لیندا تۆماس گرینفیڵد نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کە تایبەت بە ھەڕەشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین بەڕێوەدەچێت، ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی تری ئەندام لە ئەنجومەنەکە یەک دەنگن و پێوەکەوە داوا لە روسیا دەکەن ھەڵوێستەکانی رون بکاتەوە، فشاری توندیش دەخرێتە سەر مۆسکۆ بۆئەوەی کۆتایی بە ھەڕەشەکانی بھێنێت لەسەر ئۆکراین.
ئەوە لەکاتێکدایە نیکۆلای باترۆشیف سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا ھۆشدارییەکانی وڵاتانی خۆرئاوای لەبارەی ھەوڵی داگیرکردنی ئۆکراین لەلایەن روسیاوە رەتکردۆتەوە و دوپاتیکردۆتەوە مۆسکۆ بە نیازی ھەنگاوێکی لەو شێوەیە نییە و نایەوێت ھیچ جەنگێک ھەڵبگیرسێنێت.
"رۆبەرت مینیندیز" ئەندامی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش رایگەیاندوە، بەھۆی ئەو ھەڕەشانەی لەسەر ئۆکراین دروستیکردوە، سەپاندنی سزای پێشوەختە بەسەر روسیا بە دور نازانن.
سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی سەردانەکەی ئیسحاق ھرتسوغ سەرۆکی ئیسرائیل بۆ ئیمارات ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی ھاوکاریی ئیسرائیل دەکەن بۆ دروستکردنی قەیران و بەردەوامبوونی توندوتیژی و تیرۆر، پێویستە لەوە بگەن خۆیان یەکەم قوربانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان دەبن.
داواشی لەو وڵاتانە کرد، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، پاشگەز ببنەوە لەو ھەنگاوەیان، چونکە قەیران و توندوتیژی زیاتری بە دواوە دەبێت.
ئەو ھەڵویستەی ئێران لە کاتێکدایە، دوێنێ سەرۆکی ئیسرائیل سەردانی ئیماراتی کرد و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکانی ئیبراھیمی، بڕیارێک بوو بۆ دروستکردنی داھاتوویەکی نوێ بۆ ئیمارات و ئیسرائیل و ناوچەکە بە گشتی.
ھاوکات سەرۆکی ئیسرائیل ئیدانەی ئەو ھێرشانەشی کرد کە لە لایەن گروپە توندڕەوەکانەوە دەکرێتە سەر سەروەیی ئیمارات.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، دوای ١٠ رۆژ شەڕ و پێکدادانی سەخت لە ناو گرتووخانەی سەناعە و دەوروبەری لە گەڕەکی غوێرانی حەسەکە، ھێزەکانی سوریای دیموکرات، باڵەخانەیەکی تری گرتووخانەکەیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و نزیکەی ٢٠ تیرۆریستی تری داعش خۆیان رادەستکردووە، بەڵام ٥ تیرۆریستی، لە میانی ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی ناوچەکە و بەھۆی رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ شەڕڤانی ھەسەدە، کوژراون.
لە لایەکی ترەوە، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ھێشتا ژمارەیەک داعش لە ناو گرتووخانەکە ماون و خۆیان رادەست نەکردووە، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"یش لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکیەوە ئاشکرایکردووە، ٢٠٠ دەستگیرکراوی داعش لە گرتووخانەی غوێران ھەڵاتوون.
ماکرۆن" پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ "ئیبراھیم رەئیسی" سەرۆکی ئێران ئەنجامدا و لە پەیوەندییەکەدا پرسە ھەرێمییەکان و پێشھاتەکانی تایبەت بە دانوستانەکانی "ڤییەنا" لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی تاوتوێ کران.
"ماکرۆن" وتی ، ئێران مافی خۆیەتی متمانە بە ئەمریکا نەکات چونکە قەیرانی زۆری بۆ دروست کردون، سەرۆکی ئێران جەختی کردەوە لەوەی سیاسەتی گوشار کە لەلایەن ئەمریکاوە پەیڕەو کراوە شکستی ھێناوە و "تاران" لە دانوستانەکاندا جدییەت و ئیرادەی گەیشتن بە رێککەوتنی دەرخستووە."رەئیسی" باسی لەوەش کرد، سەقامگیری ناوچەکە لەڕێی دەستوەردانی دەرەکییەوە بەدینایەت و داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد گرنگی بەو قەیرانە مرۆییە بدەن کە روبەڕووی گەلی یەمەن بۆتەوە.
میدحەت سانجار ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لەوتارێکدا بۆ سەرکردایەتی پارتەکەی لەبارەی بانگەشەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و قەسەکانی تایبەت بە کێشەی نێوان "سەڵاحەدین دەمیرتاش" ھاوسەرۆکی پێشووتری "ھەدەپە"و "عەبدوڵا ئۆجالان" رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" رایگەیاند، پێویست ناکات کەس بەناوی "ئۆجالان"ەوە قسە بکات و وتەکانی ئەردۆغانیش دورن لە راستییەوە.
جەختیشیکردەوە، ھیچ کێشەیەک لەنێوان دەمیرتاش و ئۆجالاندا نییە وەک سەرۆکی تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، داواشیکرد دەرگای ئیمراڵی بەڕووی "عەبدولا ئۆجالان"دا بکرێتەوە بۆئەوەی بتوانێت بۆچونی خۆی لەسەر پرسەکان بۆ رایگشتی بخاتەڕوو.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە مانگی داھاتوو لێپرسراوانی ئێران و کۆریای باشور لە سیئۆل کۆببنەوە و لە بارەی چۆنیەتی ئازادکردنی پارە بلۆک کراوەکانی تاران دوای ھەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا، گفتوگۆ بکەن.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨ و گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، زیاتر لە ٧ ملیاری دۆلاری ئەو وڵاتە لە دوو بانکی کۆریای باشور بلۆک کرا.
ئەرسەلان شوکری بەڕێوەبەری گواستنەوە و ڕێگەوبانی ورمێ ڕایگەیاند، بەھۆی بەفربارین و کڕێوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو، ڕێگەی ٩٠ گوندی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار و بۆکان داخراون. وتیشی، ھەوڵ دەدەن لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕێگەی سەرجەم ئەو گوندانە پاک بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ڕێگەکانی نێوان تکاب–ئێرانخا و مھاباد–بۆکان کە بەھۆی بارینی بەفرێکی زۆرە داخراون، ڕێگەی نێوان سەرجەم شارەکانی سەر بە پارێزگای ورمێ کراونەتەوە و ھاتوچۆ تیایاندا ئاساییە.
ھەر بەھۆی بەفربارین و سەرما، ئەمڕۆ لە خوێندنگەکانی سەردەشت و چاڵداران لە پارێزگای ورمێ و خوێندنگەکانی مەریوان و سەقز و سەروئاوا لە پارێزگای سنە پشوو ڕاگەیەندراوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، عەبدولحەمید گیول وەزیری دادی تورکیا دوای ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار دەستی لە کارکێشاوەتەوە کە لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٧ کراوە بە وەزیر، لە ئێستاشدا بەکر بۆزداغ لە شوێنەکەی دەستبەکاربووە، ئەوەش سێھەمین جارە بۆزداغ ئەو پۆستە وەردەگرێت.
بە پێی زانیارییەکانی بەشێک لە سەرچاوەکانی تورکیاش دەست لە کار کێشانەوەی وەزیری داد لە ژێر فشار و بە فەرمانی ئەردۆغان بووە.
عەبدولحەمید گیول لە ساڵی ١٩٧٧ لە باکووری کوردستان لەدایکبووە و کۆلێژی یاسای لە زانکۆی ئەنقەرە تەواو کردووە، بۆ ماوەی سێ خول پەرلەمانتار بووە و لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٧ەوە پۆستی وەزیری دادی وەرگرتووە.
دادگای تورکیا لە ٢٢ھەمین دادگای سزا قورسەکانی ناوچەی چاغلایان لە ئیستەنبوڵ، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ڕێپێوانی ١٥ی شوباتی ٢٠١٥، سزای ساڵێک زیندانی سەپاند بەسەر "فیگەن یوکسەکداغ" ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە".
"فیگەن یوکسەکداغ" لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە، بە بیانوی پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستنی تیرۆر و دژایەتیکردنی یاسای خۆپیشاندان، لە ١١ی نیسانی ٢٠١٧ سکاڵای لە دژ تۆمارکرابوو و لەبەر ئەوەش دادگای تورکیا داوای سزای ساڵێک زیندانیکردنی بەسەر "یوکسەداغ"دا پەسندکرد، پارێزەرانی یوکسەکداغیش ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە سزای زیندانیکردنەکەی.
لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، سزاکان بانک و کۆمپانیا حکومییەکانی ڕووسیا و ھاوردە بنەڕەتییەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، تاوتوێکردنی ئەو سزایانە لە قۆناغی کۆتاییدایە، کە واشنتۆن بە نیازە بەسەر مۆسکۆیدا بسەپێنێت.
لێپرسراوانی ئیدارەی بایدن ئاشکرایانکردووە، سزا پێشنیازکراوەکانی سەر مۆسکۆ لە چەند دەیەی ڕابردوودا وێنەیان نەبووە، کە بانکە گەورەکانی ڕووسیا و قەرزە سیادییەکان و ھاوردەی کۆمپانیا ئەلکترۆنییە گرنگەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ھاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان، کۆمەڵێک سزای قورسیان تاوتوێکردووە و ئامادەیە بۆ سەپاندن بەسەر مۆسکۆدا، ئەگەر ئۆکراین داگیر بکات.
دوای بانگەوازی شورای ھەماھەنگی یەکێتی مامۆستایانی ئێران، مامۆستایانی بەشێکی زۆر لە شارەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان و ئێران نەچوونە ھۆڵەکانی خوێندن و خوێندنی ئۆنلاینیشیان راگرت، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر کەمی موچەکانیان و جێبەجێ نەبونی ئەو داواکارییانەی لە چەند مانگی رابردوودا داوایان کردووە.
محەمەد حەبیبی وتەبێژی یەکێتی مامۆستایانی ئێران رایگەیاند، لانیکەم لە ٢٠٠ شار و قەزا و ناحیەی ئێران مانگرتن بەڕێوەچووە و بڕیاریشە لە رۆژانی داھاتوودا بەردەوام بێت.
دوای چەندین جار لە گردبوونەوەی مامۆستایان لە ساڵی ٢٠٢١، کانونی یەکەمی رابردوو پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای پلەبەندی مامۆستایانی پەسەند کرد، بەڵام مامۆستایان پێیانوایە پڕۆژەیاساکە کەموکوڕی تێدایە، چونکە بەپێی یەکێک لە بەندەکانی، جێبەجێکردنی پرۆژەیاساکە بەندە بە دابینکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە.