زیاتر لە 30 پارت و لایەنی رۆژئاوای كوردستان جەخت لە خۆبەڕێوبەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكەنەوە و دژی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی هەسەدە لە ناو سوپای سوریا راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە.

دەسەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە هەوڵی تێكەڵكردنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە بە سوپای وڵاتەكە دەدات و كورد بە بەشێكی دانەبڕاوی سوریا ناودەهێنێت، ئەوەش ناڕەزایەتی هەسەدە و 35 پارت و لایەنی رۆژئاوای كوردستانی لێكەوتوەتەوە.

ئە پارتانەی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە كردوە كە وتەكانی تۆماس باراك نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا سەبارەت بە تێكەڵكردنەوەی هەسەدە لە سوپای سوریا و راگەیەنراوی دەسەڵاتی دیمەشق بۆ رەتكردنەوەی سیستمی خۆسەریی باكوری و رۆژهەڵاتی سوریا رەتدەكەنەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە لە دوای ساڵی 2011 و دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی سوریا رۆژئاوای كوردستان بە بەردەوامی هەوڵی پاراستنی سەرجەم پێكهاتەكانی پێكەوە داوە و دوای دروستبونی هەسەدەش ئەو هێزە بە هاوبەشی و بە هاوكاریی ئەمریكا رۆڵی لە بەرەنگاربونەوەی داعش هەبوە، بۆیە پێویستە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و هێزەكانی سوریا لە چوارچێوەی سیستمی خۆسەریدا یەكپارچەیی خاكی سوریا بپارێزن.

ئەو پارتانە جەختیان لەوە كردوەتەوە كە پێویستە ئەمریكا بە دژایەتیی هەسەدە لە رۆڵی ئەرێنیی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كەم نەكاتەوە و پشتوانیی خۆسەریی بكات بەرانبەر دەسەڵاتی دیمەشق.