سیاسەتەمەدارێكی كورد دەڵێت هەموو لایەنەكانی ناو پەرلەمانی توركیا جگە لە ئاكەپە دەیانەوێت یاسایەك بۆ پرۆسەی ئاشتی پەسەند بكرێت.

مەراڵ دانش بەشتاش، هاوسەرۆكی كۆنگرەی دیموكراتی گەلان (هەدەكە) رایگەیاند، لێپرسراوانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) و هەندێك لە دەسەڵاتدارانی تری توركیا بە بیانووی ئەوەی متمانەیان بە بێدەنگكردنی چەك لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە نییە، هەنگاوی راستەقینە بۆ پرۆسەی ئاشتی نانێن.

وتیشی، ئەگەرچی ناكۆكی و لێكتێنەگەیشتن لە نێوان لایەنەكانی توركیا هەیە، بەڵام پرۆسەی ئاشتی نەوەستاوە.

مەراڵ بەشتاش دانش دەشڵێت، دەركردنی یاسا لە پەرلەمانی توركیا بۆ پرۆسەی ئاشتی دەتوانێت ببێتە هۆكاری خێراتربوونی پرۆسەكە و ئەوانەشی دەستبەرداری چەك بوون دەتوانن تێكەڵ بە كۆمەڵگە ببن و بەشداریی خەباتی سیاسی بن لە توركیا.

هاوسەرۆكی هەدەكە جەختیشیكردوە، دانانی یاسا متمانەی لایەنەكان بە پرۆسەی ئاشتی زیاتر دەكات و پێویستە پەرلەمانی توركیا پێش ئەوەی لە مانگی حەوتی داهاتوودا بكەوێتە پشووەوە، پرۆژەیاساییەك بۆ پرۆسەی ئاشتی پەسەند بكات.