەوەی ئیسلامە و کابوسە بۆ خۆبەزلزانانی جیهان و بووەتە مۆتەکەی ترس بۆ ئیسرائیل.
لە پەیامەکەیدا، قائانی بەڵێنی داوە، کە لە داهاتودا ئەم "بەرەی مقاوەمە" سوپرایز و کردەوەی شۆکهێنەری تریان دەبێت بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، فەرماندەی فەیلەقی قودس جەختی لە بەردەوامی رێبازی رابەرانی پێشوی ئێران ( خومەینی وعەلی خامنەیی) کردوەتەوە.
وتوشیەتی، کە رێبازەکە بە پشتیوانی رابەری نوێ، موجتەبا خامنەیی بە بەهێزی بەردەوام دەبێت و مردنی سەرکردەکانیش تەنها دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی زیاتری "بەرەی مقاوەمە" لە داهاتودا.


