ناتانیاهۆ پاڵپشتی خۆی بۆ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران راگەیاند
محەمەد رزگار
١٣ی نیسانی ٢٠٢٦
لە چوارچێوەی گۆڕینی هاوکێشە سەربازییەکانی ناوچەکە، تەلئەبیب پلانی توندکردنی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران دەخاتەڕوو، هەروەها ستراتیژییەکی نوێی هاوبەش لەگەڵ واشنتۆن رەچاو دەکات.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، زنجیرەیەک لێدوانی توندی سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرانبەر ئێران و حزبوڵا راگەیاند. ناتانیاهۆ پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا.
ناتانیاهۆ جەختی کردەوە، ئیسرائیل پاڵپشتی هەڵوێستی ترەمپ دەکات بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر تاراندا، ئاماژەی بەوەشکرد، جەنگ لەگەڵ ئێران بەردەوامە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەوان و ئەمریکییەکان گەرەنتی کردنی ئەوەیە کە ئێران نەتوانێت یۆرانیۆم بپیتێنێت و دەبێت هەموو مادە پیتێنراوەکانی لێ وەربگیرێتەوە.
سەبارەت بە لوبنان، ناتانیاهۆ رەتیکردەوە تەنها باس لە "پێنج خاڵی سنوری" بکرێت، بەڵکو ئاشکرایکرد، پلانیان هەیە ناوچەیەکی ئەمنی "بەهێز و قوڵ" لە باشوری ئەو وڵاتە دروست بکەن.
ناتانیاهۆ راشیگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی ئەو گوندانە دەکەن کە حزبوڵا تێیدا باڵادەست بووە و بە تەواوی تێکیان دەشکێنن.
ئەم لێدوانانەی نەتانیاهۆ هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر رێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکە و نیشاندەری هەماهەنگییەکی بەهێزی نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب-ە بۆ گۆڕینی هاوکێشە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.



