ئەفسەرێکی سوپای تورکیا لە ھێرشێکی موشەکیدا لە عەفرین کوژرا
کوردسات نیوز
٤ی ئایاری ٢٠٢٢
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنداوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بە مووشەک ھێرشکراوەتە سەر یەکەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا لە باکووری سووریا و ئەفسەرێکیان کوژراوە، دوای ھێرشەکەش سوپای تورکیا بنکەی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"یان کردووەتە ئامانج و ٢٤ شەڕڤانی یەپەگە کوژراون.
ساڵی ٢٠١٨ ھێرشی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سوریای نزیک لە تورکیا پەلامارێکیان لە ژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوون" بۆ سەر ھەرێمی عەفرین دەستیپێکرد و دوای نزیکەی دوو مانگ داگیریان کرد، بەھۆی ئەو داگیرکارییەی تورکیاش زیاتر لە ٣٠٠ ھاووڵاتی عەفرین کوژران و زیاتر لە ٢٩٠ ھەزار ھاووڵاتیش ئاوارە بوون و پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەستیپێکرد.