هاوسەری خاشقچی دوای لێدوانەکانی ترەمپ: هیچ دادپەروەرییەک بەدینەهاتووە
راهۆز
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
حەنان خاشقچی، هاوسەری جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی کوژراوی سعودی، رایگەیاند "هیچ دادپەروەرییەک" بۆ مەرگی هاوسەرەکەی بەدینەهاتووە، هاوکات دەڵێت، بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ "نائومێد بووە".
قسەکانی هاوسەری خاشقچی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرگری لە شازادە محەمەد بن سەلمان کرد و جەمال خاشقچی بە "کەسایەتییەکی یەکجار مشتومڕاوی" وەسف کرد.
خاشقچی، کە رەخنەگرێکی سەرسەختی شانشینی سعودیە بوو، لە ساڵی 2018 لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئەستەنبوڵ لەلایەن بریکارە سعودیيەکانەوە کوژرا. دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە محەمەد بن سەلمان فەرمانی گرتن یان کوشتنی داوە. شازادەی جێنشین رەتیکردەوە فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی دابێت، بەڵام وەک فەرمانڕەوای دیفاکتۆی ریاز دانی بە بەرپرسیارێتیدا ناوە.
"نائومێد بووم"
حەنان خاشقچی لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز رایگەیاند، بە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا "نائومێد بووە" و داوای قەرەبوو لە شازادەی جێنشین دەکات.
ناوبراو رووی قسەکانی لە ترەمپ کرد و وتی، ئامادەیە چاوی بە سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت بۆ ئەوەی لەبارەی نووسەرەکەی واشنتن پۆستەوە بۆی بدوێت، کە بە وتەی ئەو "پیاوێکی مەزن و پیشەیی بوو، هەروەها پیاوێکی ئازاش بوو".
"ژیانیان لێ تێکدام"
هاوسەری خاشقچی وتیشی، هاوسەرەکەی کەسێکی مشتومڕاوی و بێزراو نەبووە، تەنانەت ئەگەر واشبووایە، "ئەوە پاساو نییە بۆ کردەوەی رفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتن و پارچەپارچەکردنی جەستەی."
ئەو ئامادەیی خۆی نیشاندا چاوی بە شازادەی جێنشین بکەوێت و "داوای لێبکات تەرمی جەمال بگەڕێنێتەوە، تا بتوانم بە شێوەیەکی شایستە و باش بەخاکی بسپێرم"، هەروەها داوای قەرەبووی داراییشی کرد.
وتیشی: "ئەوان هاوسەرەکەمیان کوشت، ژیانیان لێ تێکدام. دەبێت قەرەبووم بکەنەوە."
ترەمپ بەرگری لە بن سەلمان دەکات:
کاتێک لە نوسینگەی هێلکەیی پرسیاری کوشتنەکەی لێکرا، ترەمپ وتی: "جا حەزت لێی بێت یان نا، شتەکان روودەدەن. بەڵام ئەو (بن سەلمان) هیچی لەبارەیەوە نەزانیوە، و دەتوانین لێرەدا وازی لێبهێنین."
ترەمپ تەنانەت ستایشی رابەرە سعودیيەکەی کرد بۆ رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە شانشینەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیاریکراو بخاتەڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەسەڵاتدارانی سعودیە بەردەوامن لە سەرکوتکردنی توندی نەیاران لە رێگەی دەستگیرکردنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەنوسان چالاکوانە سیاسییەکان.



