تێد کروز سیناتۆری کۆمارییەکان ڕایگەیاند، پڕۆژەی یاسایەکی ئامادەکردووە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە، خامنەییشی تۆمەتبار کردووە بە بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خەڵکی ئێران و تێوەگلانی لە گەندەڵی.
ژمارەیەک یاساناسی ئەمریکیش، کە سەر بە ھەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتەکانن، نامەیەکیان ئاڕاستەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە و نیگەرانی خۆیان لە ڕابردووی ڕەئیسی پیشانداوە، کە تێوەگلاوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی، داواشیان کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە تۆمەتەکانی سەر ئیبراھیم ڕەئیسی بکرێت.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو ئیبراھیم ڕەئیسی بە بەدەستھێنانی زیاتر لە ١٧ ملیۆن دەنگ بە سەرۆک کۆماری ئێران ھەڵبژێردرا و سەرەتای مانگی داھاتوو وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەستبەکار دەبێت.
لە ھێرشێکی دیکەشدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا و چەکدارە ھاوپەیمانەکانی گوندەکانی زەنوبیا و ئەریدەیان بۆردومان کردووە کە سەر بە گرێسپین.
لە چەند شارێکی سەر بە پارێزگای خوزستان، لە باشوری خۆرئاوای ئێران، سەدان کەس دژی نەبوونی ئاوی پێویست ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ئەو ناوچانە بە گەرمترین شارەکانی ئێران ناسراون و بەردەوام پلەکانی گەرما تێیاندا بەرزە.
ھەرچەندە میدیا ڕەسمییەکانی ئێران ئاماژەیان بە خۆپیشاندانەکە نەکردووە، بەڵام بە پێی ئەو دیمانانەی بڵاوکراونەتەوە، گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزی چالاکییە مەدەنییەکان دروستبووە و ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، پەنایان بۆ تەقەکردن بردووە، خۆپیشاندەرانیش ئاگریان لەسەر شۆستە و شەقامەکان کردووەتەوە و بەھۆیەوە چەند ئۆتۆمبێلێک سوتاون.
بەمەبەستی گەڕانەوەی گەرگەرلیئۆغڵو بۆ کاری پەرلەمانتاری، لە ئەنجومەنی گشتی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دادگا خوێندرایەوە و دوای ئەوەش چووە ناو باڵەخانەی پەرلەمان و وەک پەرلەمانتار دەست بەکاردەبێتەوە.
گەرگەرلیئۆغڵو لە تویتەر نووسیویەتی، کەس ناتوانێت مافێک زەوت بکات کە گەل بەخشیویەتی و ئەوەی سەردەکەوێت ئیرادەی گەلە.
گەرگەرلیئۆغڵو ٢١ی شوباتی ٢٠١٨ بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکرا و دادگای باڵاش بڕیاری ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیکردنی پەسندکرد.
١٧ی ئازاری ئەمساڵیش دوای خوێندنەوەی بڕیاری دادگا لە ناو پەرلەمانی تورکیا، پارێزبەندی لەسەر ھەڵگیرا و مافی پەرلەمانتاری لێ سەندرایەوە، لەچەند رۆژی رابردووشدا لەلایەن دادگاوە تۆمەتەکانی ھەڵوەشێنرایەوە و ئازادکرا.
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەفغانستان لە ھەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، ھێزە چەکدارەکانی پاکستان ھۆشدارییان پێداون ئەگەر لەسەر سنور ھێرش بکەنە سەر چەکدارانی تاڵیبان، فڕۆکەکانیان لەلایەن سوپای پاکستانەوە دەخرێنە خوارەوە.
بەرپرسەکەی ئەفغانستان ھێزی ئاسمانی پاکستانی بەوە تۆمەتبار کردووە لە ھەندێک ناوچەدا ھاوکاری تاڵیبان دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش تۆمەتەکانی ئەفغانستانی رەتکردەوە و رایگەیاند، کابوڵ مافی خۆیەتی لەناو سنوری خۆیدا ھێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات، بەڵام ھەموو رێکارێکیش بۆ پاراستنی سنور و ھاوڵاتیانیان دەگرنەبەر.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، رەوشی ئەفغانستان بەرەو خراپتر دەڕوات، جگە لە تیرۆر، تەشەنەکردنی بازرگانی ماددەی ھۆشبەریش ھەڕەشەی جدییە لەسەر سەقامگیری رەوشی ئەمنی و سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکان لە ئەفغانستان زۆر خێران، بەشێوەیەک مەترسییەکان دەگەنە ئاستێک پێشتر وێنەی نەبووە.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ھەوڵەکانیان بخەنەگڕ بۆ ھێنانەدی ئاشتییەکی گشتگیر لە ئەفغانستان.
لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی وڵاتانی ناوەند و باشوری ئاسیا لە تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری درەوەی تورکیا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان ھاوتا سعودییەکەی کۆبووەوە و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچە و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد، وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە تویتێکدا کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی و بەسوود وەسفکرد.
لەدوای کوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی لەناو کوسنوڵگەری وڵاتەکەی لە ئیستەنبوڵ لەساڵی ٢٠١٨، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعودیە ئاڵۆزی تێکەوت، بەڵام نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی سعودیەی کرد و پێشبێنیش دەکرێت ئەو کۆبوونەوانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بێت.
نوسینگەی ھەرێمی رێکخراوەکە رایگەیاندووە، ژمارەی توشبووان بە کۆرۆنا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە لیبیا و ئێران و عێراق و تونس ھەڵکشاون، پێشبینیش دەکرێت حاڵەتەکان لە مەغریب و لوبنانیش روو لە بەرزبوونەوە بکەن، ھۆشداریشیدا لەوەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان لێکەوتەی خراپی دەبێت، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا.
تەندروستی جیھانی ھۆکاری بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانیشی بۆ کەمی رێژەی وەرگرانی ڤاکسین لەو وڵاتانەدا و پابەندنەبوونی ھاوڵاتیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی گەڕاندەوە.
بە پێی ئامارەکانی تەندروستی جیھانیش، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست، پاکستان و ئەفغانستان و سۆماڵ و جیبۆتییش لەسەر ئەو ناوچانە ئەژمار کراون، ١١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە.
باشاک دەمیرتاش لە پەیامێکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئەگەرچی ١٣ مانگ پێش ئێستا، عەبدولحەمید گول، وەزیری دادی تورکیا مژدەی بە کەسوکاری بەندکراوەکان دا بەوەی لەڕێی ئینتەرنێتەوە رێگە بە بەندکراوان دەدەن، پەیوەندی لەگەڵ کەسوکارەکانیان ئەنجامبدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزیری داد بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر گیراوانی ناو زیندانەکان، ھەفتانە دیداریان لەگەڵ کەسوکارەکانیان ئەنجامدەدا، بەڵام ئەو مافەشیان لێسەندرایەوە و لە ئێستادا تەنانەت پەیوەندی تەلەفۆنیشیان لێ قەدەغە کراوە و رێگەنادرێت لە جەژندا چاویان بە کەسوکارییان بکەوێت
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە شاری کەھنوج لە باشوری پارێزگای کرمان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و گروپێکی قاچاخچی ماددە ھۆشبەرەکان روویداوە و لە ئاکامدا سێ پۆلیس کوژراون و دووانی تریش برینداربوون و باری تەندروستیان جێگیرە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ھەر لەو شەڕەدا ئەندامێکی ئەو گروپە قاچاخچییە کوژراوە و دەستیش گیراوە بەسەر بڕێکی زۆر لە ماددە ھۆشبەرەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی، بەڵام تاران داوای کاتی زیاتری کردووە تا ئەو کاتەی دەسەڵات رادەستی ئیبراھیم رەئیسی دەکرێت.
رونیشیکردووەتەوە، ھەر کاتێک رادەستکردنی دەسەڵات لەو وڵاتە کۆتایی ھات، ئەوا دەچنەوە ڤییەنا بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان.
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی رایگەیاندووە، ئێران ئامادە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان سەبارەت بە کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و ئەو ھەڵوێستەشیان بەو لێپرسراوانەی ئەوروپا راگەیاندووە، کە نێوەندگیرن لە دانوستانەکە.
لە مانگی نیسانی رابردووەوە، ڤییەنا میوانداری شەش خولی دانوستانی ئەتۆمی کردووە بە چاودێری یەکێتی ئەوروپا و بەشداری ناڕاستەوخۆی ئەمریکا.
لە بەرامبەر توندکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ بەرگرتنی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە، بە ھەزاران خۆپیشاندەر رژانە سەر شەقامەکان.
ماوەی دوو رۆژە، زیاتر لە ١٩ھەزار خۆپیشاندەر لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ناڕەزاییان لەسەر ڕێوشوێنە نوێیەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربڕیوە، کە لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکە ئیمانوێل ماکرۆنەوە ڕاگەیەندراوە، کە یەکێک لە ڕێوشوێنەکانیش ناچارکردنی کارمەندانی تەندروستیە تاوەکو ڤاکسین وەربگرن، ھاوکات ئەو کەسانەی کە نەکوتراون رێگەیان پێنادرێت بچنە رێستورانتەکان و کافێکان ئەوەش نیگەرانییەکی زۆر لێکەوتووەتەوە.
سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەت، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ میشال عەون سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی، کە تەنھا ٢٠ خولەکی خایاند، کشانەوەی خۆی لە پێکھێنانی حکومەت ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، لە بارەی پێکھێنانی حکومەتەوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار ڕێکنەکەوتووە، چونکە سەرۆک کۆمار پێداگری لەسەر خواستەکانی دەکات و داوای کۆمەڵێک گۆڕانکاری دەکات، کە ئەو لێیان تێناگات.
سەعد حەریری زیاتر لە نۆ مانگە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ لە لوبنان ڕاسپێدراوە و دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەشی لە پێکھێنانی حکومەت، بەھای لیرەی لوبنانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بۆ ٢١ ھەزار و ٥٠٠ لیرە دابەزی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاڤای کوردستان ڕایگەیاند، لە عەفرین لە ڕۆژئاڤای کوردستان گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە گەڕەکی عەفرینی نوێ دۆزراوەتەوە، کە ٣٥ ڕووفاتی تێدابووە و لەناو گوێنیدا بوون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، تا ئێستا بە ڕەسمی ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەگەری ھەیە ڕووفاتی ئەو کەسانە بێت لە کاتی داگیرکردنی عەفریندا بێسەروشوێن بوون.
تیمەکانی فریاکەوتن و ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویانکردەوە ڕایگەیاندووە، ھێرشی یەکەم کراوەتە سەر گوندی ئیبلین لە باشوری ئیدلب و بەھۆیەوە ژنێک و کچێکی و منداڵێک کوژراون و چوار کەسی تر بریندار بوون، ھێرشی دووەمیش کراوەتە سەر گوندێکی ناوچەی فوعە و بەھۆیەوە شەش کەس کوژراون.
لەگەڵ ئەوەی لە ئاداری ٢٠٢٠ەوە لە پارێزگای ئیدلب ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەڵام ناوبەناو پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریادا سەرھەڵدەدات و ٤ ملیۆن دانیشتووی ناوچەکەش لە ڕەوشێکی سەختدا ژیان دەگوزەرێنن.
نادر نادری ئەندامی وەفدی دانوستانکاری حکومەتی ئەفغانستان لەگەڵ تاڵیبان ڕایگەیاند، بەرپرسانی بزوتنەوەکە وتوویانە ئەگەر حکومەت حەوت ھەزار دەستگیرکراویان ئازاد بکات بۆ ماوەی سێ مانگ تەواوی ھێرشەکانیان ڕادەگرن و ئەوەش بە لای حکومەتی ئەفغانستانەوە مەرج و داواکاریەکی گەورەیە.
ئەندامێکی وەفدی تاڵیبانیش ئاماژەی بەوە کردووە بەرامبەر ئازادکردنی حەوت ھەزار دەستگیرکراویان تەنھا بەشێکی ھێرشەکانیان ڕادەگرن نەک ھەمووی.
حکومەتی ئەفغانستانیش بێئومێدە لە داواکارییەکەی بزوتنەوەی تاڵیبان، چونکە پێشتر پێنج ھەزار گیراوی بزوتنەوەکەیان ئازاد کرد و ھیچ ئاشتییەکیش لە نێوان ھەردوولادا نەھاتە ئاراوە.