لێدوانێکی لاڤرۆڤ ئاگری بەرداوەتە پەیوەندییەکانی روسیا و ئیسرائیل
کوردسات نیوز
٣ی ئایاری ٢٠٢٢
لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "جولەکە بوونی سەرۆکی ئۆکراین ئەو راستییە ناشارێتەوە کە کەسانی نازی لەناو حکومەتەکەیدا ھەن، ئەگەر بە بیرم بێت و ھەڵە نەبم، ھیتلەریش ھەڵگری خوێنی جولەکەکان بووە، بۆیە ئەوە ھیچ مانایەکی نییە، بۆیە پێموایە بەشێک لە ژدە جولەکەکان ھەر جولەکە بوون.".
یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە توندی ئیدانەی لێدوانەکەی "لاڤرۆڤ" دەکات سەبارەت بەوەی ئەدۆلف ھیتلەر سەرۆکی نازییەکان بنەچەی جولەکەی ھەبوبێت و رایانگەیاند، ئەو لێدوانە ھەڵەیەکی گەورەی مێژووییە و لێخۆشبوونی نییە.
ھەر لەسەر توڕەیی ئیسرائیل لەسەر ئەو لێدوانە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باڵیۆزی روسیای بانگردووە و داوای لێکردووە پۆزش بھێننەوە.
نەفتالی بێنیت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاندووە، ئامانج لەو جۆرە درۆیانە بۆ ئەوەیە کە تۆمەت ئاڕاستەی جولەکەکان بکرێت سەبارەت بە ناشرینترین تاوانەکان لە مێژوودا بەرامبەر بە خۆیان.
نیگەرانییەکان لەسەر لێدوانەکەی لاڤرۆڤ تەنھا ئیسرائیلی نەگرتۆتەوە، بەڵکو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەو لێدوانانە سەبارەت بە جولەکەبوونی ھیتلەر ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کرملین دابەزیوەتە ئاستێکی زۆر نزم، حکومەتی ئەڵمانیاش وتویەتی لێدوانەکەی لاڤرۆڤ گاڵەتەکردنە بە قوربانیانی نازی و دژ بە ھەموو کۆمەڵی نێودەوڵەتییە.
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیاش دەڵێت ئەو لێدوانانە عەیبەیە. ھاوکات ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراینیش ئیدانەی توندی لێدوانەکەی کردووە، بەڵام تا ئێستا روسیا خۆی روسیا لەسەر ئەو بابەتە بێدەنگی ھەڵبژاردووە.
دروست بوونی ئەو ناڕەزاییە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لەسەرەتای جەنگی روسیا و ئۆکراینەوە خۆی بەدوورخستووە لە لایەنگری و ھەوڵیداوە ھاوسەنگی بپارێزێت لە پەیوەندییە دیلۆماسییەکانی لەگەڵ کییڤ و مۆسکۆ.
بەشێک لە چاودێرانیش ترسیان ھەیە لەوەی ئەو ناکۆکییەی نێوان روسیا و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر خاکی سوریاش دەربکەوێت، چونکە مۆسکۆ سەدان سەرباز و بنکەی سەربازی لە خاکی ئەو وڵاتە ھەیە، ئیسرائیلیش بەر لە ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک لە سوریا ھەماھەنگی لەگەڵ روسیا کردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە.