بیناڵی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا ئاشکرایکردووە، یەدەگی گازی سروشتی لە دەریای ڕەشدا ٥٤٠ ملیار مەتر سێ جایە و بەو پێیە دەتوانێت پێداویستی جیھان بۆ گازی سروشتی تا ٤٥ ساڵ دابین بکات، پێشتر دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاندبوو، گازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاستدا ٤٠٠ ملیار مەتر سێجایە.
لای خۆشیەوە فاتیح دونماز وەزیری وزە و سەرچاوەکانی سروشتیی تورکیا ڕایگەیاندووە، ئەو کێڵگەی گازە سروشتییەی لە دەریای ڕەشدا دۆزراوەتەوە دەتوانرێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا کاری تیادا بکرێت و لە سەرەتاشدا دەتوانرێت ڕۆژانە ١٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی دەست بخرێت.
بە پێی زانیارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا، بەلەمێک کە ١٠٨ کۆچبەری ھەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت و بەھۆیەوە دوو کۆچبەر گیانیان لە دەستداوە و ئەوانی دیکە ڕزگار کراون، ھەر بە پێی زانیارییەکان کۆچبەرەکان زۆرینەیان ئەفغانی بوون.
بەردەوامی دیاردەی کۆچ لە کاتێکدایە کە ڕەوشی ئابووری و ئەمنی لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام ناجێگیرە و خراپی گوزەرانیان ھەزاران کەسی ھانداوە ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا بکەن.
کاسیلن ھێکس، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار سەربازی ئەمریکی، لە ئەوروپا و دەوروبەری بڵاوەیانپێکراوە و لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ کار دەکەن، بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسیەکانی ڕووسیا.
وتیشی، ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا، لەو باوەڕەدان کە چالاکییە دوژمنکارییەکانی ڕووسیا ئەوروپا دەگرێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا سوپای بێلاروس ڕایگەیاند، ناتۆ ھێزی زیاتری لە نزیک سنوورەکانی جێگیرکردووە و ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی بە ئاڕاستەی ڕۆژھەڵات دەکات و ژمارەی سەربازەکانیان نزیکەی ٣٧ ھەزار و ٥٠٠ سەربازە، کە ٢٤ ھەزار و ٥٠٠ سەربازیان سەربازی پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵکانن.
شەوی رابردوو لە ئاکامی ھێرشێکی چەکداری لە ئیسرائیل ٨ کەس بوونە قوربانی. ئەمریکاش ئیدانەی ئەو کردەوەیە دەکات.
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە لە شاری ئیلاد لە ناوەڕاستی ئیسرائیل لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە تەقەکراوە و بەھۆیەوە ٣ کەس کوژراون و ٥ کەسی دیکە برینداربوون.
لای خۆشیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئیدانەی ھێرشەکەی کرد و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ تەلئەبیب دووپاتکردەوە و وتی، کردەوەیەکی قێزەونە لەکاتێکدا ڕۆژی پێنجشەممە ئیسرائیل یادی سەربەخۆیی وڵاتەکەی کردەوە.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی تورکیا سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بەھۆی قەتیس بوونی غاز لە ناو کەشتییەکدا لە بەندەری توزڵا لە ئیستەنبوڵ تەقینەوەیەک روویدا، بەو ھۆیەشەوە ٥ کرێکار برینداربوون.
ئۆفیسی پارێزگاری ئیستەنبوڵیش ڕایگەیاندوە، بە ھۆی غازەوە ، ٤ کرێکاری کەشتییەکە ژەھراوی بوون، تیمی پۆلیسی فریاکەوتنیش گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.
دوای ئەوەی کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو ، بەشار ئەسەد بریاری لێخۆشبونی گشتی بۆ ئەو زیندانیکراوانە دەرکرد کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دەستگیرکراون بەڵام نەبونەتە ھۆکاری گیان لەدەستدانی ھیچ مرۆڤێک، لە ئێستادا ئازادکردنی ئەو زیندایکراوانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە دەستیپێکردوە و تا ئێستا نزیکەی ٢٥٠ زیندانیکراو ئازاد کراون.
یەکەم کاروانی ئازادکراوانیش لە زیندانی سەیدنایا بووە، کە زیندانییەکی سەربازیی نزیک دیمەشقە و ھەزاران زیندانییکراوی تێدایە و بەشێکیان دژایەتی حکومەتی سوریا دەکەن و لە دوای ساڵی ٢٠١١ ەوە دەستگیرکراون . لە رۆژانی داھاتووشدا ئازادکردنی بەشێکی تر لە زیندانیکراوان بەردەوام دەبێت .
کۆمسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردوە، بەھۆی بۆردومان و ھێرشەکانی ڕووسیاوە ، تا ئێستا ٣ ھەزار و ٢٨٠ مەدەنی لە ئۆکراین کوژراون و ٣ ھەزار و ٤٥١ کەسیش بریندار بوون، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە پێدەچێت ژمارەی قوربانییەکان زۆر زیاتر بن لەوەی کە تۆمار کراوە .
ھەر بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان تا ئێستا نزیکەی ١٢ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئۆکرانی بەھۆی ھێرشەکانی ڕووسیاوە ناوچەکانی خۆیان جێھێشتووە کە لە کۆی ئەو ژمارەیە ٧ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزاریان ئاوارەی ناوخۆن و زیاتر لە ٥ ملیۆنیشیان وڵاتەکەیان جێھێشتووە.
"زاخارۆڤا" ڕایگەیاند، ماوەیەکە سوید و فینلەندا تاوتوێی بە ئەندامبوون دەکەن لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"، ئەگەر بێت و ئەو دوو وڵاتەش ببنە ئەندام لەو ھاوپەیمانییە، ئەوا دەبنە مەیدانی جەنگ لەگەڵ ڕووسیا و پەیوەندییەکانیان بە تەواوی بەرەو ئاڵۆزی دەچێت.
وتیشی، لەو بڕوایەدا نییە کە خەڵکی سوید و فینلەندا حەز بە تێکچوونی پەیوەندییەکان و ڕەوشی وڵاتەکانیان بکەن.
لێدوانەکەی "زاخارۆڤا" دوای ئەوە دێت کە "سانا مارین" سەرۆک وەزیرانی فینلەندا ڕایگەیاندبوو، ھیوادارن ناتۆ بە زووترین کات بە ئەندامبوونیان پەسەند بکات، جا بە تەنھا بن یاخود لەگەڵ سوید.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان تەنھا بۆ بە ئامانجکردنی ئەندامانی پەکەکەیە و ڕێز لە سەروەری و یەکڕیزی خاکی عێراق دەگرن، ھەموو ڕێوشوێنێکیشیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی زیان بە مەدەنیەکان و ناوچە مێژویی و کلتورییەکان نەگات.
وتیشی، لە سەرەتای زنجیرە ئۆپراسیۆنەکانیان لە خاکی ھەرێمی کوردستان، ھەزار و ٦٧ ئەندامی پەکەکە کوژراون و چەندین مۆڵگە و پێگەشیان کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشداوە، یەکەم ئۆپراسیۆنی (چڕنوک) لە ٢٧ی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دەستپێکرد، دوایین ئۆپراسیۆنیش لە ١٧ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە دەنگی ٦٢ ئەندام لە ھەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتەکان دەنگیدا لەسەر پڕۆژە بڕیارێک کە لە ڕێیەوە داوا لە ئیدارەکەی جۆو بایدن دەکات ڕەزامەند نەبێت لەسەر ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەگەر بێت و تاران پابەندی ئەو مەرجانە نەبێت کە ئەمریکا بۆی دیاری کردووە.
لە دیارترین مەرجەکانیش ڕێگیرکردنە لە ھەناردەکردنی نەوت بۆ چین و کپکردنی بەرنامەی موشەکی بالیستی و بەردەوامییدانە بە سزاکان لەسەر سوپای پاسدارانی ئێران.
لە بەرامبەر دەنگی ئەو ٦٢ ئەندامەدا، ٣٣ ئەندامیش لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دژی پڕۆژە بڕیارەکە دەنگیاندا.
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی پارێزگاری ئیستەنبوڵ، لە شەقامی ئیستیقلال و کۆڵانەکانی دەوروبەری تیمەکانی پۆلیس ١٢٠ کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە، لە ئێستاشدا بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان ڕەوانەی ناوەندی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی ئیستەنبوڵ کراون.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ملیۆنێک و ٣٠٥ ھەزار و ٣٠٧ کۆچبەر بە شێوەیەکی یاسایی لە شاری ئیستەنبوڵ دەمێننەوە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە لە مانگی ١ی ئەمساڵەوە تا مانگی پێنج ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ٢٥ ھەزار و ٦٤٤ کۆچبەری نایاسایی گیراوەتەبەر. لەو ژمارەیەش نزیکەی ٩ ھەزاریان دیپۆرتکراونەتەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزە چەکدارەکانیان بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان لە ئۆکراین و شەوی ڕابردوو تۆپھاوێژەکانیان ٦١ بنکەی چەک و کەرەستەی سەربازییان تۆپبارانکردووە و زیاتر لە ٦٠٠ چەکداری نەتەوەیی کوژراون.
ڕوونیشیکردووەتەوە، مووشەکەکانیان کەرەستەی ئاسمانیان لە فڕۆکەخانەی کاناتوڤۆ لە ناوچەی کیروفوراد لەناوبردووە.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەکردوە، ھەشت کەس لە شاری بەندەرعەباسی پایتەختی پارێزگای ھورمزگان، بەھۆی خواردنەوەی ماددەی کحولیی ساختەوە، کە لە ماڵەوە دروستکراوە، گیانیان لە دەستداوە و ٥٩ کەسی تریش ژەھراویی بوون .
ئاماژەیان بەوەشکرد، ٣٠ کەس شۆردنەوەی گەدەیان بۆ کراوە و ١٧ کەسی تریش بەھۆی ناجێگیریی باری تەندروستییان لە ژێر چاودێری چڕدا لە نەخۆشخانەکانی بەندەر عەباس خەوێندراون.
لە لایەکی ترەوە پۆلیسی بەندەر عەباس بڵاویکردەوە، لە ھەڵمەکانی گەڕان و پشکنین، ھەشت کەسیان بە تۆمەتی فرۆشتنی کحولی نایاسایی دەستگیرکردووە و لە ماڵی گومانلێکراوەکانیش دەست بەسەر ھەزار و ٢٧٨ لیتر کحولدا گیراوە.
ئۆلکسەندەر کامیشین سەرۆکی دەستەی ھێڵی ئاسنینی ئۆکراین رایگەیاندووە، موشەکەکانی روسیا شەش ھێڵی ئاسنینیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خۆرئاوای ئۆکراین کردۆتە ئامانج و بۆردومانەکان زیانی گەورەیان لێکەوتۆتەوە و گەشتەکانی ١٤ شەمەندۆفێر راگیراون.
لەلایەکی تریشەوە باڤڵۆ کیریلینکۆ حاکمی ناوچەی دۆنیتسک رایگەیاندوە، بەھۆی ھێرشەکانی روسیاوە لە چەند سەعاتی رابردوودا ٢١ مەدەنی کوژراون و ٢٧ی تریش برینداربوون.