جیهانجیهان

رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی" ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، قەیرانی متمانە لە نێوان بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرکردایەتی سوپاکەیدا ھەیە، ناتانیاھۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزیری بەرگری حکومەتەکەی ئاڵوزە، ئەوەش رێگری دەکات لە کارکردنی ھاوبەشی نێوانیان.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، قەیرانی متمانە تەنھا لە ناتانیاھۆ و سوپادا نییە، بەڵکو قەیرانی متمانە لەناو حکومەتیشدا ھەیە لە ئێستادا لانیکەم سێ وەزیری حکومەتی فریاکەوتنی ئیسرائیلی بیر لە دەستلەکارکێشانەوە دەکەنەوە بۆ ئەوەی ناتانیاھۆ ناچار بکەن بەرپرسیارێتی ئەو شکستە ئەمنییە لە ئەستۆ بگرێت.

بەپێی رۆژنامەکە، لە ٧٥٪ی ئیسرائیلییەکان ناتانیاھۆ بە بەرپرسیار دەزانن لە شکستی ئەمنی لە پاراستنی وڵاتەکەیان و شارۆچکەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ھەوڵیداوە ھێرشبکاتە سەر "بنکەی سەربازی تەنەف"ی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا، کە دەکەوێتە دووری ٥٥ کیلۆمەتر لەسەر سنووری سوریا و عێراق و ئوردن، بەڵام ھێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە دوورییەکی دوور لە بنکەکەوە تەقەی لێبکەن و بیخەنە خوارەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەرێگای دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەوە ھەوڵدراوە ھێرشبکرێتە سەر بنکەیەکی ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنووری ئوردن کە نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی "کەمپی ڕوکبان" دوورە و ھێزەکانی ئەمریکا توانویانە لە دووری سێ کیلۆمەتر لەو کەمپە بیخەنە خوارەوە.

لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشیانکردەسەر بنکەی سەربازی تەنەفی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەوھۆیەوە دوو سەرباز برینداربوون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئیمزای لەسەر پرۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی-ناتۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک کۆماری تورکیا دۆسیەکەی بۆ دەنگدان رەوانەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی لەسەر ئەو بابەتە ئاشکرا نەکرد.

سوید و فینلەندا لەدوای دەستپێکردنی ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین داوای بە ئەندامبوونیان لە ناتۆ کرد، ھەرچەندە ٢٩ ئەندامی ناتۆ بە داواکە رازیبوون، بەڵام تورکیا و ھەنگاریا بەبیانوونی پشتگیریکردنی پەکەکە، ئاستەنگیان بۆ پڕۆسەی بەئەندامبوونی سوید دروستکرد و زیاتر لە ساڵێکە بابەتەکەیان پەکخستووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا دوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سیستمی بەرگری "تاد" و سیستمی بەرگری مووشەکی "پاتریۆت" لە ناوچەکە بڵاودەکەنەوە. 

وتیشی ھەروەھا ژمارەیەکی زیاتر لە ھێزەکانیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ بڵاوکردنەوەیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی بەپەلەدایە، بۆ ئەوەی توانای وەڵامدانەوەی سەربازییان لەکاتی پێویستیدا ھەبێت. 

ئۆستن وتیشی، ئەو رێکارانە ھۆکار دەبن بۆ پاراستنی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و یارمەتیدەری ئیسرائیل دەبن لە بەرگریکردن، ئەگەر پێویستیش بکات ھێزی زیاتر جێگیر دەکەن. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆناسان کۆنریکۆس، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، حزبوڵا لوبنان لە شەڕەوە دەگلێنێت، لوبنان ھیچ شتێک ناباتەوە و ھەموو شتێکیش لەدەستدەدات.

ئەو ھۆشدارییەی سوپای ئیسرائیل بۆ حزبوڵا لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە یواڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سەردانی سنوورەکانی ئیسرائیل-لوبنانی کرد و رایگەیاند، حزبوڵا بڕیاری بەشداریکردنی شەڕیداوە، ئەوەش وادەکات رووبەڕووی تۆڵەیەکی قورس ببێتەوە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارتن گریفیتس، یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان دانوستانەکان بۆ ناردنی کاروانی دووەمی ھاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە بەڕێوە دەبات، وتیشی لە ئێستادا دانوستان لەسەر ئەم بابەتە دەکەن، ڕەنگە کاروانێکی دیکە بگەیەننە غەززە، کە ٢٠ بۆ ٣٠ بارھەڵگر لە خۆی دەگرێت.

راشیگەیاند، رێکخراوەکەیان ئامانجیەتی ڕۆژانە ١٠٠ بارھەڵگر یارمەتی مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەح لە میسر بگەیەنرێتە غەززە.

دوێنێ شەممە، ٢٠ بارھەڵگر کە ھاوکارییە مرۆییەکانیان ھەڵگرتبوو، لە دەروازەی ڕەفەحەوە پەڕینەوە بۆ ناو کەرتی غەززە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرەنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٤٠٠ بەرپرسی حکومەتی ئەمریکا، کە بەشێک موسڵمان و بەشێکیان جوون، نامەیەکیان بۆ حکومەتی وڵاتەکەیان ناردووە و رەخنەیان لە ئیدارەی جۆ بایدن گرتووە لە بەرامبەر پشتگوێخستنی ھاوکاریکردنی فەڵەستین و ھاوکاریکردنی بەرچاووی ئیسرائیل.

لەلایەکی ترەوە، ٣٠ دیپلۆماتکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە، ھەڕەشەی مانگرتن دەکەن و دەڵێن، ناردنی ھاریکاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی غەززە، پێچەوانەی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل نییە و داوا دەکەن، ئەمریکا ھاوکاریی بگەیەنێتە خەڵکە مەدەنییەکەی غەززە، لە بەرامبەر ئەو نامەیەدا ئەنتۆنی بلینکن رایگەیاند، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر "قەیرانەکە" سیاسەتێکی ھاوسەنگە، ھەروەھا بارودۆخەکەی بە قورس ناوبرد، کە کاریگەریی لەسەر سلکی دیپلۆماسیی ئەمریکا ھەبووە.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"ئیسماعیل خەتیب" وەزیری ھەواڵگری ئێران رایگەیاند، ھێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری ستراتیژی مەترسیدار لە ھاوکێشە ھەرێمی و جیھانییەکاندا، ھەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکەش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەبەر دڵی ئەمریکایە، ھۆشداریشیدا لەوەی ئەو ھەوڵانە ھیچ بەرھەمێکیان نابێت. 

وەزیری ھەواڵگری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.

لای خۆشیەوە، پەرلەمانتارێکی ئێرانی ھۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان بکات بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، گەرووی ھورمز دادەخەن.   

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆنگرەکەی قاھیرەدا کە لەسەر دەستپێشخەری عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر بەڕێوەچوو، سەرجەم ئامادەبووانی کۆنگرەکە یەکھەڵوێست و کۆک بوون لەسەر پێویستی کۆتایی ھێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان بە دانوستان و گفتوگۆ و کردنەوەی رێڕەوێکی ئارام بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی بە کەرتی غەززە.

باسی لەوەشکردووە، ئەوەی رێگربووە لە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوی ھاوبەشی کۆتایی کۆنگرەی قاھیرە بۆ ئاشتی، وشەی تیرۆر بووە کە بۆ حەماس بەکاربھێنرێت، چونکە وڵاتانی ئەوروپی بەشداربوو لەو کۆنگرەیە جەختیانکردووەتە لەسەر ئەوەی پێویستە بە حەماس بوترێت گرووپێکی تیرۆریستی، بەڵام بەشێک لە وڵاتانی تری بەشدار لە کۆنگرەکە رازی نەبوون بەو داواکارییە، بۆیە راگەیەندراوی ھاوبەشی کۆتایی کۆنگرەکە بڵاونەکرایەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئازادکردنی دوو بارمتە کە کچێکی تەمەن ١٨ ساڵە لەگەڵ دایکی و ئەمریکین و دانیشتووی ویلایەتی شیکاگۆن، خۆشحاڵی کردوون و بە بڕیارێکی باشی دەزانن و داواشی لە بزوتنەوەی حەماس کرد بەبێ مەرج سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکات، چونکە خەڵکی مەدەنی و گەشتیارن.

وتیشی، ١٠ھاووڵاتی تری ئەمریکی تائێستا لەلایەن حەماسەوە وەک بارمتە دەستبەسەرکراون، داواش دەکەین حەماس ھەموویان ئازاد بکات لەگەڵ نزیکەی ١٠٠ بارمتەی تر کە خەڵکی چەندین وڵاتی جیھانن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، لەکاتی سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، یواف گالانت وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە پێی وتووە ئەگەر ئەمریکا رازی بێت دەیانەوێت ھێرش و بۆردومانەکانیان بۆسەر بزوتنەوەی حەماس دەستپێکردووە و دەیانەوێت بە یەکجاری لەناوی ببەن، لە ھەمان کاتدا ھێرشەکانیان بۆسەر حزبوڵای لوبنانیش دەست پێبکەن و بنکە و بارەگاکانیان بۆردومان بکەن و لەناویان ببەن.

رۆژنامەکە راشیگەیاندوە، بایدن ئەو داوایەی وەزیری بەرگری ئیسرائیلی رەتکردوەتەوە و وتویەتی، نابێت ئیسرائیل لە یەککاتدا لە دوولاوە شەڕ بکات و جگە لەوەش حزبوڵا زۆر لە حەماس مەترسیدارترە و پێویستە لە ئێستا ئیسرائیل تەنھا وردتر چاوی لەسەر جموجوڵەکانی حزبوڵا بێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەھۆی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە تائێستا زیاتر لە چوار ھەزار و ٣٨٥ کەس کوژراون کە ھەزار و ٧٥٦یان منداڵن و ٩٦٧ کوژارویش ژنن و ١٣ ھەزار و ٥٦١ کەسی تریش برینداربوون و زیاتر لە ھەزار کەسیش بێسەروشێنن کە زۆربەیان منداڵن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو کەرتی تەندروستیش تائێستا ٥١ فەرمانبەری تەندروستی کوژراون و ٨٧ی تریش برینداربوون و حەوت نەخۆشخانە و ٢٥ بنکەی تەندروستیش بەھۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بوون و لە خەزمەتکردن وەستاون.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، لەکاتێکدا ئیسرائیل بە ئاشکرا لە کەرتی غەززە خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج بەتایبەتیش ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی کە بەھۆیەوە سەدان ھاووڵاتی مەدەنی کوژران و برینداربوون، بەڵام ھەندێک لەسەرکردە و سەرۆکی وڵاتان سەردانی ئیسرائیل دەکەن و پیشتیوانی لە ھێرش و بۆردومانەکانی دەکەن و لەلایەکی تریشەوە باسی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن.

وتیشی، سەردانەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش بۆ ئیسرائیل، پەسەندکردن و رازیبوونە بەو کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات، کە ئەمەش ھەڵوێستێکی زۆر خراپە و میژوو تۆماری دەکات.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئامادەکارییەکانیان بۆ قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنەکەی لەکەرتی غەززە دەستپێکردووە، کە ھێرشی زەمینی بۆسەر کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پلانی فراوانکردنی چالاکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەی پەسەندکراون و سوپای ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ھێرشی زەمینی.

لای خۆیەوە یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، حزبوڵا بڕیاریداوە ببێتە بەرەیەک لە گرژی و ئاڵۆزییەکان و بەشداریکردنی لە شەڕی کەرتی غەززە باجێکی قورسی دەبێت.
ھاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل ٦٧٠ کەسی لەکەناری رۆژئاوا دەستگیرکردووە کە ٤٥٠ کەسیان ئەندامی بزوتنەوەی حەماسن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نادین ماینزا، سەرۆکی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ئایینی سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە و بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکانیش وتی، ھێزەکانی سوریای دیموکرات بە قوربانییەکانیان نەک تەنھا داعشیان تێکشکاندووە بەڵکو ھەوڵیان داوە ناوچەیەکی پڕ لە ئاشتی و ئاسایش بۆ خەڵکی باکوری سوریا دابین بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی ھەسەدە رێگربووە لەوەی گروپەکانی نزیک لەئێران بچنە باکوری سوریا و بەوھۆیەشەوە ئێران پردی وشکانی بۆ گەیشتن بە لوبنان و ئیسرائیل لەدەستداوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە داواشی لە ئیدارەی بایدن کرد پلانی بۆ راگرتنی ھێرشەکانی تورکیا ھەبێت بەتایبەتی کە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا ٢٠٠ ھێرشی ئاسمانی لە  رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە و زیاتر لە دوو ملیۆن ھاوڵاتی مەدەنی بێ ئاو و کارەبا و پێداویستی دیکە کردووە، ئەوەش بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگە کە تورکیا ئەنجامیداوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی تورکیا لەگەڵ پێشکەشکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمان، بڕی ئەو پارەیەشی ئاشکراکردووە کە وەک ھاوکاری دەوڵەت بەسەر پارتە سیاسییەکاندا دابەشی دەکات، بەگوێرەی پڕۆژەکەش ساڵی داھاتوو شەش ملیار و ٦٨٢ ملیۆن لیرە بەسەر ئەو پێنج پارتەدا دابەش دەکرێت کە بەربەستی ٧٪ـی پەرلەمانیان بەدەستھێناوە.

پارەکە بەگوێرەی ئەو دەنگانە دابەشدەکرێت کە پارتە سیاسییەکان لە دوایین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا بەدەستیانھێناوە و بڕەکەشی بەم جۆرە دەبێت، ئاکپارتی دوو ملیار و ٦٥٨ ملیۆن لیرە وەردەگرێت کە زۆرترین بڕی ھاوکارییە، ھاوکات جەھەپە ملیارێک و ٨٩٢ ملیۆن لیرە وەردەگرێت، مەھەپە ٧٥٢ ملیۆن لیرە و ئی پارتیش ٧٢٢ ملیۆن لیرە وەردەگرێت، پارتی ھەدەپیش ٦٥٨ ملیۆن لیرە لە خەزێنەی دەوڵەت وەردەگرێت.

بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکانی تورکیا، ھەر حیزبێک لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا بتوانێت بەربەستی ٧٪ـی تێپەڕێنێت، مافی ئەوەی دەبێت ساڵانە ھاوکاری لە دەوڵەت وەربگرێت و کاروباری حیزبەکەی پێ بەڕێوەبەرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...327328329330331...642