سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: لاریجانی کوژراوە و سوپرایزی تریشیان بۆ تاران هەیە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیی نوێدا کوژرانی عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیپشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، هێشتا چەندین "سوپرایزی" تریان بۆ تاران ئامادە کردووە کە لە کاتی خۆیدا ئاشکرای دەکەن.

ناتانیاهۆ جەختی لەوەکردەوە، سوپای وڵاتەکەی سورە لەسەر بەدیهێنانی سەرکەوتن و وتی: "خەریکە دەگەینە خاڵێک کە ببینە هێزێکی گەورەی جیهانی لە تەنیشت ئەمریکاوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم گورزە سەربازییانە پایەکانی دەسەڵاتی ئێرانی هەژاندووە و هیوای خواست ئەمە ببێتە دەرفەتێک بۆ گەلی ئێران تا "چارەنووسی خۆیان بەدەست خۆیان دیاری بکەن."

هاوکات، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، کوژرانی لاریجانی و فەرماندەی هێزەکانی بەسیجی لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا پشتڕاست کردەوە. کاتس وتی: "لاریجانی فەرماندەی راستەقینەی وڵات بوو. پێشتریش وتبوومان کە هەر شوێنگرەوەیەک دەستنیشان بکرێت دەیکەینە ئامانج و بەردەوام دەبین لە ڕاوەدوونانی سەرکردەکانی تاران."