سێ کەس لە هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە هێرشێکی چەکدارییدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کوژران. دواتر گرووپی جەیشولعەدل بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سیستان و بەلووچستان، دوێنێ هەینی لە شاری چابەهار کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردە سەر یەکەیەکی پۆلیس و رووبەرووبوونەوەیەکی توند لە نێوانیاندا روویدا.

*کوژراوەکان بریتی بوون لە: حوسێن جەعفەرنیا، عەباس بێیرەقی فەرد و حەمیدڕەزا میرشاهی، سێ ئەندامی هێزەکانی پۆلیس کە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.

گرووپی سوننە مەزهەبی جەیشولعەدل کە گروپێکی چەکداری بەلوچەکانە و بارەگاکانی لە پاکستانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و رایانگەیاند، "ئێمە هێرشەکەمان ئەنجامدا"

گرووپە چەکدارییەکە دەڵێت؛ هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی چوار ئەندامیان لە بۆسەیەکی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شاری چابەهار.