ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، پێویستە ھەموو ھەوڵێک بدەن بۆ لابردنی ئەو بەربەستانەی کە ھەن و بوونەتە ھۆی ئەوەی بازرگانیکردن لە جیھاندا سنوردار بکرێت.
جەختی لەوەشکردەوە، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی رێکخراوەکەیان لەم کاتەی ئێستادا کارکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵەی ئۆکراینە.
گۆتێرێس ئاماژەی بەوەشدا، بۆ کاراکردنەوەی گرێبەستی دانەوێڵە، پێویستە سیستمێکی گەرەنتی ھاوبەش لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ھەبێت.
لە رۆژی ١٨ی تەمموزی ڕابردوو روسیا کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵە ڕاگەیاند و چەند مەرجێکی دانا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی دانەوێڵە.
ماڵپەڕی ھێلینک شیپینگ کە تایبەت بە ھەواڵی گواستنەوەی دەریایی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رازینەبوونی عێراق بە لێخۆشبوون لەو سزایەی دادگای پاریس بەسەر تورکیادا سەپاندویەتی بەرامبەر بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم، ھۆکاری دواکەوتنی سەردانەکەی ئەردۆغان بووە بۆ بەغداد لە مانگی ئابدا.
بەرپرسێکی تورکیاش بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، سەرۆککۆماری تورکیا پێداگرە لەسەر سەردانەکەی بۆ بەغداد و ئیمزاکردنی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، بەڵام لایەنی عێراقی لەو دۆسییەیەدا بەخاوی ھەنگاو دەنێت ئەوەش ھۆکاری دواخستنی سەردانەکەی ئەردۆغان بووە بۆ مانگی تشرینی یەکەم.
لەلایەکی تریشەوە بەرپرسێکی عێراق ئەوەی خستوەتەڕوو، لەئێستادا بەغداد و ئەنقەرە لەچەند دۆسیەیەکی ئاڵۆزی نەوتیدا گفتوگۆ دەکەن، دووبارە ھەناردەی نەوتیش ئاڵۆزترین پرسی گفتوگۆکانە، بەوھۆیەش بەدوور دەزانرێت لەم مانگەدا ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە
وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماھینۆ ئۆزدمیر غۆکتاش وەزیری خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی تورکیا لەگەڵ ئۆلیڤەر ڤارھێلی لێپرسراوی بەشی فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا پرۆژەیەکیان بۆ پشتیوانی لە تێکەڵکردنی ھاووڵاتییانی بیانی بە کۆمەڵگەی ھەردوو وڵات ئیمزاکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، رێککەوتنەکە رۆڵی دەبێت لە باشترکردنی ژیانی پەنابەران لە تورکیا و وڵاتانی ناو یەکێتی ئەوروپا.
لای خۆیەوە، وەزیری خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی تورکیا رایگەیاند، پرۆژەکە لە چوارچێوەی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا ئیمزاکراوە، لەگەڵئەوەشدا، دۆسییەی پەنابەران لە ئێستادا بووەتە دۆسییەکی ھەستیار لە تەواوی جیھان و پەیوەندی راستەوخۆی بە دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتانەوە ھەیە.
سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخی لەناکاوی تورکیا ئافاد رایگەیاند، شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین و لافاو لە رۆژی سێشەممەوە چەند ناوچەیەکی شاری ئیستەنبوڵی گرتووەتەوە، کە بەھۆیەوە ئاستی باراناو زۆر بەرزبووەتەوە.
راشیگەیاندووە، بەھۆی بارانبارینەکە و دروستبوونی لافاوەوە سێ کەس گیانیانلەدەستداوە کە یەکێکیان بیانییە، ھەروەھا پێنج کەسی دیکەش برینداربوون لە ناوچەی "ئارنائوتوکی".
ھاوکات سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخی لەناکاوی تورکیا ئافاد ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی لافاوەکەوە ٥٦٠ شوێنی نشتەجێبوون و ٦٦٠ شوێنی کارکردن لە سەرتاسەری ئیستەنیوڵ زیانیان بەرکەوتووە.
سویلا برافرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی ھاوکاریەکانیان بۆ ئۆکراین و پشتبەستن بە یاساکانی وڵاتەکەیان و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە نیازن ھاوشێوەی داعش و قاعیدە، گروپی چەکداری ڤاگنەری رووسی بخەنە لیستی تیرۆرەوە، چونکە چەندین تاوانیان دژی مرۆڤایەتی و ئاسایشی جیھانی ئەنجامداوە.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا راشیگەیاند، رژێمەکەی پوتن وەحشیگەری کردووە و چالاکییەکانی ڤاگنەریش بەردەوامن بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و بەدیھێنانی ئامانجی سیاسی کرملین کاردەکەن.
یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ساڵی ٢٠٠٠ لە بەریتانیا، دەسەڵات بە وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە دەدات ھەر رێکخراوێک بەشداربووبێت لە کاری تیرۆر، بیخاتە لیستی تیرۆرەوە.
بڕیاریشە، رۆژی چوارشەممە ئەو پڕۆژەیەی وەزیری ناوخۆ ئامادەیکردووە سەبارەت بە گروپی ڤاگنەر بچێتە پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشکەشکردنی داوای مافی پەنابەرێتی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، زیاتربووە و ٥١٩ ھەزار داواکاری تێپەڕاندەوە کە ئەوەش بەراورد بە ھەمان کاتی ساڵی رابردوو لە ٢٨٪ زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٤٤٪ ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرتیانکردووە بەرەگەز سوری و ئەفغانی و تورک و کۆلۆمبی بوون.
راشیگەیاند، ئەگەر داوای مافی پەنابەرێتی بەو شێوەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوا چاوەڕواندەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ملیۆنێک تێپەڕێنێت.
ھەروەھا ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا روونیشکردووەتەوە، زۆرینەی پێشکەشکردنی داوای مافی پەنابەریەتی لەئەمساڵدا لە وڵاتانی نەرویج و سویسرا بووە لە دوای ئەوانیش ئەڵمانیان و فەڕەنسا بوون.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دوای بڕیارێکی سعودیە و رووسیا ھات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت و کەمکردنەوەی خستنەروو لە بازاڕەکانی جیھاندا.
لەو چوارچێوەیەشدا مۆسکۆ رایگەیاند، کەمکردنەوەی ئاستی ھەناردەکردنی نەوت بە بڕی ٣٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا درێژدەکاتەوە تا کۆتایی ئەمساڵ، ئەوەش ھاوکات بوو لەگەڵ بڕیارێکی سعودیە، بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت بە بری یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بۆ ماوەی سێ مانگ.
فادیم کۆلیت، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی ئاشتەوایی روسیا لە سوریا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، چوار فڕۆکەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، دوو ئامانجیان لە پارێزگای حمسی سوریا بۆردومانکردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆردومانەکان لەرێگەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ەوە ئەنجام دراون و فڕۆکەکان لە بنکەی تەنەفەوە ھاتوونەتە حمس و بۆردومانەکانیان ئەنجامداوە.
ناوەندی ئاشتەوایی روسیا لە سوریا دەڵێت، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەو رەفتارانەی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنەی پێشێلکردووە کە ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ مۆسکۆدا ئیمزای کردووە و تایبەتە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باشوری سوریا.
سەرۆکی ئۆکراین لە پەیامێکدا رایگەیاندوە، رێزنیکۆڤ زیاتر لە ٥٥٠ ڕۆژی لە جەنگی وڵاتەکەیدا بەسەر بردووە و کاتە ئەوەیە کە گۆڕانکاریی لە سوپادا بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، ڕوستەم ئۆمیرۆڤ، وەک وەزیری بەرگری نوێی ئۆکراین دەستبەکاردەبێت و چاوەروانی ئەوەش دەکات کە پەرلەمانی ئۆکراین پشتیوانی لە کانیدەدە نوێیەکەی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری بکات.
ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ کە لە کارکەی دوور خراوەتەوە، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە وەک وەزیری بەرگری کاری کردووە، ھەروەھا ڕۆڵی ھەبووە لە دەستخستنی سەدان ملیار دۆلار لە ھاوکارییە سەربازییەکانی خۆرئاوا کە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراینییەکان پێشکەشیان کردوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ھاوینە ھەواری "سوچی" لەگەڵ "ڤلادیمیر پوتن" ھاوتا روسیەکەی کۆدەبێتەوە و چەندین تەوەر تاوتوێدەکەن، کە گرنگترینیان باسکردن دەبێت لە داھاتووی گەرانەوەی مۆسکۆ بۆ رێککەوتنی دانەوێڵەی ئۆکراین کە کاریگەری ھەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا بریارە باس لە چەند تەوەرێکی دیکەش بکرێت لەوانە، پڕۆژەی گواستنەوەی غازی روسیا بۆ ئەوروپا لە رێگای تورکیاوە، ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان مۆسکۆ کیێڤ و دۆسیەی سوریا.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەسەدە بە ناردنی ھێزی زیاتر بۆ دێرەزور لە ھەوڵەکانی بەردەوامە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچەیە و لەئێستادا تاڕادەیەک تواندراوە ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سوپای سوریا لە مەنبج کشاوەتەوە، بەڵام تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە ھێرشدەکەنەسەر تەلتەمر و مەنبج بە مەبەستی دروستکردنی گرژی و ئاڵۆزی لەو ناوچانە.
فەرماندەی گشتی ھێزە سوریای دیموکرات راشیگەیاند، پیلانێکی سوپای سوریایان بۆ کۆنترۆڵکردنی دێرەزور پووچەڵکردەوە، ھۆزە عەرەبەکانی ناوچەکەش ھاتنەوەی سوپای سوریا بۆ ناوچەکە رەتدەکەنەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا ٧٤ بەندکراو لە زیندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ئێران لە سێدارەدراون، بەپێی ئەو ئامارەش بەراوورد بە مانگی تەمموز ١٣ حاڵەتی لە سێدارەدان زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی مانگی ئابدا، لەو ژمارەیە ٥٣ بەندکراو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان لەسێدارە دراون، ١٥ حاڵەتیش بەھۆی کوشتنی بەئەنقەستەوە بووە.
رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، مانگی رابردوو، ١٦ بەندکراوی بەلوچ و ١٠ بەندکراوی کورد و ھەشت بەندکراوی تورک و سێ ئەفغانی لە ئێران سێدارە دراون.
ئیوانیس ئەرتۆبیوس وتەبێژی بەرگری شارستانی یۆنان رایگەیاند، لەکاتی گەڕان لە گوندەکانی جیانولی و دادیا لەناوچەی ئیفروس لە باکوری رۆژھەڵاتی وڵات، ٢٥ کۆچبەری عێراقی و سوری و لوبنانییان دۆزیوەتەوەو گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی تر.
وتیشی، ھەموو کۆچبەرەکان لە رەگەزی نێرن و ژمارەیەکیان دەستگیرکراون.
ماوەی دوو ھەفتەیە ئاگری دارستانەکانی ناوچەی ئیفروسی یۆنان بەردەوامەو تا ئێستا لانی کەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و جگەلە یەک حاڵەتیان سەرجەمیان کۆچبەر بوون و لە تورکیاوە بەڕێکەوتوون و لە دارستانەکاندا خۆیان شاردوەتەوە.
فیریت خوجە نێردەی ھەمیشەیی ئەلبانیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەم مانگە وڵاتەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات رایگەیاند، بڕیارە ٢٠ ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە رەوشی ئۆکراین بەڕێوەبچێت و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەگاتە نیویۆرک و ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە نێردەی وڵاتان کۆببێتەوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر کە لمی بارکردووە لەناوچەی ھوناز لەسەر رێگای سەرەکی ئەفیون لە سنوری پارێزگای دەنیزلی، بەھۆی تیژڕەوییەوە کۆنترۆڵی لە دەستداوە و خۆی کێشاوە بە پاسێکدا کە ژمارەیەکی زۆر سەرنشینی تێدابووە کە ھەموویان کەسوکاری یەکترن و لە ئاھەنگێکی ھاوسەرگیریی دەگەڕانەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا شەش سەرنشینی پاسەکە گیانیانلەدەستداوە و ٤٣ی تریش برینداربوون.
رۆژنامەی وەتەنی سوری بڵاویکردووەتەوە، لە ناوچەی دۆڵی رەبیعە سەر بە پارێزگای لازقیە لە سوریا، ھێزێکی سوپای سوریا کەوتووەتە ناو بۆسەی گرووپێکی تیرۆریستیی سەربە بەرەی نوسرە، شەڕ و پێکدادانێکی قورس روویداوە و بەھۆیەوە ١٦ سەربازی سوپای سوریا کوژران و پێنجی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرچەندە ھێزێکی تری سوپای بۆ ھاوکاریکردنی ئەو ھێزەی کەوتوونەتە بۆسەکەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام پێش گەیشتنیان چەکدارەکان بەرەو ناوچەیەکی نادیار ھەڵاتوون.