میدیاكانی ئێران برینداربوونی مەسعود پزیشكیان لە هێرشێكی ئیسرائیلدا پشتڕاستدەكەنەوە
کەژان
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
بۆ یەكەمینجار میدیاكانی ئێران برینداربوونی سەرۆك كۆماری ئیرانیان لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئەو وڵاتە دوپاتكردەوە.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران وردەكارییەكانی سەبارەت بە برینداربوونی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە هێرشێكی ئیسرائیل لە 16ی مانگی رابردوو بۆسەر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بڵاوكردەوە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هێرشەكەدا كە بە شەش موشەك كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییان كردبووە ئامانج، قاچێكی سەرۆك كۆماری ئێران بە سوكی بریندار بووە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكە، لە كاتی هێرشەكەی ئیسرائیلدا سێ سەرۆكایەتییەكە و چەندین لێپرسراوی باڵا ئامادە بوون، بۆیە ئیسرائیل بە نیاز بووە هەمان سیناریۆی كوشتنی حەسەن نەسروڵا سەرۆكی حزبوڵای لوبنان لە تاران دوبارە بكاتەوە.
ئەوەش ئاشكرا كراوە، بەرپرسانی ئێران لە كاتی هێرشەكەدا بە بەكارهێنانی رێگای فریاگوزاری كە پێشتر ئامادەكرا بوو لە شوێنی كۆبوونەوەكەوە خۆیان رزگار كردووە، بەڵام بەشێكیان هەر برینداربوون.
ئاژانسەكە راشیگەیاندووە، ئەو كۆبوونەوە زۆر هەستیار بووە، دزەپێكردنی زانیارییەكان و گەیشتنی بە دەستی ئیسرائیل گومانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە بۆیە لە ئێستادا لێكۆڵینەوەی ورد سەبارەت بەو رووداوە لە تاران دەستیپێكردووە.
پێشتر، پزیشكیان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵی كوشتنی داوە، بەڵام وردەكارییەكەی ئاشكرا نەكرد.