پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی رادەربڕینی بەخشییە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە روبەڕووی توندوتیژی و سەرکوتکردن بوونەتەوە.
"رۆبرتا میتسولا" سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاند، گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی خاڵی وەرچەرخان بوو کە لێکەوتە و کاریگەری زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا و بووە ھۆکارێک بۆ دەرکەوتنی بزووتنەوەیەک بە سەرکردایەتی ژنان و چوونە مێژووەوە، دروشمی ژن ژیان ئازادیشیان وتەوە و بەرگرییان لە دادپەروەری و شکۆ و ئازادی لە ئێران کرد.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی فەڕەنساوە بڵاویکردووەتەوە، بەھۆی ھەڕەشەی بۆمبەوە ھەشت فڕۆکەخانەی وڵاتەکە لەکۆی ١٤ فڕۆکەخانە لە گەشتیار چۆڵکراون و داخران.
ئەوەشی خستوەتەڕو، بەھۆی بڕیاری داخستنی فڕۆکەخانەکانیش ١٣٠ گەشت ھەڵوەشێرنراونەتەوە یان بۆ کاتێکی دیکە دواخراوە.
رۆژی ١٨ی ئەم مانگەش بەھەمان ھۆکار شەش فڕۆکەخانەی فەرەنسا داخران، بەشێک لە فڕۆکەخانەکانیش بە راگەیەندراوی جیا ھەڵپەساردنی کارەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
ماتیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ھەرچەندە ئیسرائیل لە ھێرشەکانیدا بۆسەر حەماس پارێزگاری لە خۆی دەکات، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەشیان لەو وڵاتە ھەیە کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کاتی جەنگ بێت.
وتیشی، لە ٧ی ئەم مانگەوە ٣٢ ھاوڵاتی ئەمریکی لە ھێرشەکانی حەماسدا گیانیان لەدەستداوە و ١١ کەسیش بێسەروشوێنن، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەن تا چارەنوسی بێسەروشوێنەکان دیاری بکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، واشنتن لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڤیتۆی دژی پڕۆژەبڕیارێک بەکارھێنا بۆ راگرتنی ئاگربەست لە غەززە، چونکە پڕۆژەکە مافی بەرگریکردنی بۆ ئیسرائیل تێدا جێگیر نەکرابوو.
بنیامین ناتانیاھو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیاندراوێکدا لە تۆڕی " ئێکس" بڵاویکردەوە، بزوتنەوەی حەماس مووشەکی ئاراستەی نەخۆشخانەی مەعەمەدانییەی کردووە لە غەززە نەک سوپای ئیسرائیل.
راشیگەیاند، ئەوەی منداڵان بەو شێوە دڕندانەیە بکوژێت، بە دوور نییە منداڵانی خۆشیان بکوژن.
ھاوکات ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس موشەکێکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە بەڵام بە ھەڵە مووشەکەکە بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.
بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆببێتەوە گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و رەوشی مرۆیی غەززەی پڕۆژە بڕیارێکی بەرازیل سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە بکات، بەڵام بەھۆی بۆردومانەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانیە کۆبونەوەکە دواخرا بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا، دەنگدان لەسەر پرۆژە بڕیارێکی بەرازیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە تاوتوێ بکرێت.
رۆژی دووشەممەی رابردووش ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژە بڕیارێکی روسیای خستە دەنگدانەوە، کە تایبەت بوو بە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە، بەڵام لە کۆی ١٥ دەنگ تەنھا پێنج دەنگی پشتیووانیی بەدەستھێنا، چوار وڵاتیش رەتیانکردەوە و شەش وڵاتیش دەنگیان نەدا.
لە لایەکی تریشەوە، لەگەڵ کردنەوەی بازارەکانی بەھۆی بۆردومانەکەی کەرتی غەززە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان گۆرانکاری بەسەردا ھات و نرخی ھەر بەرمیلێک دوو دۆلار بەزربۆیەوە. لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی برینت بە نزیکەی ٨٩ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا ٣ ھەزار و ٤٧٨ کەس کوژراون و ١٢ ھەزار و ٦٥ کەسی تریش برینداربوون و ٧٠٪ی کوژراوان و بریندارانیش ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنھا لە ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی ٤٧١ کەس کوژران و ٣١٤ کەسیش برینداربوون.
ریاز مالکی وەزیری دەرەوەی فەڵەستینیش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، بەھۆی ھێرش و بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە لە ھەر ١٥ دەقەیەکدا منداڵێکی فەڵستینی دەکوژرێت.
دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەتیکردەوە سوپای وڵاتەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی بۆردومان کردبێت وتی، حەماس ئەو ھێرشەی ئەنجامداوە، بزوتنەوەی حەماسیش لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی دایەوە و رایگەیاندووە، لەگەڵ یەکەم ساتی ھێرشەکەدا چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەو لێدوانە بدەن و خۆیان لەو کارە دڕندانە و کۆمەڵکوژییە بێبەری بکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کێشەی گەورە ئەوەیە ئەمریکا بەردەوامە لەسەر پەردەپۆشکردنی درۆ و چەواشە کارییەکانی و جیھانیش گوێ لە ئەمریکا دەگرێت و چاویان لە ئاستی راستییەکان دادەخەن کۆمەڵکوژییەکی وەک ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی گرنگ نییە بەلایانەوە.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لەھەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردن و بەدیھێنانی ھەماھەنگییەکی تەواو لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە مەبەستی راگەیاندنی یەک ھەڵوێست لە دژی ئیسرائیل پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی.
وتیشی، ئێران و سعودیە ھاوڕان لەسەر ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی فرشتنی نەوت بە ئیسرائیل قەدەغە بکەن، لە ھەر وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامیش باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ھەبێت دابخرێت و باڵیۆز و فەرمانبەران و دیبلۆماتکارەکانیان دەربکرێن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەوە و گفتوگۆی لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و رەوشی مرۆیی غەززەی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەبڕیارێکی روسیا خرایە دەنگدانەوە، کە تایبەت بوو بە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە، بەڵام لە کۆی ١٥ دەنگ تەنھا پێنج دەنگی پشتیووانیی بەدەستھێنا، چوار وڵاتیش رەتیانکردەوە و شەش وڵاتیش دەنگیاننەدا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند،"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری خانەوادەی ژینا ئەمینی، بە تۆمەتی بانگەشەی دژ بە حکوومەت لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە، سزای ساڵێک بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سزای تەواوکەر بە سەردا سەپێنرا.
ھاوکات"عەلی ڕەزایی"پارێزەری ساڵح نیکبەخت لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی پارێزەری، دادگا قورسترین سزای بەسەر پارێزەرەکەیاندا سەپاندووە کە ساڵێک بەندکردنە.
"ساڵح نیکبەخت"یاساناس و پارێزەری یاسایی تەمەن ٧٢ ساڵ زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری پارێزەری دەکات، لە چەندین دۆسیەی سیاسی و ڕۆژنامەوانیدا، لەوانە دۆسیەی زیندانیان و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و تورک و عەرەب، ئەرکی پارێزەریی لە ئەستۆ گرتووە.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، دوو ھەزار و ٨٧٣ کەس کە زۆرینەیان ژن و منداڵن کوژراون و نزیکەی ١٢ ھەزار کەسی دیکەش برینداربوون، وتیشی تەرمێکی زۆر تا ئێستا بێسەروشوێنن و لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
ھەروەھا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ھێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کوژرانی زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی لێکەوتووەوە کە ٢٥٨ یان سەربازن و چوار ھەزار و ٢٢٩ کەسی دیکەش بریندارن، ٢٥٠ کەسیش بەدیلگیراون.
ھاوکات، رێکخراوی یونسیف لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، رەوشی مرۆی کەرتی غەززە زۆر خراپەو بەرەو خراپتریش دەروات بە تایبەتیش بۆ منداڵان، تا ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ منداڵ بەھۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیانلە دەستداوە دوو ھەزار ٥٠٠ تریش برینداربوون.
رێکخراوی یونسیف داوایکرد بە زووترین کات رێرەوی مرۆیی لەدەروازەی رەفەح بکرێتەوە ئەوەی بتوانن بە زووترین کات یارمەتی ئەو منداڵانە بدەن کە لەو شارە گیریایانخواردووە.
ئابیر عاتیفا، وتەبێژی بەرنامەی جیھانی خۆراکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆراک لە کۆگاکانی کەرتی غەززە بەرەو نەمان دەچن و بەشی چوار بۆ پێنج رۆژ خۆراک لە کۆگاکاندا ماوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بارودۆخی خۆراک لە کەرتی غەززە لە مەترسیدایە و تادێت بارودۆخی مرۆیش لەو ناوچەیە خراپتر دەبێت.
وتەبێژی بەرنامەی جیھانی خۆراک راشیگەیاندووە، لە زۆرینەی گەڕەکەکانی کەرتی غەززە فرۆشگاکان داخراون و ھاوڵاتییان بۆ ماوەی چەندین سەعات نۆرەدەگرن بۆ کڕینی خۆراک و پێداویستی.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە، بەھۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا، زیاتر لە سێ ھەزار کەس کوژراون و ١٢ ھەزارو ٥٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، دۆخی نەخۆشخانەکانی غەززە بەھۆی نەبوونی کارەبا و کەمبوونەوەی سوتەمەنییەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، بەجۆرێک سوتەمەنی تەنھا بەشی ٢٤ سەعاتی دیکە ماوە و لە ئەگەری تەواوبوونیدا، ھەزاران بریندار ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.
ھەروەھا سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، ھێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کوژرانی زیاتر لە ھەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی لێکەوتووەوە کە ٢٥٨ یان سەربازن و چوار ھەزار و ٢٢٩ کەسی دیکەش بریندارن، ٢٥٠ کەسیش بەدیلگیراون.
پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بە دەنگی ٣٥٧ پەرلەمانتار نووسراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای پەسەندکرد، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی سوپای تورکیا لە عێراق و سوریا بۆ دوو ساڵی داھاتوو.
سەرۆککۆماری تورکیا لە نووسراوەکەدا، کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کردبوو، تیایدا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا داوایکردبوو ئەرکی سوپای تورکیا لەو دوو ناوچەیە بۆ ماوەی دوو ساڵی داھاتوو درێژبکرێتەوە.
جێی باسە ھەریەک لە پارتەکانی ئاکپارتی، مەھەپە، ئاییندە، سەرلەنوێ رەفاح و ھوداپار دەنگیاندا بە نووسراوەکەی سەرۆک کۆمار، ھەریەکە لە جەھەپە و ھەدەپ دەنگیان بە نووسراوەکەدا نەدا.
ساڵی ٢٠١٣ تورکیا لە چوارچێوەی ھەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سوپای وڵاتەکەی رەوانەی عێراق و سوریا کرد و لەدوای کۆتایی ھاتنی ئەو رێکخراوەش بە رەسمی لە ساڵی ٢٠١٧، تورکیا بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی یەپەگە لە خاکی عێراق و سوریا ماوەتەوە.