ناتانیاهۆ: دروزەکان لە سوریا دەپارێزین
محەمەد رزگار
١٥ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئەو هێز و چەکانە دەستپێرکرد کە سوپای سوریا رەوانی سوەیدای کردووە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند: ناهێڵین دروزەکان زیانییان پێبگات.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، سوپای وڵاتەکەیان راسپارد کە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی سوپای سوریا و ئەو چەکانەی کە هێنراونەتە ناوچەی سوەیدا لە باشووری سوریا، جەختشیان لەوەکردەوە، ئیسرائیل پابەندە بە رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە دروزەکان لەو وڵاتەدا.
نەتانیاهۆ و کاتز رایانگەیاند، ئەو کارەی حکومەتی سوریایان لە دژی دروزەکان بە پێشێلکردنی سیاسەتی داماڵینی چەک دەزانین، ئەمەش مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست دەکات.
دووپاتیشیان کردەوە، ئیسرائیل پابەندە بە رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە دروزەکان لە سوریا، دەشڵێن، ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی حکومەتی سوریا زیانیان پێ نەگەیەنێت و دڵنیابین لە پاراستنی سنورەکانمان لەگەڵ باشوری ئەو وڵاتە.
جێگەی ئاماژەیە، ماوەی چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزی لە سوەیدای باشوری سوریا، لەنێوان دروزەکان و سوپای سوریا دروستبووە و چەندین کوژرا و برینداری لێکەوتوەتەوە، ئەمڕۆش ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوپای سوریا دەستپێکرد.