سوپای ئیسرائیل: لە روبەڕوبوونەوەیەكدا لەگەڵ حزبوڵا 10 سەربازمان برینداربوون
هەساو ئەمیر
١٥ی نیسانی ٢٠٢٦
ئیسرائیل كوژرانی ژمارەیەك چەكداری حزبوڵای لە باشوری لوبنان راگەیاند و دەشڵێت، بەیانی ئەمڕۆ لە باكوری ئیسرائیل بەرپەرچی 30 موشەكی حزبوڵایان داوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە روبەڕوبوونەوەیەكدا لە ناوچەیەكی باشووری لوبنان ژمارەیەك چەكداری حزبوڵایان كوشتووە و 10 سەربازی ئیسرائیلیش برینداربوون، كە سیانیان برینەكانیان سەختە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەیانی ئەمڕۆ هێرشێكی موشەكییان بۆسەر باشوری لوبنان ئەنجامداوە و بەرپەرچی 30 موشەكیشیان داوەتەوە كە لەلایەن حزبوڵاوە ئاراستەیان كراوە و دەستیشیان بەسەر ئەو سەكۆیانەی حزبوڵادا گرتووە كە موشەكەكانی لێوە هەڵداوە.
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەكانیان بە چڕی لە دژی حزبوڵا لە باشوری لوبنان بەردەوام دەبێت و رێگە نادەن ببێتە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایش و ئارامی دانیشتوانی ئیسرائیل.
میدیاكانی لوبنانیش ئاماژەیان بەوەكردووە، بەهۆی هێرشەكانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیلەوە تائێستا نۆ كەس كوژراون و 10ی تر برینداربوون.



