دۆناڵد ترەمپ: بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر چاودێـری وردی کامێرکانماندان
بڵند
١٥ی ئایاری ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند، واشنتۆن بە وردی چاودێری بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە دەکات کە ساڵی رابردوو بۆردومانیان کرد و لەبن زەویدا ماوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد وڵاتەکی و چین ماوەی 50 ساڵە سیخۆری بەسەریەکەوە دەکەن.
لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی بە توندی سەرکوت دەکرێت و لە ژێر چاودێریدان.
دەۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛نۆ کامێرایان لە سێ بنکەی جیاوازدا جێگیر کردووە و 24 سەعات چاودێرییان دەکەن؛ ئەگەر ئێران هێز بۆ جوڵاندنی ئەو مادانە بنێرێت، تەنها بە چەند بۆمبێک کۆتاییان پێ دەهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا کە ئێستا لە چینە، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەرگرتنەوەی "تۆزی ئەتۆمی" ئێران کارێکی لەپێشینەیە و تەنها ئەمریکا و چین توانای ئەنجامدانی ئەو ئەرکە ئاڵۆزەیان هەیە.
هاوکات لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە، ترەمپ ئاشکرای کرد کە دەیانەوێت لە رێگەی تێکساس و ئالاسکاوە وزە بۆ چین دابین بکەن، تاوەکو پەکین چیتر تەنها پشت بە گەروی هورمز نەبەستێت.
سەبارەت بە کێشەی سیخوڕی نێوان وڵاتەکەی و چین، ترەمپ بە راشکاوی وتی؛ ئەوان سیخوڕیی بەسەر ئەمریکاوە دەکەن و ئەمریکاش بەهەمانشێوە و ئەوە 50ساڵە بەردەوامە، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم ململانێیە بهێنن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپیکەوتنەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی شی جین پینگی سەرۆکی چینی کرد و وەک سەرکردەیەکی بەڕێز ناوی بردو رایگەیاند ئەگەر هۆلیود بەدوای ئەکتەرێکدا بگەڕێت کە رۆڵی سەرکردەی چینی بگێڕێت، کەسێکی وەک ئەویان بۆ نادۆزرێتەوە، چونکە "ئەو باڵا بەرزە، زۆر باڵابەرزە و بە تایبەتی بۆ ئەم وڵاتە، چونکە بەزۆری کەمێک خەڵکەکەی کورتترن."
ئاماژەی بەوەشکرد سەرۆکی چین ماوەیەکی زۆرە توانیویەتی سەرکردایەتی نزیکەی 1.5 ملیار کەس بکات و لە وڵاتەکەیدا رێزێکی زۆری لێدەگیرێت.



