تۆم باراك، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا، رۆژی شەممە ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە هەسەدە لە پڕۆسەی تێکەڵبوون بە حکوومەتی سوریادا دەرفەتێکی ڕێزلێگیراوی پێ دەدرێت.

باراك لە لێدوانێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشییەتید پرێس رایگەیاند کە متمانەی تەواویان بە دیمەشق هەیە، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێگە بە هەسەدە نادرێت “حکوومەت لەناو حکوومەت” دروست بکات.

نێردەی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و کوردانی رۆژئاوادا نییە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی سوریا لەگەڵ هەسەدە لەسەر پلانی تێکەڵکردنی هێزەکانیان ناکۆکن.

باراک وتی: “دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە کە هەسەدە لە تێکەڵبوون بە حکوومەتی سوریا، دەرفەتێکی ڕێزلێگیراوی پێ دەدرێت، هەروەها ئێمە متمانەی تەواومان بە دیمەشق هەیە”.

سەبارەت بە هاوسۆزی لەگەڵ هەسەدە، نێردەی ئەمەریکا ڕونی کردەوە کە هەرچەندە هەسەدە پێی وایە ئەمەریکا پێویستە هاوسۆز بێت، بەڵام گەر داوکارییەکانیان لۆژیکی نەبن، واشنتن ناچار نییە هاوسۆزیان بێت و خۆی بە قەرزاریان نازانێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت.

دەربارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا، باراک ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بە هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکە “ئازایەتی نیشان داوە بەوەی هەلێکی دیکەی پێ داون”.

هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمەریکا لە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا پەلە ناکات.