باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل ئاگادارییەکی ئەمنیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی کەڵەکەبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باری ئەمنی بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە و ئەگەری ئاڵۆزبوونی چاوەڕواننەکراوی رەوشەکە هەیە.
باڵیۆزخانەکە داوای لە تەواوی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە کرد کە لە ناوچەکەن، هوشیار بن و رەچاوی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی ئاسمانی ناوچەکە و دروستبوونی ئاستەنگ لە هاتووچۆدا بکەن.
هەروەها رێنمایی دەداتە هاووڵاتییان: لە رێگەی هێڵە ئاسمانییەکان یان لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمیی فڕۆکەخانەکانی تەلئەڤیڤ و حەیفاوە بەدواداچوون بۆ رەوشی گەشتەکانیان بکەن.
لەلایەکی ترەوە، ئاگادارییەکە ئاماژەی بەوە کردووە: ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش کراونەتە ئامانج، و هۆشداری دا لەوەی ئەگەری هەیە ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانی ئامانجی تری ئەمریکی، لەوانە کۆمپانیا و دامەزراوە ئەمریکییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بکەنە ئامانج.
لە کۆتاییدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە: بەشە کۆنسوڵییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس و نوسینگەی باڵیۆزخانە لە تەلئەڤیڤ کراوەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییە ئاسایی و بەپەلەکان.
محەمەد باقر قاليباف، سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئێران، هۆشداری دەدات لەبارەی نەخشەیەکی نوێی ئەمریکا هاوکات وهەڕەشەی "وەڵامی سەربازی" دەکات لەبەرانبەر سەپاندنی هەر گەمارۆیەکدا.
قاليباف، لە یەکەم وتاری تۆمارکراویدا بۆ گەلی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد: ئەمریکا هەوڵ دەدات شکستی گەورەی خۆی لە کایەکانی سەربازی و دیپلۆماسیدا قەرەبوو بکاتەوە.
جەختیشی کردەوە: تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە پێویستی بە هۆشیاریی تەواو و یەکڕیزیی نیشتمانیی بەهێز هەیە لە نێوان بەرپرسان و هاووڵاتییاندا.
روونیشی کردەوە: دوای ئەوەی ئەمریکا تێگەیشت لەوەی ناتوانێت لە رێگەی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆوە دەستکەوت بەدەستبهێنێت، پەنای بردووەتە بەر ستراتیژیی "جەنگی لێکدراو".
ئاماژەی بەوەش کرد: ئامانجی راشکاوانەی ئەم ستراتیژییە، هەڵگیرساندنی ئاڵۆزی و ئاژاوەیە لە ناوخۆی وڵاتدا، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی کردەی تیرۆرکردن و هێرشی سەربازیی سنووردار و کورتخایەن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە: هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، وەڵامی یەکلاکەرەوەی دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەم نەخشەیەی دوژمن بۆ تەواوی بەرپرسانی دەوڵەت روون بووەتەوە، کە ئەمەش پێویستی بە وشیاریی تەواو هەیە بۆ ئەوەی رانەکێشرێنە ناو هەوڵەکانی تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی توندتر بکات، ئێمە بە رێگەی سەربازی وەڵام دەدەینەوە، چونکە گەمارۆدان یەکێکە لە شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، وپێشتریش وتبوومان، ئەگەر ئێران نەتوانێت نەوتەکەی بنێرێتە دەرەوە، هیچ کەسی تر ناتوانێت نەوتەکەی هەناردەبکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، واشنتۆن پێچەوانەی یاداشتی لێکتێگەیشتن دەیەوێت لە رێڕەوی باشوری گەرووی هورمزەوە تێپەڕێت، بەڵام تاران رێگە بەوە نادات.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، سەڕەڕای ئەوەی دوژمن توانیویەتی چەند کەشتییەک لە گەروی هورمزەوە تێپەڕێنێت، بەڵام هێزەکانی ئێران کۆنترۆڵی گەروەکەیان کردووە و رێگە بە دەستپێکردنەوەی هاتووچۆ تێیدا نادەن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاشکراشیکرد، لەگەڵ عومان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە گەروی هورمز و سەپاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ئێرانی بەسەر گەروەکەدا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە.
تاران بەرپرسیارییەتیی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئیسلام ئاباد دەخاتە ئەستۆی واشنتۆن و جەخت دەکاتەوە ملکەچی داواکارییەکانی ئەمریکا نابێت.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفراسنی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند، لە هەر گفتوگۆیەکدا لەبارەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، نابێت ئەوە فەرامۆش بکرێت کە ئەمریکا رێککەوتنێک بە رەسمی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتیدا ئیمزای لەسەر کردبوو، پێشێلیکردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئەمریکی تەنها 22 رۆژ دوای ئیمزا کردنی رێککەوتنەکە، بە ئاگادارییەوە بڕیاری پێشێلکردنی داوە، جەختیشی کردەوە، بەردەوامیی گەمارۆکان و گۆشەگیریی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە، بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بە سەردانی سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران، بەقائی روونیکردەوە کە ئەو سەردانە لە چوارچێوەی رۆڵی ئیسلام ئاباد بووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران بەرژەوەندیی نیشتمانی دەکاتە بنەما بۆ بڕیارەکانی و ملکەچی سەپاندنی داواکارییەکانی واشنتۆن نابێت.
ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، گەلی روسیا بە هاوسۆزییەوە لە پشت گەلی ئێران وەستاوە و بەرگریی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نێوانیان دەکەن و بەڵێنیش دەدات هاوکاری ئێران بکات.
لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران، لە لوتکەی رێکخراوی هاریکاریی شەنگهای ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا جەختی لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
پوتن رایگەیاند، روسیا و ئێران سەرەڕای رەوشی سەربازی و سیاسی، هاوشێوەی ساڵی رابردوو پەیوەندییە ئابورییەکانیان دەپارێزن .
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم کاتە سەختەدا وەک روسیا هەوڵدەدەن هاوکاری تاران بکەن و کەلوپەلی پێویستی بۆ دابین بکەن.
لە میانی دیدارەکەدا پوتین داوای لە هاوتا ئێرانییەکەی کرد، سڵاوی خۆی بە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران بگەیەنێت و جەختیشی لەسەر قووڵایی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە.
میدیاکانی سوریا رایانگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە کۆگایەکی تەقەمەنی لە سوریا تەقیوەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی میدیاکانی سوریا: ئەمڕۆ کۆگایەکی تەقەمەنی لە گەڕەکی رۆژئاوا لە شارۆچکەی بنش لە گوندەواری ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا تەقیوەتەوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە بزانرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە: هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ شوێنی روداوەکەیان گەمارۆ داوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش دەستیان بە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە کردووە کە لە ئەنجامی تەقینەوەی کۆگاکەوە کەوتووەتەوە.
عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی توشی دارمانی ئابوری سەخت نەبووە و ئەگەری هەڵئاوسانی گەورەش لاوازە، جەختیش لە بونی دراوی بیانی پێوسیت دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا کاریگری گەورەی لەسەر وڵاتەکەی کردوە، بەڵام ئەگەری داڕمانی ئابوری وڵاتەکەی زۆر لاوازە.
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئابوری ئێران بە تەواوەتی داڕماوە و هیمەتی لە وەڵامی ئەو پەیامەدا دەڵێت؛ ئەو قسەیە بە هیچ شێوەیەک راست نییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، وڵاتەکی بڕی پێویست دراوای بیانی لە بەردەستدایە و بانکی ناوەندیی ئامادەیە زیاتر لە دوو ملیار یۆرۆ بخاتە بازاڕەوە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێڕان لە کاتێکدایە، بەهای تمەن بەرانبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و لە ئێستادا 100 دۆلاری ئەمریکی نزیکە لە 21 ملیۆن تمەن.
جی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران لە گەروی هورمزدا شێتانە رەفتاردەکەن و تەنانەت تەقە لە کەشتیی هاوپەیمانەکانیشیان دەکەن.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز سەبارەت بە جەنگی ئێران رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بەراستی شێتانە رەفتار دەکەن و فەرمانڕەوایانی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر پێشهاتەکاندا ژیری و پلانی ستراتیژیی پێویستیان نییە.
ڤانس ئاماژەی بەوەداوە، کە لەلای ئەوە سەیرە، تەنها بە مەبەستی رێگریکردن لە رەوتی ئازادی هەناردەکردنی نەوت و گاز، ئێرانییەکان تەقە لە هاوپەیمانەکانی خۆشیان دەکەن.
ڤانس دەشڵێت؛ ئەوان پێشبینی ئەوکارەی تارانیان کردوە و تەواوی سەرنج و تەرکیزی ئەمریکا لەسەر دەستەبەرکردنی ئازادیی گەشەی بازرگانی و مسۆگەرکردنی هاتوچۆی کەشتییەکانە لە گەروی هورمزدا.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەخنەی توندی لە هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا گرت بەرانبەر جەنگی ئابوریی ئەمریکا دژ بە وڵاتەکەی.
بەقائی رایگەیاند، پشتیوانیکردنی یەکێتیی ئەوروپا لە فشارە ئابورییەکانی واشنتن، پێشێلکردنی رونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانی خودی ئەوروپایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوکارە پێچەوانەی ئەو بەهایانەیە، کە یەکێتییەکە بانگەشەی بۆ دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت؛ ناکرێت ئەوروپا لەلایەکەوە هاوکار و پشتڕاستکەرەوەی تیرۆری ئابوریی ئەمریکا بێت بۆ سەر گەلی ئێران،لەلایەکی دیکەشەوە بانگەشەی هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکات.
پێگەی ئەکسیۆس بڵاویکردوەتەوە، بە ئامانجی رێگری لە ئێران لە دوبارە بنیاتنانەوەی توانا راداری و موشەکییەکانی دۆناڵد ترەمپ و یاریدەدەرە باڵاکانی تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی سنوردار دەکەن بۆسەر ئێران لە گەروی هورمز.
ئەکسیۆس لە زاری لێپرسراوانی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بە هێرشی سنوردار تواناکانی ئێران لە گەروی هورمز لاواز بکات.
ئەکشیۆس دەڵێت؛ پلانەکە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئامادەکراوە و لەلایەن وەزیری جەنگییشەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئامانج لەم پلانە کەمکردنەوەی مەترسیی هێرشەکانی ئێرانە بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.
ئەکسیۆس ئاشکرای کردوە، سێنتکۆم پێیوایە سوپا پێویستی بە ئەنجامدانی هێرشی خولیی و بەردەوام هەبێت بۆ رێگریکردن لە بەهێزبوونهوهی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی ئێران، تا بتوانرێت هاتوچۆی رۆژانەی کەشتییەکان لە کەنداو بە ئارامی مسۆگەر بكرێت.
دوو دووگەری بچوکی ئێران، یەکێکیان شاریانی هەناردەی نەوتە و ئەوی دیکەیان سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، تێکچوونی ئاسایشی هەر یەکێکیان، بەسە بۆ ئەوەی بازاڕەکانی جیهان و نرخی نەوت توشی شۆک بکات.
لە کۆگاکانی نەوت لە دورگەی خارگەوە تا رێڕەوە دەریاییە بەرتەسکەکانی نزیک لارک، هەردوو دوورگەکە لەسەر نەخشە بچووک دەبینرێن، بەڵام کێش و گرنگییان زۆر لە رووبەرە جوگرافییەکەیان گەورەترە، یەکێکیان شاریانی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، لە کاتێکدا ئەوی دیکەیان بووەتە بنکەیەکی سەربازیی هەستیار کە راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان.
دوورگەی خارک، دڵی نەوتی ئێران
لە کەنداو، لەو شوێنەی رێگاکانی وزە و بازرگانی لەگەڵ هاوکێشە سەربازییەکاندا بەیەک دەگەن، دوورگەی خارگ وەک دڵی نەوتیی ئێران دەردەکەوێت، دوورگەکە بەرانبەر کەناراوەکانی ئێران هەڵکەوتووە و یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی تێدایە، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، وێستگەی خارگ گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی خاوە لە ئێران و بۆ وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە نەوت و لەخۆگرتنی نەوتهەڵگەرە زەبەلاحەکان دروستکراوە.
گرنگیی خارگ لە پێگە دەریاییەکەی و بەستراوەیی بە تۆڕێکی فراوانی هێڵەکانی بۆڕی و دامەزراوە نەوتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرچاوە نوێیەکان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی %90ـی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەم دوورگەیەوە تێپەڕ دەبێت، ئەمەش وا دەکات هەر شڵەژانێک لە دامەزراوەکانیدا نەخوازراو کاریگەری لەسەر ئابوریی ئێران و بازاڕەکانی وزەی جیهانیش دروست بکات.
گرنگیی خارگ تەنها لە کەرتی ئابوریدا کورت نابێتەوە، ئەو دوورگەیەی کە بۆ چەندین سەدە وەک وێستگەیەکی دەریایی و بازرگانی سەیر دەکرا، لە سەدەی بیستەمدا بووە ناوەندێکی بنەڕەتیی نەوتی لە ئێران، بە بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی بەرهەمهێنانی نەوت، نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان لە بەندەرەکانیدا لەنگەریان دەگرت بۆ بارکردنی نەوت بەرەو بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش بەهایەکی ستراتیژیی ناوازەی بە دوورگەکە بەخشی.
لارک.. ئەو چاوەی دەڕوانێتە سەر گەروی هورمز
لە دیمەنێکی دیکەی دوور لە نەوت، دوورگەی لارک وەک توخمێکی گرنگ لە هاوکێشەی سەربازی و دەریاییدا دەردەکەوێت، دوورگەکە لە ئاوەکانی گەروی هورمزدا دەکەوێتە نزیک رێڕەوە کەشتیوانییەکان، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا.
شیکارییە ستراتیژییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لارک، جیا لە دوورگەکانی قشم و هورمز، کۆمەڵە دوورگەیەک پێکدەهێنن کە ئامادەییی و گرنگییەکی تایبەتیان لە دەروازەی گەروەکەدا هەیە، پێگە نزیکەکەی لە هێڵەکانی کەشتیوانی، مۆڵەتی چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییەکانی پێدەبەخشێت، هەروەها دامەزراوەی سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانیشی تێدایە.
گرنگیی لارک زیاتر دەبێت کاتێک دەخرێتە چوارچێوەی سروشتی خودی گەروی هورمزەوە، گەرووەکە کەنداو بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە، و بڕێکی زۆر لە نەوت و گازیشی پێدا تێپەڕدەبێت، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، تێکڕای رێژەی رۆشتنی نەوت و مادە خاوەکان لە رێگەی گەروەکەوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 20.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش بەرانبەر بە %20ـی جیهانیی مادە نەوتییەکانە.
بۆچی لارک تا ئەم رادەیە هەستیارە؟
وەڵامەکە لە جوگرافیادا شاراوەیە، ئەو کەشتییانەی لە گەروەکەوە تێپەڕدەبن لە ناو رێڕەوی دەریایی سنورداردا دەجووڵێنەوە، ئەمەش وا دەکات ئەو دوورگانەی لەم رێڕەوانەوە نزیکن ببنیە خاڵی گرنگ بۆ روانگە، چاودێری و کاریگەرییدانان لەسەر جووڵەی کەشتیوانی.
لە پێشهاتێکی زۆر بەرچاو کە لە 30ـی ئابی 2026دا رویدا، سەرچاوە ئەمریکییەکان رایانگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکی ئێرانی لە نزیک دوورگەی لارک، دوای ئەوەی واشنتۆن، ئآکرایکرد، هێزەکانی ئێران ئامادەکارییان دەکرد بۆ بەکارهێنانی موشەک و مینی دەریایی.
ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستی کردەوە، هێرشەکە دوو شوێنی هەڵدانی موشەکی لە دوورگەکەدا کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک ئاڵۆزبوونی نوێ لە دەوری ئاسایشی دەریادەوانی لە گەروی هورمزدا.
دەکرێت گرنگیی هەردوو دوورگەکە لە هاوکێشەیەکی روندا کورت بکرێتەوە، خارگ دەروازەی نەوتی ئێرانە بۆ جیهان، لە کاتێکدا لارک یەکێکە لە خاڵە جێگیر و سەربازییەکانی ئێران لە نزیک دەروازەی دەریایی کەنداو.
خارگ لە بنەڕەتدا بە ژێرخانی نەوتی و هەناردەکردنەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا لارک بە چاودێری، بەرگری و بوونی سەربازی لە نزیک هێڵەکانی کەشتیوانییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام پێگەی هەردوو دوورگەکە لە ناو سیستمی جوگرافیی کەنداو، دەیانکاتە بەشێک لە یەک هاوکێشە: وزە لە لایەک، و ئاسایشی رێگاکانی وزە لە لایەکی دیکەوە.
هەستیاریی ئەم هاوکێشەیە دوو بەرانبەر دەبێتەوە چونکە هەر شڵەژانێک لە گەرووی هورمزدا روبدات لە ناوچەکەدا سنوردار نابێت و کاریگەری زۆر دەبێت، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، گەرووەکە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بەرتەسکە دەریاییەکانی نەوت لە جیهاندا، و ئەو جێگرانەی لەبەردەستدان بۆ تێپەڕاندنی گەروەکە ناتوانن تەواوی ئەو بڕانە لەخۆبگرن کە پێیدا تێپەڕ دەبن.
لە دوو دوورگەوە بۆ کارتی فشاری نێودەوڵەتی
لەبەر ئەم هۆکارە، خارگ و لارک لە دوو دوورگەی ئاسایی ئێرانییەوە لە کەنداو بوونەتە دوو کارتی ستراتیژی لە ململانێیەکی گەورەتردا لەسەر ئاسایشی وزە و کەشتیوانی.
ئەوەی توانای پاراستنی دامەزراوەکانی خارگی هەبێت، بەشێکی گرنگی کلیلی بەردەوامیی هەناردەی نەوتی ئێرانی لەدەستدایە، و ئەوەشی کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی نزیک لە لارک و رێڕەوەکانی هورمز ببات، توانایەکی گەورەتری دەبێت بۆ چاودێریکردنی یەکێک لە گرنگترین شاریانەکانی بازرگانیی دەریایی لە جیهاندا.
لە سایەی گرژییەکانی ئێستادا، گرنگیی هەردوو دوورگەکە تەنها وەک پرسێکی ناوخۆیی ئێران نەماوەتەوە، بەڵکو راستەوخۆ بە نرخەکانی نەوت، جوڵەی نەوتهەڵگرەکان و ئاسایشی بازرگانیی جیهانییەوە بەستراوەتەوە، ئاڵۆزییەکانی دوایی دەوروبەری لارک و گەروی هورمز راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکان هەبووە، بەوپێیەی نرخەکانی نەوت بەهۆی نوێبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر جوڵەی کەشتیگەلەکان لە گەروەکەدا بەرزبوونەوە.
لە جەرگەی هەستیارترین رێڕەوی دەریایی جیهاندا، دوورگەیەکی بچووکی ئێران بووەتە ئامانجی راستەوخۆی هێرشە ئاسمانییەکانی پنتاگۆن، دوورگەی لارک کە بە باڵادەستییە جۆگرافییەکەی بەسەر گەروی هورمزدا وەک "چاوی ئێران" دەبینرێت.
دوورگەی "لارک"ی ئێران لە گەروی هورمز، کە کەوتووەتە نزیک بەندەری ستراتیژیی بەندەر عەباس، ناوەندێکی گرنگی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە، ئەوەش دوای ئەوەی بووە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.
دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکیان لە دورگەی لارک بۆردومان کرد، کە ئەوە یەکەم هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر ناوخۆی ئێران لە کۆتاییەکانی تەمموزی رابردووەوە. لە بەرانبەردا، ئێران بە ئاڕاستەکردنی هەشت موشەکی بالیستی بۆ سەر ئوردن وەڵامی دایەوە، کە تەواوی موشەکەکان بە لە ئاسماندا تێکشکێنران.
حەشاردگەیەکی سەربازی لە شوێنێکی بەرتەسکدا
لەسەر نەخشە، لارک تەنها دوورگەیەکی بچووکە لە رۆژهەڵاتی دوورگەی قشم و باشوری دوورگەی هورمز لە کەنداو، بەڵام دەکەوێتە هەستیارترین ناوچەی بەرتەسکی گەروی هورمز و زۆر نزیکە لە رێڕەوی کەشتی و نەوتهەڵگرە جیهانییەکان.

ئەم پێگە جۆگرافییە وادەکات لارک ببێتە چاوی چاودێریی ئێران بەسەر گەروەکەدا، چونکە تاران رادار و دامەزراوەی چاودێریی پێشکەوتووی تێدا جێگیرکردووە بۆ بەدواداچوونی جووڵەی کەشتیگەلەکان.
بنکەی سەربازی و تێرمیناڵی نەوت
جگە لە چاودێری، لارک بنکەیەکی سەربازیی گرنگی سوپای پاسدارانی تێدایە و هاوكات بنکەیەکی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتیشی تێدایە کە مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، سوپای پاسداران بەندەرەکانی ئەم دوورگەیە بەکاردێنێت بۆ سهپاندنی مەرجەکانی بەسەر کەشتییەکاندا، لەوانەش وەرگرتنی باج و رسوومات لە بەرانبەر تێپەڕبوونیاندا.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ئەم گرنگییە سەربازییەی لارک وایکردووە هەمیشە لە ریزی یەکەمی ئەو ئامانجە سەربازییانەدا بێت کە پنتاگۆن بۆ لێدان لە بنکەکانی ئێران و پاراستنی ئازادیی دەریادەوانی لە گەروی هورمز دیارییان دەکات.
رووبەری دوورگەکە نزیکەی 77 کیلومەتری چوارگۆشەیە، ژمارەیەکی کەم دانیشتووانی کە نزیکەی دوو هەزار کەسن و زۆربەیان بە ماسیگری و کەرتی خزمەتگوزاری سەربازییەوە سەرقاڵن.
پانایی گەروی هورمز لە نزیک دوورگەی لارک نزیکەی 39 کیلومەترە، بەڵام رێڕەوی کەشتیوانیی سەلامەت بۆ کەشتییە زەبەلاحەکان تەنها نزیکەی چوار کیلومەتر پانە، ئەمەش وادەکات لارک باڵادەستیی تەواوی بەسەر ئەم رێڕەوە باریکەدا هەبێت.
سەرچاوەکان: ماڵپەڕی ئەکسیۆس، میدیا جیهانییەکان
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات تێکشکاندنی درۆنێکی لە ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاند کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی درۆنێکیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئڕاستەی ئاوە هەرێمییەکانی ئیمارات کرابوو، هاوکات جەختیشی لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هێزە ئاسمانییەکانمان لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکانی دەوڵەتدا مامەڵەیان لەگەڵ درۆنێکدا کردووە کە لە ئێرانەوە دەهات"، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر جۆری درۆنەکە یان چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی ئاشکرا بکات.
جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک، و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئاسمانی وڵات بە شێوەی شەوڕۆژ لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیان و کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە رەسمییەکانەوە وەربگرن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاری هەڵە.
دوو مین لە گەروی هورمز بە کەشتییەکی نەوتهەڵگردا تەقییەوە و سوپای پاسدارانیش هۆشداری دەداتە کەشتییەکانی تر.
سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکرد، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەروی هورمزدا رووبەڕووی تەقینەوەی دوو مینی دەریایی بووەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و بە تەواوی پەکی کەوتووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، کەشتییەکە هەوڵیدابوو بە شێوەیەکی "نایاسایی" لە رێڕەوییە ئاوییەکە تێپەڕێت، تا ئێستا زانیاری لەسەر ناسنامەی کەشتییەکە و چارەنووسی دەستەی کارگێڕییەکەی و ستافی کەشتییەکە رانەگەیەندراوە.
هاوكات سوپای پاسداران هۆشدارییداوە کە هەر کەشتییەکی تر سەرپێچی رێنماییە ئەمنییەکانیان بکات رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە، و جەختیشی کردووەتەوە کە پابەندبوون بە رێکارەکانی ئەوان بۆ تێپەڕبوون لە گەروی هورمز ناچارییە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی ئەمریکای بۆ سەر دورگەی لارک بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەی وەسف کرد، هاوکات بەڵێنی دا بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێ بداتەوە.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: سوپای ئەمریکا بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان، هێرشی کردە سەر بەشێک لە دورگەی لارک، ئەمەش بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە پارێزەرانی بەغیرەتی نیشتمان و هاووڵاتییانمان، جگە لە گەیاندنی زەرەر و زیان بە موڵکومالی گشتی و تایبەتی.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزە چەکدارەکانمان لێدانێکی بەرگریکارانەی کەمەرشکێنیان ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن کرد کە ببوونە سەرچاوە و پاڵپشتیکاری دەستدرێژییە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو: بە شێوازێکی گونجاو و بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێی سەربازی دەدەینەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە: دیارە بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکانی کردەوە دەستدرێژکارانە نوێیەکانی ئەمریکا و بەردەوامیی ئابڵۆقەی دەریایی و جەنگی ئابووریی سەر ئێران، دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و سەرجەم ئەو لایەنانەی بە هەر شێوەیەک بێت هاوکاری و بەشدارییان لە ئامادەکاری و جێبەجێکردنی کردەوە نەیاسایی و دەستوەردانەکانی ئەمریکادا کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ گرژییەکان روویان لە هەڵکشان کرد دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند پلاتفۆرمەکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانیان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، کە ئەوەش یەکەم کردەی سەربازیی ئەمریکایە دژ بە ئێران لە دوای چەند هەفتەیەک.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە بەرانبەر دەستدرێژییەکاندا دەستەوستان ناوەستێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە نەسەقامگیری لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نییە و ئاڵۆزی بۆ هەمووان دروست دەکات.
پزیشکیان، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند: وڵاتەکەی هەوڵی جەنگ نادات، بەڵام بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەر وڵاتەکەی.
تەلەفزیۆنی ئێران لە پزیشکیانەوە پێش بەڕێکەوتنی لە تارانەوە بۆ قیرغیزستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە "لووتکەی شەنغای" بۆ هاوکاری، بڵاوی کردەوە کە پزیشکیان جەختی کردووەتەوە: هەوڵنەدان بۆ جەنگ پەیامێکی روونە کە تا ئێستا بە جیهانمان راگەیاندووە.
وتیشی: بەڵام ئێمە هەرگیز لە بەرانبەر هیچ دەستدرێژییەکدا دەستەوستان ناوەستین و بە توندی وەڵامی دەستدرێژکاران دەدەینەوە، هاوكات جەختیشی کردەوە کە "نەسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نییە، چونکە هەمووان رووبەڕووی ئاڵۆزی و ئاستەنگ دەکاتەوە.